٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

بەرپرسی لقی 16: لەسەر بەشداریی لایەنەكان لە حكوومەتی خۆجێییدا، هەڵوێستمان نەگۆڕاوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- بەرپرسی لقی شازدەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر دەڵێت، پارتی شاندێكی دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی گوتووێژەكان سەبارەت بە بەشداریی لایەنەكان لە حكوومەتی خۆجێییدا دەست پێ بكەن. دەشڵێت، "لەسەر بەشداریی لایەنەكان لە حكوومەتی خۆجێییدا، هەڵوێستمان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە".

بەرپرسی لقی شازدەی دەوروبەری هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان (د. ئاراس حەسۆ میرخان)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "پێشتریش گوتوومانە و ئێستایش هەڵوێستمان سەبارەت بە كوومەتی خۆجێیی هیچ گۆڕانكاریییەكی بەسەردا نەهاتووە،  ئێمە گوتوومانە كە حكوومەتمان لە هەولێر و دهۆك پێك هێنا، لەسەر بنەمای ئەوە بوو كە بۆشایی یاسایی درووست نەبێت وەك ئەو كێشەیەی كە ئێستا لە سلێمانی هەیە، بۆیە حكوومەتی خۆجێییمان پێك هێنا و دەرفەتیشمان بۆ لایەنەكانی تر هێشتووەتەوە، سەرەتایش گوتوومانە ئەو مەجالە بۆ ئەوەیە گوتووێژ لەگەڵ لایەنەكانی تر بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لە سلێمانی پارتی بەشداری پێ بكەن، ئێمەیش بەشدارییان پێ بكەین".

سەبارەت بە شێوازی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنەكانی تردا، (د. ئاراس) گوتی: "شاندێك لەلایەن پارتیمانەوە دەستنیشان كراوە بۆ ئەوەی گوتووێژەكان دەست پێ بكەن و ئەو شتانەیش بە ڕاشكاوی بە لایەنەكانی تر دەگوترێت كە یەكەم شت چاوەڕوانی سلێمانین ئایا لەوێ بە زۆرینە دەبێت یان كەمینە یاخود بە ئیتیفاق دەبێت و هەموو لایەنەكان بەشدار دەبن، ئەو کات دەتوانین بڵێین لە هەولێر و دهۆكیش لایەنەكانی تر بەشدار بن، شاندەكەیش لە هەریەكە لە (نەوزاد هادی) و (دڵشاد شەهاب) و (ئەحمەد كانی) پێك هاتوون."

د. ئاراس حەسۆ میرخان هەروەها ئاماژەی دا: "ئێمە رۆژی یەكەمیش دەرفەتی گوتووێژ و بەشداریكردنمان هێشتبووەوە، بەشداریی لایەنەكانیش لەسەر بنەمای بەشداریپێكردنی پارتی دەبێت لە سلێمانی و رەنگە لە كەركووكیش."

سەبارەت بە داواكاریی لایەنەكان بۆ بەشداری لە حكوومەتی خۆجێیی هەولێر و دهۆكدا، بەرپرسی لقی شازدەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوان چونكە لایەنی دووەمن، رەنگە داوا بكەن بەبێ رەچاوكردنی كورسی و زۆرینە و كەمینە داوای پۆستی دووەم بكەن یان لایەنی سێیەم پۆستی سێیەمی پێ بدرێت، بە راستی ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین و ئەو شتەیش ناكەین، بەڵام دەكرێت بەشدارییان پێ بكەین بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە گوتووژەكاندا دەكرێت."

(میرخان) ڕوونیشی كردەوە: "چاوەڕوانی لایەنەكانی تر دەكەین لەو شوێنانەی دەسەڵاتدارن كە ئایا ئەو داوایانەی لە پارتی دەیكەن، خۆیان جێبەجێی دەكەن، پاشان دەكرێت ئیش لەسەر ئەوە بكەین، چونكە ئێمە زۆرینەین و زۆرینەیشمان بەدەست هێناوە، ئایا ئەوانیش لەسەر بنەمای زۆرینە پارێزگا هەڵدەبژێرن یان بە رێككەوتن، ئەوكاتە دەكرێت ئێمەیش بەشدارییان پێ بكەین."

 

هەواڵی پەیوەندیدار