مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان (39)-یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پیرۆز دەکات

هەڤاڵان جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان..
بەبۆنەی (39)-یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان پیرۆزباییەكی گەرمی خەبات و تێكۆشان لە ئێوە و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەردەم بێوچان بەردەوام بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی ئەزموون و دۆزی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان.
لە كاتێكدا كە ئەو یادە بەرز دەنرخێنین و خەبات وفیداكاری و قوربانیدانتان بەهەند دەگرین، جەخت دەکەینەوە سەر هاوخەباتی و یەكریزیمان و هاوگوتاریی تەواوی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و دابینكردنی ئارامی و ئاسوودەیی و پتەوكردنی تەبایی و برایەتی، هەروەها هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانمان لە هەرێمی كوردستان و بونیاتنانی ئایندەیەكی هەمیشە گەش و رۆشن بۆ گەلەكەمان.
هیوادارین یادی دامەزراندنی یەكێتی، دەرفەت و هاندەرێك بێت بۆ درێژەپێدانی هەمان رۆحیەتی هاوپەیمانییەتی و بەرپرسیاریەتیی مێژوویی و هەماهەنگیی زیاتر بۆ زاڵبوون بەسەر كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان لەو قۆناغە هەستیارەی ئێراقی فیدراڵدا و دابینكردنی گشت مافە رەواكانمان.
لەم بۆنەیەدا هیوای زوو چاكبوونەوە و تەندروستباشی بۆ هەڤاڵی بەڕێز (مام جەلال) سكرتێری گشتیی یەكێتییەكەتان دەخوازین و ئومێدەوارین لە داهاتوویەكی نزیكدا بە خاك و وڵاتی كوردستان شاد بێتەوە..
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن....
مەكتەبی سیاسییپارتی دیموكراتی كوردستان
31/5/2014




