٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بنكەیەكی تەندروستیی لە شنگار كردەوە و هاوكاریی پرۆژەی ئازیزانی بەسەر 400 منداڵ دابەشكرد

سەرچاوە: KDP.info

لەدرێژەی كار و چالاكییەكانیدا لە ناوچە و شوێنە جیاجیاكانی كوردستان، دوێنێ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگار بنكەیەكی تەندروستیی لە گەڕەكی شەهیدانی قەزای شنگار كردەوە و هەر لە شنگار هاوكاریی بۆ 400 منداڵ لەمیانەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزان دابەشكرا.

لەمبارەیەوە مووسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەلێدوانێكیدا ڕایگەیاند: دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە لە بودجەی خۆیان بووە لە ناوچەكە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەم قەزا كوردپەروەرە، ڕاشیگەیاند: زەویی بنكەكە 3500 مەتری دووجا ڕووبەرییەتی و ڕووبەری بیناكەی 2600 مەتری دووجایە و بەبودجەی 600 هەزار دۆلار دروستكراوە وجگە لەبەشە سەرەكییەكانی تاقیگە و ژووری تیشك و دەرمانخانەی تیادایە كە بەیانیان و ئێواران دەوامی تیادا دەكرێت ئەمە جگە لەژووری دكتۆران و ماڵێكی تایبەت بۆ ئەو دكتۆرانەی لەدەرەوەی شەنگارەوە دێنە ئەوێ ئاماژەی بەوەشدا لایەنی حكوومی لەدابینكردنی زەوی لەمبارەیەوە هاوكار بوو و سوپاسی هێمن گرووپ و خاوەنەكەی خالید خۆشناو كرد بۆ هاوكاریكردنیان بۆ سەرخستنی پرۆژەكە و هیواشی خواست خەڵكانی دیكەی دەوڵەمەندیش كاری لەمجۆرە بكەن بەتایبەتی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە لەزۆر پرۆژە حەیەوییەكان بێبەشن.

هاوكات موسا ئەحمەد ڕایگەیاند: هەر ئەمڕۆ لەمیانەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزان بۆ هاوكاریكردنی منداڵی بێ دایك و باوك دەزگاكەیان هاوكاریی گەیاندە 400 منداڵ هاوكارییەكەش هی 4 مانگە واتا هەر منداڵێك 200 دۆلاری وەرگرت بۆ 4 مانگ، دووپاتیشیكردەوە ئەم پرۆژەیە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان سەركەوت و ئێستا كار بۆ زیاتر فراوانكردنی دەكرێت كە ناوچەكانی كەركووك و گەرمیان و مووسڵیش بگرێتەوە و دووپاتیكردەوە دەزگاكەیان دەرگای خۆی بۆ هەموو خێرۆمەندان كردۆتەوە و دووپاتیشیكردەوە دەزگاكەیان جاری یەكەم نییە ڕوو لەناوچەی شنگار و ناوچەكانی دیكەی عێراق و كوردستان دەكات بەتایبەتی لەڕوودانی هەر كارەساتێكی سروشتی یانیش كردارێكی تیرۆریستی لەناوچەیەك ڕووبدات و هەمیشەش دەزگاكەیان بە ڕێنماییەكانی بارزانیی نەمر بەخزمەتكردنی مرۆڤایەتی و ڕێنماییەكانی سەرۆك بارزانی لە ئەركی خۆی بەبێ درێغی بەردەوام دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار