مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕۆڵی ئافرەتانی بەرز نرخاند

هەولێر- KDP.info/ئەمرۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سەلاحەددین، فازل میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كرد.
لە دانیشتنەكەدا كە زعیم علی و رێبوار یەلدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و رەمزی شەعبان ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، فازل میرانی وێڕای زۆر بەگەرمی بەخێرهێنانی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانەیان دەریڕی و پیرۆزبایی رۆژی 8 مارسی لە ئافرەتانی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئافرەت جێگای دەستی دیارە لە كۆمەڵگادا و تەنانەت لە سەردەمی شۆرش و راپەڕین و تا ئێستاش شانبەشانی پیاوان لە قوربانیدان و پێگەیاندن و بەخێوكردن كە ئەركێكی نیشتیمانپەروەرییە و رێز و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەو ئافرەتانە دەكەین كە ژیانی خۆیان لە ناو ریزەكانی (ی. ئا. ك) بردوویانەتە سەر.
دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بە پێگەیشتنی كۆمەڵگا و رێگری ئەرێنی لەسەر بەشداربوونی ئافرەت لە گشت بوارەكانی ژیانی سیاسی و رێكخراوەیی و كاردا رۆڵی یەكیەتیی ئافرەتان رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت.
لەلای خۆیەوە د. ڤیان سكرتێری سكرتاریەتی یەكیەتیی ئافرەتانی كوردستان وێڕای سوپاسكردنی مەكتەبی سیاسی بۆ ئەم دەرفەتە، ئاماژەی بەخۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنگرەی هەشتەمینی (ی. ئا. ك) كرد و پوختەیەك لەسەر كار و چالاكییەكانی یەكیەتیی ئافرەتان لەسەر سێ ساڵی رابردوودا خستەروو و سوپاسی سەركردایەتیی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كە هەردەم درێخی نەكردووە لە یارمەتیدان و هاوكاریكردن و پاڵپشتیی یەكیەتیی ئافرەتانی كوردستان.




