لە كۆنگرەی ئابووریی سیاسی لە ئوردن، هەرێمی كوردستان بە نموونەی سەقامگیری و ئاوەدانیی ناوچەكە ناو برا

ئوردن-KDP.info- لە پەراوێزی كۆنگرەی باڵای ئابووریی سیاسیی لە عەمانی پایتەختی ئوردندا، روانگە و سیاسەت و بۆچوونی پارتی لەسەر باری ئابووریی هەرێمی كوردستان و ئاسۆكانی پەرەپێدانی سەقامگیری و سیاسی و ئاساییشی هەرێمی بۆ بەشداربووان شیی كرایەوە و، هەرێمی كوردستان بە نموونەی سەقامگیری و ئاوەدانیی ناوچەكە ناو برا.
بە چاودێریی پاشای ئوردن شاعەبدوڵڵا و بە بەشداریی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، لەژێر دروشمی دەرفەتی نوێ بۆ وەربەرهێنان لە ناوچەكەدا، رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانیایی بە هاوكاریی گرووپی راوێژكاری ماكارلی، كۆنگرەیەكی باڵای ئابووریی سیاسیی لە عەمانی پایتەختی ئوردن ساز كرد.
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێك هاتبوو لە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی "پ.د.ك" هێمن هەورامی و بەرپرسی دێسكی وڵاتانی عەرەبی لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە سەفین گوڵانی، بە بانگێشتی فەرمی بەشداریی ئەو كۆنگرەیەیان كرد.
ژمارەیەكی زۆر پسپۆری سیاسی، ئابووری، تەكنۆلۆژیای زانیاری و وەبەرهێنی وڵاتانی ناوچەكە و چەندین ناوچەی جیاجیای جیهان بەشدارییان كرد.
لە دەستپێكی كۆنگرەكەدا، سەرۆكوەزیرانی ئوردن، عەبدوڵڵا ئەلنسوور وتارێكی لە بارەی رەوشی ناوچەكە و دەرفەت و هەڕەشەكانی بەردەم پرسە ئابووری و سیاسی و بازرگانییەكان خستە روو، دواتر لە دوو پانێڵی جیاجیادا لە بارەی جیۆپۆلەتیكی وزە بە هەردوو دیوەكەی، دەرفەت و هەڕەشەكانی، پرسی وەبەرهینان و پێكەوەبەسترانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەكە، لە شیكردنەوەی دۆخی وڵاتانی ناوچەكە، بەشداربووان هەرێمی كوردستانیان وەك نموونەیەكی سەركەوتووی پڕدەرفەت زانی كە دەتوانرێت وەبەرهێنانی بیانی تێیدا گەشە بكات.
هەر لەو کۆنگرەیەدا، هەرێمی كوردستانیان بە نموونەی سەقامگیری و ئاوەدانیی ناوچەكە ناو برد.
لە پەراوێزی كۆنگرەكەدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان روانگە و سیاسەت و بۆچوونی پارتییان لەسەر باری ئابووریی هەرێمی كوردستان و ئاسۆكانی پەرەپێدانی سەقامگیری و سیاسی و ئاساییشی هەرێمیان بۆ بەشداربووان شیی كردەوە.
سەنگەر هەورامی

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


