پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كودستان بۆ یادی 23 ساڵەی راپەرینی گەلی كوردستان

بەبۆنەی (23)مین ساڵیادی راپەڕینە شكۆدارەكەی 5ی ئاداری 1991، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی جەماوەری كوردستان دەكەین و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی رێگەی رزگاریی كوردستان و راپەڕین دادەنوێنین و سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری خۆراگری كوردستان.
یەكەم چەخماخەی راپەڕین لە شاری رانیەی خۆشەویست ئەو راستیەی بۆ دوژمنانی كورد و دیكتاتۆرەكان دووپات كردەوە، كە گەلی كوردستان لە هیچ كات و سەردەمێكدا سەر بۆ ستەم ودیكتاتۆر نەوی ناكات و لە هەمبەر ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیدا، بێدەنگ نابێت و چۆكدانادات.
حەماسەی راپەڕین لە هەناوی شۆڕشەكانی ئەیلولی مەزن و گوڵانی پێشكەوتنخواز و، بزاڤــ و یەكڕیزیی كوردستاندا هاتە بوون و بەهۆی یەكگرتوویی پارتە سیاسیەكانەوە، كە لەبەرەیەكدا بەناوی ]بەرەی كوردستانی[داڕێژەری ستراتیژیەت وپلانی راپەڕین بوون، گەیشت بە ئامانج. هەر لە دەسپێكیشەوە خەڵكی كوردستان بوونە هاوكارو پشتیوانی پێشمەرگە و هێزێكی لە بنە نەهاتوویان بەخشی بە راپەڕینەكە، ئەمەش پێمان دەڵێت كە هەركات گەلی كوردستان یەكدەنگ و یەكگرتووبێت، ئەوا گەیشتن بە سەركەوتن و ئامانج مەحاڵ نییەو مسۆگەر كراوە.
جێی شانازییە كە 23 ساڵ لەمەوبەر، گەلی كوردستان یەكەمین راپەڕینی جەماوەری و بەهاری ئازادی بەرپاكرد دژی دیكتاتۆرترین دەسەڵاتی ناوچەكە، كەرژێمی بەعس بوو، ئەو رژێمەی كە لە مێژووی خۆیدا تاوانەكانی ئەنفال و كیمیا باران كردنی هەڵەبجەو وێران كردنی گوندەكان و دەیان تاوانی تری دژی گەلی كوردستان ئەنجامداو لەو دەمەشدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێی بێدەنگ بوون.
ئازادكردنی شاری خۆشەویستی كەركوك لەو كاتەدا ئەو راستییەی سەلماند كە كەركووك دڵی كوردستانەو هەر بە كوردستانیی دەمێنێتەوە. ئەو شارەی كە بارزانی نەمر ئامادەبوو شۆڕشێك بكاتە قوربانی، بەڵام ئامادەنەبوو دەستبەرداری ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوك بێ. ئێستاش مادەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عێڕاق بە گونجاوترین بژاردەی چارەسەریی كێشەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەزانین.
راپەڕین دەستكەوتێكی مێژوویی هەرە گرنگە بۆگەلی كوردو كوردستان، چونكە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدرا لە مێژووی خۆیدا گەلی كوردستان بووە خاوەنی پەڕلەمان و حكومەت، ئینجا دەستكرا بە ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری كوردستان و بە دامەزراوەیی كردنی پایەكانی دەوڵەتداریی.
لە سایەی راپەڕین و 23 ساڵ حوكمی خۆجێی، ئێستا رەوشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و داهاتی تاكە كەسی و رەوشی ژیان و ئاسایشی هەرێم سەقامگیرو دەستە بەركراوە. لە رووی نێودەوڵەتییەوە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی ئابوریی و دیبلۆماسی هەیەو خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆیەتی.
لە قۆناغی ئێستاماندا بەدەیان سەرمایەدار و كۆمپانیا گەورەكانی جیهان لە هەرێمی كوردستان ئامادەگیان هەیە و سەرمایەگوزارییان كردووە، بەتایبەتی كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت، كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە و خەریكی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتن، پرۆسەی دەرهێنانی نەوت گرنگترین كارو سیاسەتی راستەرێی حكومەتی هەرێمە بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایەن و شایستە بۆ خەڵكی كوردستان و نەوەكانی داهاتوومان و جگە لەمەش پێگەیەكی جیهانی و گرنگ بە هەرێمی كوردستان دەبەخشێت و گەلەكەمان لە ئامانجەكانی نزیكتر دەكاتەوەو لەروی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە بایەخی زیاتر بە هەرێمی كوردستان دەدرێ، بەتایبەت كە ئێستا چەندان نوێنەرایەتی و قونسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە.
لەئەمڕۆی كوردستاندا بەدەیان پارتی سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەو تیڤی و رادیۆ و كەناڵی راگەیاندن هەن، كە ئازادانە كاری خۆیان دەكەن و رێگرییەكی یاسایی و سیاسی بوونی نیە، ئەو ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندن و فرە حزبیەی لە كوردستاندا هەیە، نمونەیەكی گەشی ناوچەكەیە و جێی شانازی و دەستكەوتە بۆ خەڵكی كوردستان.
لەم یادەدا بەپێویستی دەزانین سەبارەت بە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵێین كە ئێمە بەوپەڕی سنگفراوانییەوە لەگەڵ حكومەتی بنكە فراوانداین و دەخوازین هەموو لایەك، بەپەرۆشی و گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەلەبەرچاوگرتنی رەوشی كوردستان بەشدارییحكومەت بكەن و لەدەوری ئامانجێكی گەورەو نیشتمانیی كۆببینەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بەردەوام روبەڕووی هەڕەشە و مەترسی جۆراوجۆر دەبێتەوە و ئەركی پاراستنی دەبێتەئەركێكی گشتگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرچاوەگرتن لە هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستانی و پتەوتركردنی گیانی پێكەوەیی و یەكدەستیی نەتەوەییمان و بونیاتنانی هەرێمێك لە پێكەوەیی و ئاشتەوایی و، دەستەبەری مانەوە و پاراستنی ئەزموونی كوردستانین.
لە روخاندنی رژێمی بە عسیدا، كورد رۆڵێكی گرنگی هەبوو، لەو پێناوەشدا هەزاران شەهیدی داوە، هەروەها لە دوای ساڵی 2003، سەركردایەتی كوردستان دیسانەوە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستور و بە دیموكراسی كردنی عێراق، بەڵام بەداخەوە تێبینی دەكرێ ساڵ بەساڵ پاشەكشە بە پرۆسەی دیموكراسی دەكرێ و جگە لەوەی هیچ خزمەتگوزارییەك بە هاوڵاتیانی عێراقناكرێ، وڵات دووچاری كارەساتەكانی شەڕی تایفی و مەركەزییەت دەكەنەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و بە دیالۆگ كێشەكانی عێراق بە گشتی و بەتایبەتیش ئەوانەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت. هەڕەشەو بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، شەڕێكی سیاسییە و مەبەست سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانە، بۆیە رەتی دەكەینەوەو تێكچوونی بارودۆخەكەش دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان.
ئەزموونی راپەڕین و حوكمڕانی باشووری كوردستان رێنیشاندەری پارچەكانیتری كوردستانە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان كە گونجاوە لەگەڵ ئاراستە و ویستی سیاسەتی ناوچەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگای ئاشتیانە. هەروەها هەرێمی كوردستان باشترین و لەبارترین پەناگەیە بۆ پاڵپشتی و هاوكاری و، كەش و زەمینەیەكی لەبارە بۆ سودوەرگرتن و پشتیوانیكردنی داواكانیان بۆ گەشتن بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكانیان.
ئەوەی ئێستا بەدەستهاتووە بەرهەمی راپەڕینە. پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین و پەرەپێدانی، ئەرك و بەرپرسیارێتی هەموو لایەكە. لەم یادەشدا جەخت لەسەر زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و باشتر كردنی ژیانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال كراوەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەینەوەو بەردەوام دەبین لە كاروانی ئاوەدانكردنەوەو بونیادنانەوەی كوردستان و باشتركردنی ژیانی خەڵكی كوردستان. یادی راپەڕین پابەندمان دەكات كە كورد و كوردستانیبوون و رەسەنایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنی ئابووری و ئازادی سیاسی و سەربەخۆبوونی دەسەڵات و دەوڵەتداری لە ئامانج و رێگای كورت و درێژی كاروانەكەمانە.
لەكۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی تەواوی شەهیدانی رێگەی رزگاریی كوردستان و بەلێندەدەین درێژەپێدەری كاروانی خەبات و كۆشش و تێكۆشانبین لە پێناو پاراستنی دەسكەوتەكان و گواستنەوەی دۆخ و دۆزی كوردستان لە قۆناغێكی باشترەوە بۆ باشترین.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
5ی ئادار 2014




