١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان 80 ساڵەی دامەزراندنی حیزبی شیوعی پیرۆز دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی شیوعیی عێراق، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو لا دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "حزبە خۆراگرەکەتان لە 80 ساڵی رابردوودا بۆ ئازادی و دیموکراسی لە عێراق، رۆڵێکی گرینگ و مێژوویی گێراوە. هەروەها پەیوەندییەکانی پارتیشمان لە گەڵ شیوعییەکان لەسەر ئەو بنەما هاوبەش و تێڕوانییە سیاسییە یەکانگیرانە سەرچاوەی گرتووە، کە پەیوەستە بە بڕوابوون بە مافی رەوای گەلی کورد و دیموکراسی بۆ عێراق."

 

دەقی پیرۆزباییەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ حزبی شیوعی عێراق:

برای بەرێز (حەمید مەجید موسا) سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق

برایانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیەتی ناوەندی

سڵاوێکی گەرم و دۆستانەتان پێشکەش بێت

بە بۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبە خۆراگر و تێکۆشەرەکەتان پیرۆزباییەکی گەرم پێشکەش دەکەین، هەر لە رێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە کادر و ئەندامەکانی حزبەکەتان دەکەین و هیودارین حزبی شیوعی هەردەم لە پێشکەوتن بێت لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و دیموکراسییەکاندا.

حزبی شیوعی بەدرێژایی مێژوویی سیاسی و خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانی خەڵک و داکۆکی لە هەژار و ستەم لێکراوان رۆلی سەرەکی گێراوە و ئەمڕۆش ئەرکەکانی لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی قورستر بۆتەوە. ئەو ئامانجانەی (فەهد) و (سەلام عادل) و سەدان شەهیدی حزبەکەتان خۆیانیان لە پێناوی کردە قوربانی، وەکو ئەرکی نیشتیمانی و دیموکراسی درێژەیان هەیە. حزبە خۆراگرەکەتان لە 80 ساڵی رابردوودا بۆ ئازادی و دیموکراسی لە عێراق، رۆلێکی گرینگ و مێژوویی گێراوە. هەروەها پەیوەندییەکانی پارتیشمان لە گەڵ شیوعییەکان لەسەر ئەو بنەما هاوبەش و تێڕوانییە سیاسییە یەکانگیرانە سەرچاوەی گرتووە، کە پەیوەستە بە بڕوابوون بە مافی رەوای گەلی کورد و دیموکراسی بۆ عێراق.

(مستەفا بارزانی نەمر) رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و دامەزرێنەری پارتیمان لە پێناو ئامانجە رەواکانی کورد و خەباتی برایانەی نێوان هەردوو لادا، هەروەها بەدیهێنانی دیموکراسی بۆ عێراق و دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولەوە ئەو بنەمایانەی داڕشتووە، کە بوونەتە مایەی پێشکەوتن و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتریش وەکو بنەمایەکی پتەو بۆ پەیوەندی نیشتیمانی کاری لەسەر کراوە و ئەمڕۆش ئەم پەیوەندیانە درێژەیان هەیە .

بەرێزان، لە هەلومەرجی دژوار و سەختی ئێستەی عێراقیشدا، دروشم و ئامانجە سەرەکییەکانی حزبە تێکۆشەرەکەتان لە دیموکراسی و بەدیهێنانی مافی خەڵک و هاووڵاتی بوون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی قۆرخکاری و چاکردنی باری ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی بێکاری و رێگەگرتن لە تاوان و تەقینەوە و تیرۆر پێویستە کاری بەردەوامی بۆ بکرێت، چونکە عێراق نەک هەر تەنیا بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و پڕ مەترسی دەچێت، بەڵکو عێراق رووبەرووی ژمارەیەک قەیرانی سیاسی کراوەتەوە کە ترس هەیە تاکڕەویی و خۆسەپێنی لە دەسەڵات هەموو لایەک دووچاوی کێشە و نیگەرانی بکات.

لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و ئاواتەخوازین حزبە خۆراگرەکەتان وەکو چۆن لە قۆناغە سیاسی و مێژووییەکاندا ئەرکی نیشتیمانی بەرچاوی جێبەجی کردووە، ئەمڕۆش هەر ئەو رۆلە نیشتیمانی و دیموکراسیانە بگێڕێت، کە لەهەشتا ساڵی رابردوودا پێی دەناسرێتەوە. هەروەها لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو لاشمان دەکەینەوە و ئومێد دەکەین خەباتی هاوبەش کە دوێنێ دژی دیکتاتۆریی و رێگرتن لە جینۆساید و ئەنفال و خەباتی پێشمەرگایەتی بەیکەوەی سەرچاوەی گرتبوو، ئەمڕۆش لە پێناو دیموکراسی و بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ و مافە رەواکانی کوردستان و سەرجەم پێكهاتەکانی عێراق ئەو پەیوەندیانە ببنە مایەی سەقامگیری و دیموکراسی و گەشەپێدانی وڵات.

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی لە ئێوەی بەرێز و سەرجەم کادرو ئەندامەکانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین، هەمیشە سەرکەوتووبن لە پێناو دوارۆژێکی ئارام و سەرفراز.

 

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

30 ئازاری 2014

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار