دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی پەنابەرانی پارێزگای مووسڵ دەكات

دهۆك-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی پەنابەرانی پارێزگای مووسڵ دەكات و لە كەمپی دارەشكرانیش 1800 خێزان هاوكاریكران.
پاش تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی شاری مووسڵ، بە شێوەیەكی بەرفراوان دانیشتوانی پارێزگاكە روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كرد، بەشێك لەو خێزانانە روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە. بۆ ئەو مەبەستە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی پەنابەرانی پارێزگای مووسڵی کرد كە ئێستاكە روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە، هاوكات لە كەمپی دارەشەكران پێداویستیی هاوین بەسەر 1800 خێزانی پەناخوازی رۆژئاوای كوردستان دابەش كرا.
رۆژی 12/6/2014 بەمەبەستی بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی پارێزگای مووسڵ و گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییە سەرەتاییەكان بۆیان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگای دهۆك هەستا بە دابەشكردنی ژمارەیەك هاوكاری لەوانە ئاوی خواردنەوە و كێك، كە بووە جێگای خۆشحاڵی و رەزامەندیی خێزانە ئاوارەكان.
لەلایەكی دیكەوە لە كەمپی دارەشەكران، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هاوكاریكردنی پەناخوازانی رۆژئاوای كوردستان لە هەڵمەتێكدا بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی IOMی جیهانی پێداویستیی هاوینی دابەش كرد، لەوانە پانكە و ترمزی ئاو و حەسیر و تایت و سابوون بەسەر 1800 خێزانی پەناخوازی رۆژئاوای كوردستان لە كەمپی دارەشەكران.

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


