مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات

بەرێزان لە مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئسیلامی کوردستان، بە بۆنەی بیستەمین ساڵەی دامەزراندنی حزبە کۆڵنەدەرەکەتان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و کادر و ئەندام و لایەنگرەکانتان دەکەین. ئومێد دەکەین لە یادی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا، هەموو لایەنە سیاسییەکان پەرە بە کارکردن بدەن لە پێناو یەکریزی و هاندانی گیانی نیشتیمانی و بەیەکەوە ژیان و ئەو بنەما نیشتیمانیانەی دەبنە مایەی پێشکەوتن و گەشەکردنی کوردستان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لەیەکگەیشتنی هاوبەش و یەکخستنی گوتاری کوردستانیمان لە ناوەخۆ و دەرەوەدا.
لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایمان بۆ برایانی یەکگرتوو، ئومێد دەکەین پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو لامان هەمیشە لە پێشکەوتن بێت، لە پێناو پەرەپێدانی گیانی کوردستانی بوون و کارکردن لە پێناو بەرەو پێشەوەچوونی کوردستان و ئاوەدانی زۆرتر و خزمەتکردنی گەلی کوردستان.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ دەخوازین و بە هیوای پەیوەندی بەردەوام و قوڵکردنەوەی گیانی رێزگرتن لەیەکتر و پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و یەکبوونی نەتەوە و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بۆ خزمەتی زیاتری گەلی کوردستان و ئاوەدانی و بوژانەوەی پتری وڵاتەکەمان.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان




