١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

رێككەوتنی ستراتیژی پەیمانێكی سیاسی نیشتمانییە
بەرپرسیارێتی گەورە و گرنگ بۆ ئەم قۆناغە و ئایندە دەخاتە ئەستۆی هەردوولامان

هەڤاڵی خۆشەویست و تێكۆشەر (مام جەلال) سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
هەڤاڵان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەكردایەتی و گشت ئەندامان و لایەنگرانی حزبی هاوپەیمانمان
سڵاوی كوردایەتی و خەبات و بونیاتنانی كوردستانتان لێ بێ

بە بۆنەی 38 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایتان لێ دەكەین و هیواردارین یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان هەردەم لە پێشكەوتندا بێ و بەو ئامانجە نیشتمانی و دیموكراتییانە بگات كە لەپێناویدا خەباتی كردووە.
پارتیمان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پێكەوە قۆناغی گرنگمان لە كاروانی خەباتی رزگاری نیشتمانیدا بڕیوە. هاوپەیمانێتی نێوانمان لەگەڵ حزبە تێكۆشەكانی دیكەی كوردستاندا هێزی بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و دایەنەمۆی راپەڕینی ئاداری 1991 و یەكەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راگەیاندنی فیدراڵی بوو. ئەم دەستكەوتانە و زۆری دیكەیش، سەرەڕای كۆسپ و تەگەرەی زۆرو زەوەند، بوونە بنەما بۆ گەشەپێدانی زیاتری هەرێمەكەمان و دۆزی رەوای گەلەكەمان تا ئێستا كە بە شانازییەوە دەبینین كوردستان ناوبانگێكی ناوچەیی و جیهانی پەیدا كردووە و كەوتۆتە سەر نەخشەی وزە و سەرمایەگوزاریی جیهان و بەردەوام لە پێشكەوتن و گەشەكردندایە و دیموكراسی و خۆشگوزەرانی و ئازادییەكان تێیدا چەسپاوتر و زیاتر دەبن.
رێككەوتنی ستراتیژی نێوانمان وەكوو پێویستییەكی سیاسی و چڤاكی دروست بوو. لە بنەڕەتدا و لە پراكتیكیشدا دەركەوت كە پەیمانێكی سیاسی نیشتمانییە و بەرپرسیارێتی گەورە و گرنگ بۆ ئەم قۆناغە و ئایندە دەخاتە ئەستۆی هەردوولامان. پێوەری راستەقینەی ئەو هاوپەیمانێتییەمان بریتی بوو لەوەی كە هەمیشە لە پێكەوەبوونماندا دەستكەوتی مەزن بۆ گەلەكەمان و دۆزی رەوای كورد هاتوونەتە دی و كۆسپەكانی بەردەم گەیشتن بە ئاواتی نەتەوەیی و نیشتمانیمان رەوینەتەوە. بۆیە ئەركی سەرشانمانە كە بە هەمان هەستی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە كار بكەین بۆ مانەوە و گەشەپێدانی.

لەم بۆنەیەدا هیوادارین هەڤاڵی خۆشەویستمان (مام جەلال) سكرتێری گشتی و سەرەككۆماری عێراق چاك بێتەوە و بە زووترین كات بەتەندروستییەكی باشەوە بگەڕێتەوە ناومان و ساڵی داهاتوو لە ئاهەنگەكانی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەیدا شان بەشانی هەڤاڵانی، بەشداری بكات.
دووبارە پیرۆزبایی گەرممان قبوڵ بكەن

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار