١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

میرانی لەگەڵ کادیرانی خولی 19-یەمی ئەکادیمیای پارتی کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کادیرانی خولی 19-یەمی ئەکادیمیای پارتی، سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی دوا و نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی و گوتی، "ئەم بارودۆخە نەخوازراوە، راستیی بۆچوونی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی بە كردەوە بۆ هەموو بەرپرسان و خەڵكی عێراق ئاشكرا كرد كە عێراق پابەند نییە بەجێبەجێكردنی دەستوور كە لەسەر بنەمای تەوافوق بەرێوە ببرێت و تێیدا هەموو پێكهاتەكانی عێراق هەست بەوە بكەن كە هەموویان لە بەرێوەبردن و بریاردان لە عێراقدا بەشدار بن."

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە خولی 19-یەمینی ئەكادیمیای كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا کە بە دەقیقەیەك راوەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر دەستی پێ كرد و، تێیدا مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و رەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی  تێیدا ئامادە بوون،سەرەتا قادر قەچاخ ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی ئەكادیمیای كادیران كورتەیەكی لەسەر كار و چالاكییەكانی ئەكادیمیای كادیران و خولی 19-یەمی باس كرد.

پاشان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەخێرهاتنی كادیرانی كرد و باسی لە گرینگی رۆڵی كادیری پارتی و ئەو ئەركە قورسەی كە لەمەودوا دەكەوێتە سەر شانیان بۆ كاركردن و پێشەوەبردنی كار و ئەركەكانی پارتایەتییان و دەبێ بە چاوكراوەیی و پشتبەستن بە زانستە نوێیەكان بێت.

دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی دوا و نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو رەوشە نەخوازراوەیەی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە بووەتە مایەی ئاوارەبوونی دەیان هەزار خەڵكی سڤیل. میرانی گوتیشی، "ئەم بارودۆخە نەخوازراوە، راستیی بۆچوونی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی بە كردەوە بۆ هەموو بەرپرسان و خەڵكی عێراق ئاشكرا كرد كە عێراق پابەند نەبووە بە جێبەجێكردنی دەستوور كە لەسەر بنەمای تەوافوق بەرێوە ببرێت و تێیدا هەموو پێكهاتەكانی عێراق هەست بەوە بكەن كە هەموویان لە بەرێوەبردن و بریاردان لە عێراقدا بەشدار بن."

میرانی هاوکات ڕۆشنایی خستە سەر كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و دەڵێت، "ئەنجامەكان باش بوون، بەڵام هەردەم خواستی ئێمە لەو ئەنجامانە زیاترەن." دەربارەی کابینەی هەشتەمیشەوە گوتی "راسپاردنی بەرێز نێچیرڤان بارزانی و پێكهێنانی كابینەی هەشتەم كە هەموو تیێدا بەشدارن ئەمەش بووەتە جێی خۆشحاڵی گەلی كورد، كە لەم نزیكانەدا حكوومەتی نوێ رادەگەیەنرێت، ئەو حكوومەت كە هەمیشە هەولًی داوە رەوشی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارێكدا بە باشترین شێوە بەرەوپێش ببات و دابینكردنی خۆشگوزاریی خەڵك و پاراستنی ئەمن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بە كارە سەرەكییەكانی خۆی دەزانێ."

هەواڵی پەیوەندیدار