پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی پەنجاودووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان
بەبۆنەی(52)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكیەتییەكەتان، یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە(15/5/1962) پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەوتێكڕای مامۆستایانی كوردستان دەكەین، كە لەو تەمەنە پڕ بەخشش و شایستەی خۆیدا بێ سرەوتن هەمیشە لێبڕاوانە لە هەوڵ و كۆششدا بووە بۆ پشتیوانی و پتەوكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی.
بێگومان ئەو كاروانە خۆبەخشەی مامۆستایان هەر لەسەرەتاوە، كە رێكخراوانە و پیشەییانە بە تێكۆشان و قوربانیدانێكی زۆرەوە سەرفراز و بەردەوام بووە، تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ توانیویەتی دەسكەوتێكی زۆریش بەدیبێنێ، كە بەراستی مایەی رێز و شانازییە بۆ گەلەكەمان بە گشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان شانبەشانی رۆڵەكانی كورد لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەشداری لە خەباتی سیاسی و چەكداری كردووە، لەو پێناوەشدا وەك رێكخراوێكی پیشەیی كاری كردووە و هەوڵی زۆری داوە لەپێناو سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان لە چوارچێوەی مافە سیاسی و فەرهەنگی و كوولتوری و پیشەییەكانەوە.
كار و ئەركی ئێوە لەو قۆناغەی ئێستاماندا گرنگ و هەستیارە لە رووی بەرەوپێشبردن و سەرخستنی زانست و مەعریفە و سیستەمی پەروەردە و فێركردنەوە و گەشەپێدانی هزر و هۆشی كوردپەروەری و نەتەوایەتی، هەروەها پێگەیاندنی نەوەیەكی رووناكبیر و سوودمەند بۆ بونیاتنانی دواڕۆژێكی رۆشندارتر بۆ كۆمەڵگە و نەتەوەكەمان.
مامۆستایانی خۆشەویست
كاتێك ئێمە ئەو یادە پیرۆزە بەرز هەڵدەسنگێنین و دەنرخێنین وەك هەمیشە پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە...هیوادارین بەهەمان رۆحیەتی كوردپەروەری و پەوەردەیی وەك چۆن درێغیتان نەكردووە، بەردەوام بن و داكۆكی لە مافە پیشەییەكانتان بكەن و دەسكەوتی زیاتر بۆ سەرجەم مامۆستایان بەبێ جیاوازی بەدیبێنن.
سڵاو بۆ گیانی دامەزرێنەران و سەرۆك وسكرتێرە پێشەنگەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان...
پیرۆز بێت(52)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
15/5/2014




