پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (116)ـەمین ساڵوەگەڕیی رۆژنامەگەریی كوردی

بەپێی هەلومەرجەكانی ئەوسای گەلی كورد و دەرەنجامی كۆمەڵە هۆكارێكی سیاسی دەرەكی و ناوخۆیی كە هاوكات بوو لەگەڵ پەرەگرتنی بواری بیری سیاسی وكۆمەڵایەتی وەك مینبەرێكی ئایدیۆلۆجی سیاسی كوردی لە 22/4/1898 لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی لە (قاهیرە) بە ناوی (كوردستان) دەرچوو.
لە (116)ـەمین ساڵوەگەڕیی جەژنی رۆژنامەگەریی كوردی هەست بە شانازی و گەورەیی هزر و قەڵەمی رۆشنفكرانی كورد دەكەین، ئەوانەی بنەمایەكی راستەقینە و پڕبەخششیان لە بواری رۆژنامەوانی و كولتووری داڕشت و دەنگی زوڵاڵی وشەی كوردییان بە جیهان گەیاند.
قافڵەی نەسرەوتووی رۆژنامەوانیی كوردیمان رێگایەكی سەخت و دژواری بڕیوە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە فەرهەنگی و رۆژنامەوانییەكانیدا، رووبەڕووی جۆرەها كۆسپ و بەربەست بووەتەوە و كۆڵی نەداوە و هەر بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، بۆیە مایەی شانازیمانە كە ئەو كاروانە رۆشنبیرییە خاوەنی دەسكەوتێكی زۆرە و بە قوربانیدانێكی مەزنیشەوە بەردەوام بووە.
هاوزەمان رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی زەوینەیەكی لەباری رەخساند بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری، هەروەها بەرپرسیاریەتێكی مێژوویی گرنگ بۆ بەدیهَنانی ئامانجەكانمان بە تایبەتی لە بواری كوولتووری و رۆشنبیریدا.
رۆژنامەی (كوردستان) لە رووی بیری سیاسیی كوردیدا رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كەسانی پێشەنگی رۆژنامەگەریی كوردی كەسانی رۆشنفكر بوون، هەروەها رۆژنامەكە گرنگی دەدا بە بواری رۆشنبیری و ئەدەبی و زمان و مێژوو، مایەی شانازیی نەتەوەییەمانە، كە بەسەر لاپەڕەكانیدا سەردەمێكی تازەی لە كرانەوە و گەشانەوە خستە سەر پشت، گوزارشی لە كێشەی گەلێكی بەشمەینەت دەكرد.
ئەو دەسكەوتە مەزنەی رۆژنامەگەریی كوردی بووە هۆ و هاندەرێك بۆ زیاتر هەڵكشان و برەودان بە بواری دیكەی گرنگی ژیانی سیاسی و رۆشنبیری و كولتوری، هەروەها هێزێكی تازەیشی بەخشییە ژیانی رۆشنبیریی كوردیمان، بۆیەش پاشان بووە هۆكارێكی بنەڕەتیی گەشەكردن و نوێبوونەوە و سیستماتیزەكردنی بواری پیشەیی و ئەدەبی و فەرهەنگی.
ئەو هەوڵە رۆژنامەوانییە وەك پردێكی رۆشنبیریی وابوو لە نێوان كوردستان و وڵاتانی دیكە، رۆژنامەی كوردستان هەر لە سەرەتای دەرچوونیەوە گرنگی دابوو بە كێشە چارەنووسسازەكان و رۆژنامەوانیش بوو بەو مینبەرە جیا و دیارەی رۆشنبیرانی كورد بۆ دەرخستنی خواست و ویست و دەردەسەریی رۆڵەكانی گەلەكەیان، پەیامی رۆژنامەكە پرەنسیپەكانی ئاشتی و برایەتی و ئاشتەوایی و دژ بە چەوسانەوە بوو.
بێگومان رۆژنامەگەریی كوردی لە هەر سەردەمێكدا هێزێكی كاریگەر و داكۆكیكارێكی سەرسەختی رەسەنایەتیی كوولتوری و رۆشنبیریی نەتەوەیی بووە، هەروەها ئامرازێكی پارێزەرانە و پەرەپێدەر و نوێبوونەوەی ئەدەبیات و زمان و وشەی رەسەنی كوردییە.
لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا سەنگەری رۆژنامەگەری چەكی بەرگری و هۆشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆیەكی راستەقینە و بوێری شۆڕش و راپەڕینەكان بووە.
ئەمڕۆش لە سایەی راپەڕین و دەسكەوتەكانی گەلەكەمان و بەرپاكردنی بنەما گرنگەكانی حوكمڕانیی هەرێم و ئازادی و دیموكراسی و فرەرەنگی لە هەموو بوارەكاندا، جارێكی دیكە و بە سستماتیزەكردنی لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە، رۆژنامەگەریی كوردی بە گوڕوتینێكی زۆر و بەربڵاوانەتر لە هەر سەردەم و قۆناغێكدا لە مەیدانە و وێڕای كەموكوڕییەكان رۆڵی شیاو و ئەرێنیی خۆی دەگێڕێت و بەپێی بنەما و پێوەرە گونجاو و سوودبەخشەكان ئەو پەیامەی خۆی دەگەیەنێ و جێبەجێی دەكات لە رووی چاودێری و رەخنەگرتن و هۆشیاركردنەوە بەمەش وەك دەسەڵاتی چوارەم هەنگاو بە هەنگاو پێگەی خۆی قایمتر دەكات.
بێگومان رۆژنامەگەریی كوردی پێویستە وەك دەسەڵاتێكی كاریگەر و هەستیار هەم رۆڵ ببینێ و هەمیش بە بەرپرسیاریەتێكی گەورە هەڵبستێ، كە لە ئاست هیوا و ئامانجەكانی گەلەكەماندا بێ لە رێی زیاتر یەكخستنی ماڵی كورد و یەكگرتوویی گوتاری سیاسیی كورد بۆ پتەوكردنی ئەو ئەزموونەی ئەمڕۆمان و گەیشتن بە داهاتوویەكی رۆشنتر.
لە ئەزموونی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان – عێراقدا كە زەوینە و دەرفەتی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری فەراهەم كراوە و بە دەیان و سەدان دەزگا و كەناڵ و بڵاوكراوەی هەمەجۆر و هەمەڕەنگ هەن لەسەر گۆڕەپانەكە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمە وا دەخوازێ رۆژنامەگەریی كوردی پەیامی راستەقینەی خۆی هەمیشە لە بەرچاو و بیر بێ، رۆژنامەوان بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكات و بجەنگێ بۆ پیادەكردنی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و داكۆكیكردن لە كێشە رەواكان و دیاردە ئەرێنییەكان و رەچاوكردنی راستییەكان و میسداقییەتی كارەكەی، هەروەها سووربوون و بەرگریگردن لە مافی هاووڵاتیان بە بێ جیاكاری لە رووی پێكهاتەی ئایین و ئایینزا و خستنەڕووی گیروگرفتەكانیان و پتەوكردنی بەهای یەكسانی و دادوەری و یەكە كۆمەڵایەتییەكان.
لە یادی رۆژنامەوانیی كوردیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە پێویستە زیاتر دەروازەی ئازادیی رادەربڕین واڵاتر بكرێ بۆ رەخساندنی بواری كاری رۆژنامەوانیی بەپێی بنەما و پرەنسیپە گونجاو و هەرەپێشكەوتووەكانی كاركردنیان وەك باوە لەسەر ئاستی جیهاندا و ئاسانكاریكردن بۆیان و كەمكردنەوە و نەهێشتنی دیاردە دزێو و پێشێلكارییەكان.
لە جەژنی رۆژنامەگەریی كوردیدا، سڵاو و رێز بۆ بەدرخانییەكان و گشت ئەو ماندوونەناس و خەباتكارە نادیارانەی رێی رەسەنی قەڵەم و وشەی شیرینی كوردی...هەر شكۆدار بێت رۆژنامەی (كوردستان) و رۆژنامەگەریی كوردی...
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
22ـی نیسانی 2014




