فازڵ میرانی: بەردەوام پالپشتیی هەموو بزووتنەوەیەكی رزگاریخوازی دەكەین لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا

لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەروكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا، جۆرج سەبرا، سكرتیری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی ڕایگەیاند، "بەردەوام پالپشتیی هەموو بزووتنەوەیەكی رزگاریخوازی دەكەین لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا."
ئەمرۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سەلاحەددین، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە جۆرج سەبرا سەروكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا و شاندی یاوەری كرد.
لە دانیشتنێكدا كە ئازاد بەرواری و مەحموود محەممەد و جەعفەر ئیمینكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و رەمزی شەعبان ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، وێرای بەخێرهێنانی میوانان، میرانی خوۆشحالیی خۆی بۆ ئەم سەردانەیان دەڕبری و دووپاتی كردەوە كە پارتی هەر لە دەستپێكی شۆرشی گەڵی سووریا پشتیوانی و هاوسۆزی خۆی بۆ گەڵی سووریا و گەیشتن بە ئارمانجەكانیان بووە.
میرانی هەروەها گوتی "بەردەوام پالپشتیی هەموو بزووتنەوەیەكی رزگاریخوازی دەكەین لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا، لەبەر ئەوەی كە ئێمە گەلێكین زۆر زۆرداری و نەهامەتیمان بینیوە. گەلی كورد زولم و وێرانكاریی زۆری چێشتووە لە دەست دوژمنانی."
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی گەلی سووریایش سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەڵی كورد و جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند و، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ یارمەتیدان و حەوانەوەی پەنابەرانی سووریا لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان كرد.
جۆر ج سەبرا جەختی كردەوە كە، پارتی مێژوویەكی پڕسەروەریی هەیە لە خەبات و بەرخودان و قوربانییەكی زۆری لەم پێناوەدا داوە و سەركردەی گەورەی بەناووبانگی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورددا هەبووە كە بوونە رەمز و سیمبول لە جیهاندا، كە هەردەم هاوخەم و هاوسۆز بوون بۆ دۆزی گەلانی ستەملێكراو.
هەروەها كورتەیەك لەبارودۆخی مەیدانی و سیاسیی سووریای خستە روو و ئاماژەیشی بە بارودۆخی نالەباری مرۆیی و ئێش و ئازاری گەلی سووریا كرد.




