مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندنی كابینەی هەشت پیرۆز دەکات

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەبۆنەی راگەیاندنی كابینەی نویێ حكومەت و متمانە بەخشین لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە بەڕێزتان وەك سەرۆك و بەڕێز قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەكان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و گەلی كوردستان دەكەین، هیوادارین هەمیشە لە كاروچالاكیی و بەخششەكانتان بەردەوام بن بۆ داڕژتن و بەرەو پێشبردنی بنەماكانی دام و دەزگایی حكومەتی هەرێم و بەدیهێنانی ئاواتی گەلەكەمان.
ئاشكرایە ئەو دەسكەوتە مەزنەی حكومەتی هەرێم و بەدامودەزگاییكردنی یەكە پێكهێنەرەكانی دەرەنجامی خەبات و تێكۆشانی كاروانێكی دوورودرێژ و خوێنی شەهیدە نەمرەكانە، ئەمڕۆش راگەیاندنی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك رەنگدانەوەی واقیعی راست و دروستی سیاسی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسییەكانی و بەشداریكردنیان لەو پرۆسەی حوكمڕانی، هەم وەفادارییە بۆ ئەو رەوتە و هەمیش موژدەی قۆناغێكی گرنگە لە بەردەوامیی كاروچالاكییەكان و هێنانەدی ئەو پلان و پرۆژانەی لە خزمەت تەواوی چین و توێژو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەكەمانن بەبێ جیاوازی.
گەلی كوردستان لەسایەی كابینەكانی پێشوودا پێشكەوتنی زۆری لە گشت بوارەكاندا بەخۆوە بینیوەو هەنگاوی دیاری لە رووی خزمەتگوزاری و بونیاتنان و ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانكردنەوە ناوە، بۆیە بێگومانین لەوەی كابینەی نوێش بە هەمان گوڕوتین و پلان ونەخشەی تۆكمەترو رێكوپێكتر بەردەوام دەبێت و دەسكەوتی زیاتر و باشتر بۆ هاووڵاتیان بەدیدێنێت، بەتایبەتی رۆڵی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەرچاو بووە و هەمیشە جێپەنجەی دیار و كاریگەر بووە لەو ئەركە گرنگەیداو دڵنیاشین لەمەودوا لەگەڵ هاوكارانی پەیامی موژدەبەخشی زیاتریان بۆ كوردستانیانی خۆشەویست پێیە.
بێگومان ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی وێرای پاڵپشتی تەواو و بەردەواممان بۆ كابینەی نوێ، هیوادارین لەو قۆناغە تازە و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئێراق و ناوچەكە بە گشتی، بە هەماهەنگی و هاوكاری دام و دەزگا شەرعیەكانی هەرێم و هاونیشتمانیانی ئەمەكدار ئەو ئەزموونەمان زیاتر بەرەو پێش بچێت و كۆسپ وتەگەرەكان تەخت بكرێن و كێشەو گیروگرفتەكانیش چارەسەر بكرێن.
جارێكی دیكە راگەیاندنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە ئێوەو كوردستانیانی خۆشەویست پیرۆزبێت وخوازیاری پەڕینەوەی كوردستانین بەرەو ئایندەیەكی گەشتر..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18/6/2014

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


