پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمرکراتی کوردستان بۆ یەکێتی قوتابیانی کوردستان

بەبۆنەی شەشت و یەکەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەر و خۆراگرەکەتان گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و کادر و ئەندامەکانتان دەکەین و بەتایبەتیش لەم هەلومەرجە نوێیەی کوردستاندا رۆل و پێگەی ئێوە هەمیشە سەنگین و کاریگەر هەڵدەسەنگێنین و وەکو چۆن شانازیش بەو مێژووە دەکەین کە لەرابردوودا نەک هەر تەنیا وەکو قوتابخانەیەکی پڕ کۆشش و بەرهەم دەرکەوتووە، بەڵکو رۆلی مێژوویشی گێڕا و رووبەروی دوژمن و رژێمە فاشیەکان بوویەوە،هەروەها بەدەیان سەرکردە و کادر و ئەندامی دیار و لێوەشاوەی دروست کردووە. کەلەتەک ئەرکە دیارەکانی تێکۆشان، بەردەوامیش کاری کردووە ئاستی زانستی و پەروەردە و فێرکردن بەرەو پێش بچێت.
بە بۆنەی دامەزراندنی یەکێتییە جێ متمانەکەتان، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیواخوازیشین وەکو هەمیشە رۆلی پیشەیی و زانستی خۆتان بگێڕن و خزمەتی قوتابیان لە هەموو ئاست و پلەیەکدا بکەن، نەک هەر بەتەنیا داکۆکی لە ئاستی زانستی و ئەکادیمی لە بوارەکانی خوێندن بکەن و کار بۆ پێشخستن و پێشکەوتنی ئەو بوارە گرینگ و کاریگەرە بکەن، بەڵکو پێویستە لەرێگەی بەرنامە و پرۆگرامە نیشتیمانی و زانستی و رۆشنبیرییەکانیشتان هەر ئەو قوتابخانە دروستکەر و وەبەرهێنە بن، کە لە ماوەی شەست و یەک ساڵی رابردوودا بەرێزەوە سەیرکراوە، ئەمەش دەبێتە مایەی پێگەیاندنی سەرکردە لە کۆمەڵگە و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و وریا و خودان هوشیاری کوردستانی و پێکەوەژیان و یەکسانی و رێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی.
بەم بۆنەوەیەوە جارێکی دیکەش پیرۆزبایتان لێدەکەین و هەمیشە سەرکوتوو بن، لەپێناو خزمەتی زیاتر بە قوتابیان و بورای پەروەردە و فێرکردن و بڵاوکردنەوەی هوشیاری کوردستانی و پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دادپەروەریی و خزمەتکردن و داهێنان و پەروەردەیەکی سەردەمیانە.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان




