١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازەوە

سەرچاوە: KDP.info

وەكوو ئەو رۆژە سەختانەی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەنفال یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانمان پێویست بوو، ئەمڕۆیش بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان و بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ئەگەرەكان پێویستیمان بەهەمان یەكڕیزی هەیە

 

بە بۆنەی ساڵڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازەوە پیرۆزبایی گەرم لە گەلی كوردستان و گشت پێشمەرگە نەبەردەكان و هەموو ئەو خەباتكارانە دەكەین كە بە شێوازی جۆراوجۆر كاردەكەن بۆ پارستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات و پەرەپێدانی دەستكەوتەكان و گەشەكردن و چەسپاندنی بنەما رەسەنەكانی دیموكراسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان كە ئەمڕۆ بوونەتە نیشانە و ئاماژە دیارەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا.

لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ شەهیدانی رێی رزگاری كوردستان و هەموو ئەو دلێرانە دەنێرین كە لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجە رەواكانی دۆزی كوردەواریدا گیانیان بەخشی.

سڵاو بۆ حزبە كوردستانییە رەسەنەكان كە رۆڵی بەرچاو و نەبەردیان لە درێژەدان بە كاروانی خەبات و بەرخودان و یەكڕیزی گەلەكەماندا هەبوو.

شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان وەڵامدانەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كوردستان بوو بۆ نائومێدی. هەڵسانەوەی میللەتێك و دۆزێكی رەوا بوو لەپێناوی شكست هێنان بە پیلانێكی ئیقلیمی مەترسیدار كە بۆ لەناوبردنی ئیرادە و بوونی ئەم گەلە مۆركرا. مێژوویش هەقیانەتی ئەو شۆڕشە مەزنەی سەلماند و، وەكوو درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلول توانی بەسەر پیلانەكاندا سەربكەوێ و، ئەوانەی ئەو رێككەوتنەیان مۆركرد لەناوچوون و میللەتی كورد و دۆزەكەیشی بە زیندوویی مایەوە.

شۆڕشی گوڵان قوتابخانەی یەكڕیزی و هاوسەنگەری گەلی كوردستان بوو تا گەیشتن بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی كە هەوێن و داینەمۆی راپەڕینی ئاداری 1991 و دەستكەوتە گەورەكانی دواتری، لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و راگەیاندنی فیدراڵی و هەموو ئەو گەشەكردنە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی هەرێمی كوردستانیان خستۆتە ریزی كارەكتەرە كاریگەرەكانی ناوچەكە و جیهان.

هەموو پێدراوەكان ئاسۆیەكی روونیان لەبەردەم كاروانی خەبات و كۆششی گەلەكەمان كردۆتەوە، بەڵام هاوكات وەكوو ئەو رۆژە سەختانەی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەنفال و جینۆساید یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانمان پێویست بوو، ئەمڕۆیش بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان و هاوكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكانی گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا پێویستیمان بەهەمان گیانی پێكەوەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە و، دەبێت لە رەهەندە جیاجیاكانیدا بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە كار بكەین، بەتایبەتی كە لەسەر ئاستی عێراق ئەركی گەورەی گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و چەسپاندنی دەستوور و بنەماكانی تەوافوق و شەراكەت و ژمارەیەك كێشەی هەڵپەسێراو لەنێوانی ئێمەو حكومەتی فیدراڵدا ماون و دیاریكردنی بژاردەی گرنگترمان بۆ جۆری پەیوەندیمان بە دەوڵەتی عێراقەوە كەوتۆتە ئەستۆ . هەروەها لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوچەییش بەشێكی گرنگی چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی بە شێوازی ئاشتی لە چاوەڕوانی رۆڵی كاریگەری هەرێمی كوردستاندایە.

دووبارە لەم یادەدا سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی رێی رزگاری و خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین.

سڵاو بۆ یادی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ و هەموو ئەو تێكۆشەرانەی سەرقافڵەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕشگێڕی و بەرخودان بوون.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

26/5/2013

هەواڵی پەیوەندیدار