لەكۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و زەحمەتكیشان باس لە پرۆژەی دەستوور و ریفراندۆم كرا
ههولێر- KDP.info/ د.كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب، پێشوازیكرد لە شاندێكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، كە پێكهاتبوو لە بەرێزان بەهمەن حوسێن جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان و سەعد خالید ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لە دیدارێكدا بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و كوردستان و ناوچەكە گفتوگۆی لەسەر كرا و بیروڕا لەم بارەیەوە ئاڵوگۆڕكران.
هەروەها پەیوەندی نێوان پارتی و حزبی زەحمەتكێشان و هەوڵدان بۆ پتەوتر كردنی ئەو پەیوەندییە بەشێكی تری گفتوگۆكان بوو.
پرسی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و ریفراندۆم لەسەری بابەتێكی دیكەی قسە و باسەكان بوو، تێیدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دەستوور گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان داوا بكرێت گشت لایەنەكان هاودەنگ بن تاوەكو لە ریفراندۆم دەنگی لەسەر بدرێت و پاشان پێكەوە كار بكەن بۆ هەمواركردنەوە، بۆ ئەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بدرێتە ریفراندۆم و خەلكی هەرێم دەنگی لەسەر بدات كە مافێكی شەرعی خۆیەتی، چونكە ئەم پرۆژە دەستوورە هەموو قۆناخە یاساییەكانی خۆی لەپەرلەمان بڕیوە و كاتی خۆشی 36 لایەنی كوردستانی پەسەندیان كردووە و ئەو كات 5 هەزار تێبینی لەلایەن حزب و لایەنەكان و كەسایەتی و خەڵكی كوردستان لەسەری درابوو و رای پسپۆر و شارەزایانی دەستووری لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەهەند وەرگیرابوو.
هەردوولا لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون، كە زۆر گرنگە لەم قۆناخەدا كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت و مامەلەیەكی یاسایی و دروستی لەگەڵدا بكرێت و میللەت مومارەسەی دەنگدانی خۆی تێدا بكات.
هەردوولا تەئكیدیان لەوە كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك نابێ بێ یاسایی بەو پرۆژە دەستوورە بكرێت كە هەموو قۆناخە یاساییەكانی خۆی تێپەڕاندووە و ماوەتەوە میللەت دەنگی خۆی لەسەر بدات.
سەبارەت بە كاندیدكردنی سەرۆك مەسعوود بارزانی بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی، شاندی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان تەئكیدیان لەوە كردەوە كە كوردستان پێویستی بەكەسایەتی و لێهاتوویی سەرۆك مەسعوود بارزانییە و زەروورەتێكە بەتایبەتی لەو قۆناخەدا داوای لێ بكرێت، جارێكی تر خۆی كاندید بكاتەوە و ئەو رێرەوە نیشتمانی و نەتەوەییە بگەیەنێتە كەناری ئارام.
هەردوولا لەسەر ئەوە جەختیان كردەوە كە ئەو جۆرە كۆبوونەوانە پێویستە بەردەوام بێ، لە پێناو ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا و گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكان.

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


