بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 44ـەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970

بەبۆنەی 44ـەمین ساڵیادی راگەیاندنی رێككەوتننامەی(11ی ئاداری1970) پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی جەماوەری دڵسۆزی كوردستان دەكەین و سەری رێزونەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری وسەروەریی كاروانی خەباتی گەلەكەمان دادەنوێنین.
رێككەوتننامەی )11(ـی ئادار لە مێژووی ئێراق و كورددا بایەخێكی ئێكجار مەزنی هەیە، دەستكەوتێكی مێژوویی گرنگی گەلی كورد بوو، بۆ یەكەمجار حكومەتی ناوەندی ئیراق دانی نا بە مافە سیاسی و نەتەوەیی وكەلتوورییەكان، هیوایەكی زۆری لای كورد لە هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان دروست كرد.
ئەو رێككەوتننامەیە، كە قۆناغێكی گرنگی مێژووییە، بەرهەمی خوێنی شەهیدەنەمرەكان و پێشمەرگە دلێرەكان بوو، كە توانیان سەركەوتنێكی گەورە لە مێژووی كوردوپارتیدا تۆمار بكەن، هەروەها بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان بۆ قۆناغێكی سیاسیی پێشكەوتوو گواستەوە بە جۆرێك لەسەر شانۆی سیاسەتدا وەك هێزێكی كاریگەر و گرنگ لە بەرەوپێشچوونی رووداوەكاندا دەوری خۆی بینی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رێككەوتننامەی (11)ـی ئادار دوای چەندین ساڵ لە خەباتی چەكداری و سیاسی بەردەوام بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر، بە خاڵێكی گرنگ و سەلمێنەر و لێهاتوویی و ژیری سەركردایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی كورد دادەنرێ لەو قۆناغە ناسك و هەستیارەی لە ئارادابوو، كە دوابەدوای زنجیرەیەك خەباتی بێوچان و سەخت و خۆراگری و راپەڕین و سەرهەڵدانی گەلەكەمان هاتە دی، هەنگاوێكی مێژوویی و راست و دروست بوو بەرەو داڕژتن و بناغەڕێژیی ئاشتەوایی و سەقامگیریی لە عێراقدا، ئەمەش بە حیكمەت و پلانڕێژیی بارزانیی نەمر و هاوخەبات و پێشمەرگە پاڵەوانەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتەبەر، كە حكوومەتی عێراقی ئەوسای ناچاركرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە مل كەچ بكات بۆ خواست و داوا رەواكانی گەلی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی، هەروەها بەڵگەنامەیەكی مێژوویی گرنگ وبێوێنە بوو، لە رووی یاساییەوە كە بۆ یەكەمجار بوو دان بنیرێت بە مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كوردستان كە مافی ئۆتۆنۆمی بوو لە چوارچیوەی كۆماری ئێراقدا.
بەیاننامەی (11)ـی ئادار لە كاتێكدا ئیمزا كرا، كە ئێراق لە سەردەمێكی تاریكی و سەركوتكاری و زەوتكردنی ئازادی و دیموكراسی بوو، دەنگە ئازادەكان كپ كرابوون، نائارامی باڵی كێشابوو، بەڵام بەپێی ئەو رێككەوتننامەیەی، كە لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕش و حكوومەتی ئەوسای ئێراق مۆر كرا، حكوومەت بەڵێنی دا بە جێبەجێكردنی بەندەكانی بەیاننامەكە و، بە یەكەم دانپیانانی فەرمیش دادەنرێ لەسەر ئاستی ئێراق، كە دانی نا بە هەبوونی نەتەوەی كورد و بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی ئێراق و زمانی كوردییش وەك دووەم زمانی فەرمی لە ئێراقدا دانی پێد انرا هەروەك زمانی عەرەبی، جگە لە چەندین دەسكەوتی دیكەی گرنگی فەرهەنگی و رۆشنبیریی، هەروەها حكوومەت بەڵێنی دا كە دەستوور هەموار بكاتەوە و بە رەسمییش ئەوە بچەسپێ كە ئێراق لە دوو گەلی سەرەكی كورد و عەرەب پێك هاتووە.
رێككەوتننامەی (11)ـی ئادار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەدا و دەنگدانەوەی خۆی هەبوو، رای گشتیی جیهانی ورووژاند و نێوەندە عەرەبی و جیهانییەكان پێشوازییان لێ كرد، ئەو رێككەوتننامەیە و جێبەجێكردنیان بە سەركەوتنی پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین لە قەڵەم دا.
رێككەوتننامەی(11)ـی ئادار بە بنەمایەكی راست و دروستی چارەسەركردنی كێشەی كورد بە رێگەی ئاشتی و دیموكراسی دادەنرێ، ئەو هەنگاوە مەزنە تەنیا جاڕدانی كۆتایی هێنانی ململانەی خوێناوی نەبوو، بەڵكە چەند بڕیارێكی مەبدەئی و راستیشی دا، سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئیراق و دواڕۆژی كێشە نەتەوایەتییە چارەنووسسازەكان. هەروەها سەردەمێكی نوێی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی خستەوە بۆ گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە و دەروازەیەكی گرنگیش بوو بۆ دابینكردنی مافی نەتەوەكانی دیكەی وەك توركمان و كلد و ئاشووری و سریان.
ئەو رێككەوتننامەیە دەستكەوتێكی مەزنی شۆڕشی ئەیلوولی مێژوویی بوو و دوابەدوای مۆركردنیشی لە نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتیی شۆڕشی كورد بەرابەرایەتیی بارزانیی نەمر، موژدەیەكی خێروخۆشی بوو لەسەرتاسەری ئێراقدا و وەك رووداوێكی گرنگی مێژوویی بۆ بونیاتنانی ئایندەیەكی روون وگەشی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامیی و سەقامگیریی لە ئیراق و ناوچەكە ناسرا.
ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو رێككەوتننامەیە پێداگرتن بوو لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان لە سایەی سیستمێكی دیموكراتی. پارتی لەو قۆناغەدا نەخشەرێگایەكی راست و رەوانی كێشا بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، چارەسەركردنێك كە گشت مافەكان دابین بكات.
ئەو رێككەوتننامەیە وەرچەرخانێكی دیرۆكی بوو لەو كاروانە دوورودرێژە خوێناویەی تێكۆشان و قوربانیدانی رۆڵەكانی گەلەكەمان، هەروەها چەردەیەكی نوێ بوو دوابەدوای قۆناغێكی شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانی و كۆدەتا و پیلانگێڕی حوكمڕانیەتی ئێراق لە رووی پەیوەندییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و بەدیهاتنی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد.
هەرچەندە سەركردایەتیی پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی جێبەجێكردنی بەندەكانی بەیاننامەكە ئامانجێكی سەرەكی و ستراتیژیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردە، سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو بەرەو گۆڕانكاری ئەوتۆ لە رەوشەكە و ژیانی هاووڵاتیان و پێشكەوتنیان، كەچی رژێمی بەعس بەردەوام بوو لە قۆرخكردنی دەسەڵات و پەكخستنی رێككەوتننامەكە، لە بەندەكانی ئەو رێككەوتننامەیە پاشگەز بۆوە و لەوانەش نكوڵیكردن لە شوناسی نەتەوەیی كوردیبوون و كوردستانیبوونی كەركووكی دڵی كوردستان، كە هەرگیز بارزانیی نەمر ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ببێت و سازشی لەسەر بكات، ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتوانیان كوردن و پەیرەوكردنی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس لە ناوچەكانی دەوڵەمەند بە نەوت وەك كەركووك و خانەقین بە مەبەستی گۆڕینی واقیعی نەتەوەییان و دابڕینیان لە كوردستان و راگواستنی برا كوردە فەیلییەكان، هەورەها بە نیاز و نیەتێكی گڵاو و چەپەڵەوە كەوتە پیلانكاریی بۆ نوشستپێهێنانی رێككەوتننامەكە بەمەش هەوڵی لەناوبردنی ئەندام و كادیرانی پارتیمانی دا تەنانەت خودی ((بارزانیی نەمر))یش، كە لە(29/9/1971) لە پیلانێكی گڵاوی چەند راسپێردراوی موخابەرات بە ناوی پیاوانی ئایینەوە لە ناوپردان ئەنجام درا.
دواجاریش بۆ شكستپێهێنانی شۆڕشی گەلەكەمان، پیلانێكی دیكەی گێڕا، كە رێككەوتننامە خیانەتكاریی و شوومەكەی جەزائیر بوو لە (6ئاداری 1975).
بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە گشت ئەو پیلان و شێوازانەی غەدر و خیانەت بەهێزتر بوو و جارێكی دیكە ژیلەمۆی شۆڕش داگیرسایەوە و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز لە (26ی ئایاری 1976) وەكو درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە گوڕوتینێكی نوێوە دەستی پێكردەوە بۆ بەردەوام بوون و نەسرەوتن لە تێكۆشان و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە وێرای هەلومەرجە سەخت و دژوارەكە.
ئەوەبوو لە(5 ئاداری 1991) كڵپەی راپەڕین و سەرهەڵدان شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە و رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕی بەزاند و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا، هەڵبژاردن ئەنجام درا و گەلی كورد بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە خاوەن قەوارە و دەزگە شەرعییەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و قەزایی.
دیارە بەیاننامەی (11ئادار1970) هاوكاتە لەگەڵ رۆژژمێری ئازادكردنی شاری هەولێر(11ی ئاداری 1991)، شاری قەڵا و منارە، وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان و خاوەن ناوەندێكی نەتەوەیی – سیاسی و ئارامگەوپەناگەیەكی هەمیشەیی بۆ لایەنە سیاسییەكانی دیكە و خوشك و براكانمان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەروەها وەك ناوەندێك بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و خاوەن پێگەیەكی دیاری پەرەسەندوو و پێشكەوتوو لە گشت بوارێكدا، سیاسی و ئابووری و گەشتیاریی، هەر بەو بۆنەیەشەوە پیرۆزباییەكی گەرم و دلێرانە لە رۆڵەكانی شاری دێرینی هەولێر، شاری هۆلاكۆبەزێن دەكەین ئەو شارەی نموونەی جوامێریی و برایەتی و لێبووردەیی و بەخشندەیی و شارستانییەت و رەسەنایەتییە.
وەك ئاشكرایە ئێستا جارێكی دیكە كێشەی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لەئارادایە، دیارە و لای هەمووان روونە، كە حكومەتی ئێراق ماوەیەكە لە گێژەنی قەیراندا خوول دەخوا و بەو هەناسەیەش مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان دەكات، ئەوان جارێكی دیكەش پێدادەگرن لەسەر پێشێلكردنی مافەكانمان و فەرامۆشكردنی ئیستیحقاقاتەكانمان كە لە دەستووری چەسپاوی ئێراقدا هاتوون، ئەمەش مەحاڵە و بە لای ئێمە ئەمە كێشەیەكی چارەنووسسازە و ناكرێ دەستبەرداری ببین و سازشی لەسەر بكەین، بۆیە بەردەوام دەبین و پێدادەگرین لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانی و دەستوورییەكانمان.
راستییەكی حاشاهەڵنەگرە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە قۆناغێكی نوێی و راگوزاریدایە، قۆناغی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە، ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە خۆشگوزەرانی و بەرزبوونەوە و باشتربوونی ئاستەكانی بژێویی هاووڵاتیان و سەقامگیریی و جێگیریی باری ئاسایش و ئارامی چاكترین گەواهیدەرن، لەوەش زیاتر هەنگاوەكان بەرەو پێشتر و چاكتر دەچن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانمان.
دەرەنجام سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەی رەوای گەلەكەمانە.
نەمریی و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێگای كورد و كوردستان
سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو...
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11ی ئاداری2014




