پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی بەپارێزگابوونی شاری هەڵەبجەی شەهید

بەبۆنەی ئیمزاكردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدەوە، بەناوی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و، ئەندام و لایەنگران و هەوادارانی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، گەرمترین پێرۆزبایی لە جەماوەری شەهیدپەروەری هەڵەبجە و خەڵكی سنووری پارێزگاكە و لقی 12ی پارتیمان و، تەواوی گەلی كوردستان دەكەین.
لە هەمان كاتدا، سوپاسی بێپایانمان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە خۆی خاوەن پێشنیارەكە و، راسپاردەی ئەمڕۆیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە بوو لەم هەلومەرجەدا. هەروا سوپاس و دەستخۆشی لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە ئیمزاكردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی شارەكە، كە لەتەك تاجەگولێنەی سەر گڵكۆی شەهیدانی كیمیابارانەكە، هات.
ئومێدەوارین هەنگاوەكانی دوای ئەم بڕیارە، كە هەڵەبجە وەك پارێزگا دەكەوێتە نێو بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەت و دەبێتە مایەی گەشەسەندن و پێشكەوتنی شارەكە و سنوورەكەی لە هەموو رووێكەوە، وەك قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی پارێزگاكە بێت بەرامبەر بەشێك لە مەینەتیی و، ئەو قوربانییانەی كە بەدرێژایی مێژوو، بەتایبەتی مێژووی هاوچەرخ و شۆڕشەكانی رزگاریخوازی گەلەكەماندا بەخشیوە و بوو بە سومبولی مەینەتیەكانی گەلەكەمان.
پیرۆز بێ لە هەموومان و گیانی شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی گەلەكەمان، تایبەت شەهیدانی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست شادبێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
13ی ئاداری2014




