١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە بەرپرس و مامۆستایان و قوتابیانی دەرچووی خوولی 18 ئەكادێمییای كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە بەرپرس و مامۆستایان و قوتابیانی دەرچووی خوولی 18 ئەكادێمییای كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بە دەقیقەیەك ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر دەستی پێ كرد و لە كۆبوونەوەدا كە محمود محمد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و قادر قاچاغ ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی ئەكادێمییای كادیران ئامادی بوون.

سەرەتا قادر قاچاغ كورتەیەك لەسەر كارو چالاكیەكانی ئەكادێمییای كادیرانی باس كرد.

پاشان فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی باسی گرنگی ڕۆڵی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو ئەركە قورسەی كە لەمەودوا دەكەوێتە سەر شانیان بۆ كاركردن و پێشڤەبردنی كارە حزبیەكانیان كە دەبێ بە چاوكراوەیی و دوور ئەندێشی ئەركەكانیان بەجێ بێنن.

دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی ئەو كێشەو گرفتانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەن دەگەرێنێتەوە بۆ بەرپرسانی ئێستای عێراق بەلەبەرچاونەگرتنی ئەركی خۆیان كە روانینیان لە مافە رەواكانی گەلی كورد وەك زیادەخوازی دەبینن و رۆل و كارگێری و سەنگی كورد لە عێراقی نوێ دا نابینن.

هەروەها سەبارەت بە دەستووری هەرێمی كوردستان میرانی دوپاتی كردو ووتی هەر وەك روون و ئاشكرایە كە هەڵوێستی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان شەرعیەت دانە بە ئیرادەی گەلی كوردستان، وەكو هەموو جار دووپاتی دەكەینەوە كە رای گەلی كورد گەورەترە لە هەر جۆرە رێككەوتنێك كە حزبەكان لە بەرژەوەندی خۆیان دا بێت بكەن و بیانەوێت رای خۆیان لە سەرووی ئیرادەی گەلی كورد دابنێن.

هەروەها میرانی ئاماژەی دا كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە هەوڵی داوە كە رەوشی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارێكەوە بەباشترین شێوە بەرەوپێش ببات و دابین كردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك و كارە خزمەتگوزاریەكان بەئەركی خۆی دەزانێ و بە رەچاوكردنی مافی هاوڵاتیان و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ بیركردنەوەی ئازادی تاك لە ناو كۆمەڵگای كوردستاندا.

لە كۆتایی دا دەرگای گفتوگۆ كرایەوەو وەڵامی هەموو پرسیارەكانیان دایەوەو پێشنیارەكان بەهەند وەرگیران.

هەواڵی پەیوەندیدار