پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن بەبۆنەی هەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی (زاگرۆس تیڤی)ـیەوە

هەڤاڵی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی زاگرۆس تیڤی
هەڤاڵان بەڕێوەبەرانی بەشەكان و ئامادەكارانی بەرنامەكان و ستافی بێژەران و پەیامنێران و نووسینگەكان و گشت كارمەندانی كەناڵە خۆشەویستەكەی زاگرۆس
بەبۆنەی هەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی زاگرۆس تیڤییەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین و لە رێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە هەموو بینەرانتان دەكەین و هیوادارین لە كارەكانتان سەركەوتووبن و رۆژ لە دوای رۆژ وەكوو ئەوەی پێی ناسراون هەر روو لە پێشكەوتن و نوێخوازی و داهێنان بن.
زاگرۆس لە هەلومەرجێكی جیاواز لەمەی ئەمڕۆمان هاتە دامەزراندن و پێشەنگ بوو لە پێشكەش كردنی مۆدێلێكی نوێی كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو، لەسەر بنەمای راستگۆیی و ئاشكرابێژی و گەیاندنی زانیاری بە بینەران و خزمەتكردنی رەوتی ئەرێنی لە سیاسەتدا و پەرەپێدانی كولتوور و زمان و هونەر و ناساندنی رەهەندە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگا و تیشكخستنە سەر ئاریشە و كەموكورتییەكان و چارەسەرییەكان، بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە و لەبەر رۆشنایی بنەماكانی ئیتیكی میدیایی كارتان كردووە و ئەڵقەیەكی پەیوەندی باشتان لەنێوانی خەڵك و حكومەتدا دروستكردووە، كە دەرەنجام خزمەتی زۆری بە پێشكەوتن و گەشەكردنی كوردستانەكەمان كردووە. هەر لەسەر ئەم رەوتە چاوەڕوانی زیاترتان لێ دەكرێ و ئێوەیش توانایەكی راستەقینەی بەدیهێنانی ئەو چاوەڕوانیانە و زیاتریشن.
سەركەوتوو بن و، بەردەوام لە پێشكەوتن و گەشانەوەدا بن
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


