١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

ده‌قی وتاره‌كه‌ی به‌رێز مەسرور بارزانی له‌سیمینارێك بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆ

سەرچاوە: KDP.info

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
جەنابی وەزیر و سەرۆك و مامۆستایانی زانكۆ و خوشك و برایانی بەڕێز و هەڤاڵانی قوتابی
زۆر خۆشحاڵم، كە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم و زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی هەموو یەكەكتان دەكەم زۆر بەخێربێن
زۆرخۆشحاڵم كە ئەم دەرفەتەمان بۆ رەخسا بۆ ئەوەی بتوانین لەخزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین وباس لەچەند بابەتێكی هەنووكەیی بكەین كە پەیوەندییان بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وداهاتووی وڵاتەكەمانەوە هەیە وحەزدەكەم لەو چەند ساتەی ئێمە لێرەین لەسەر چەند خاڵێك هەڵوەستە بكەین و ئەوەی بتوانین پێشكەشی بەڕێزتانی بكەین و دواتریش لەخزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بین ئەگەر پرسیارتان هەبێت.
لەسەرەتا ئەوەی پێویستە باسی بكەین، كەمێك بەشێوەیەكی گشتی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین كە گۆڕانی خێرا بەسەر ناوچەكە دا دێت بەسەردادێت و دەبێ ئێمەش خۆمان بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە ئامادە بكەین.
بەدرێژایی مێژوو ئەم ناوچەیە گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بەداخەوە لەبەر هەر هۆكارێك بووبێت چ كورد ئامادە نەبووبێت یانیش بەشداریی پرۆسەی سیاسی نەبووبێت نەیتوانیوە دەرفەت لەو گۆڕانكارییانە وەربگرێت كە پێشتر بەسەر ناوچەكەدا هاتووە وئێستاش دەبینین ئەو گۆڕانكارییانەی دەكرێن پێویستە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان وەكو نەتەوەی كورد وخەڵكی كوردستان ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەرفەتە ببینەوە وبەباشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین.
یەكێك لەو شتانەی ئێمە دەتوانین بیكەین ئەوەیە ئێمە هەموو بەیەكەوە بە هەموو بیروبۆچوونی جیاوازەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین یەكڕیزی ویەك هەڵوێستیی خەڵكی كوردستان بپارێزین بۆ ئەوەی بتوانین پێگەیەكی بەهێزمان لەچۆنییەتیی مامەڵەكردنمان لەگەڵ پێشهاتەكانی ئێستا و دواڕۆژمان هەبێت. بۆ ئەوەی بتوانین بەهێزبین ویەكڕیزیمان بپارێزین پێویستیمان بەگفتوگۆ و یەكتر قبووڵكردنە پێویستە هەموو مان بەر لەهەموو شتێك بیر لەوە بكەینەوە چۆن بەرژەوەندیی باڵای وڵات وگەلەكەمان بخەینە سەرووی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و تاكە كەسیی خۆمان، بۆ ئەمەش لێبووردەیی و شارەزاییمان دەوێت و دەبێ هەموومان پێكەوە هەوڵی ئەوە بدەین یەكتر قبووڵ بكەین وئەوەی بۆ هەموولایەك سوودی هەیە بتوانین سیاسەتێكی وا بگرینە بەر كە تەنیا وتەنیا بیر لە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەكەمان بكەینەوە.
خاڵی بەهێزی هەرێمی كوردستان زۆرن، یەكێكیان پاراستنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی خۆمانە ئەمە یەكێكە لەو خاڵە بەهێزانە، خاڵێكی دیكە ئەوەیە ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین بۆ پشتیوانیكردن لەهێزی پێشمەرگە و ئەو هێزانەی پاراستنی خەڵكی كوردستانیان گرتۆتە ئەستۆ، ئێمە دەبێ پاڵپشتی لە هەموو ئەو هێز و دەزگایانە بكەین كە ئەركی پاراستنی ژیان وماڵی ئێمەیان بەدەستەوەیە، دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین پاڵپشتی لەسیاسەتی حكوومەتی خۆمان بكەین بۆ پەرەپێدانی دروستكردنی بنەمایەكی بەهێزی ئابووری، ئەمانە هەموویان پێگەی بەهێزن بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمێكی بەهێزمان بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك هەبێت.
پێویستە ڕێز لەمافی مرۆڤ بگرین بۆ ئەوەی بۆ هەموو دونیای بسەلمێنین ئێمە وەكو نەتەوەیەكی چەوساوە و وڵاتێكی داگیركراو دەزانین پێشیلكردنی مافی مرۆڤ واتای چیی هەیە؟ دەبێ ڕێز لەمافی مرۆڤ بگرین بۆ ئەوەی بەهەموو خەڵكی دونیا بڵێین، كە ئێمە نەتەوەیەكی ئاشتیخوازین و بڕوامان بەشێوازی پێشكەوتووی چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، شێوازی حكومڕانی لە وڵات بۆ ئێمە تائێستا شێوازێكە كە تاكو ئێستا پێموایە پێویستە هەموومان شانازیی پێوە بكەین بەوەی كە توانیومانە تاڕادەیەكی زۆر مەسەلەی دیموكراسییەت دەستەبەر بكەین.
دیموكراسییەت لەپێناسەی مێژوویی خۆیدا بەو واتایەی كە پێشتر لە یۆنانی كۆن بەناوی demos-cratos ناسراوە ئەویش واتای دەسەڵاتی گەل دەدات كەواتە گەل خاوەنی دەسەڵاتە، كەواتە ئەمە چۆن دەستیپێكرد وچۆن بەرەو پێش چوو، لەیەكەم هەنگاوەكانیدا دیموكراسییەت بەشێوەیەكی ئۆلیگاركی یاخود نوخبەیەكی لە ناو گەلدا دەركەوت بەوەی هەڵبژاردنیان لەنێودا دەكرا و بڕیاریان لەسەر چارەنووسی تەواوی خەڵكی خۆیان دەدا ودواتر وردە وردە پەرەی سەند وبەشێوازێكی جیاواز دیموكراسی هاتە كایەوە و لەگۆڕەپانی سیاسی مومارەسەی لەسەر كرا وتائێستا پێشكەوتووترین و كراوەترین وپێشكەوتووترین شێوازی دیموكراسییەت دیموكراسیی لیبرالییە كە باسی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و جیاكردنەوەی هێزەكانی دەسەڵات دەكات لە وڵاتدا.
بۆ ئەوەی باسی ئەم پرسە بكەین، دەمەوێ تۆزێ باس لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بكەم، ئێمە لەساڵی 1991ـەوە دوای ئەوەی تووشی ئەنفال وكیمیاباران بووین ودەربەدەری وژێردەستیمان بینی وئازاری زۆرمان چەشت هەموولایەك هەستیان بەوە كرد كە پێویستە بەرەو دیموكراسییەت وڕێزگرتن لەمافی مرۆڤ هەنگاو بنێین وئەوەبوو لەسەر پێشنیاری جەنابی سەرۆك لەساڵی 1992 یەكەمین پرۆسەی هەڵبژاردن كرا وتوانیمان پەرلەمان وحكوومەت دابنێین و وردە وردە دەست بە دامەزراندنی دامودەزگا بكەین بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری خەڵكی ئەم هەرێمە، لەم كاتەوە تاوەكو ئێستا پێشكەوتنی زۆر لەهەرێمی كوردستان كراوە و بینیمان كە شێوازی ژیان وستانداردی ژیانی لەهەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكە زۆر پێشكەوتووترە. سەقامگیریی ئەمنی لە كوردستان بە بەراوردكردن لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق ودەتوانم بڵێم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر جیاوازتر و ئارامترە، تەنها بۆ ئەوەی وەكو نموونە بۆتانی بهێنمەوە لەساڵی 1991 تاوەكو ئێستا كە 22 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت ژمارەی ئەو كردە تیرۆریستیانەی لەكوردستان ئەنجامداران تاوەكو ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ئەو كردەوە تیرۆریستییانەی لە عێراقدا دەكرێن هەمووی پێكەوە لەم 22 ساڵە بەقەد یەك ڕۆژی ئەو كردەوە تیرۆریستانە نین كە لەبەشەكانی دیكەی عێراقدا دەكرێن، ئەمە بۆ هەمووتان جێی شانازییە چونكە ئێوە خاوەنی ئەم وڵات وئەم دەزگایانەن، كە ئەركی پارێزگاریكردن لەئەرك وژیان وگیان وماڵی هاووڵاتیانیان بەدەستەوەیە.
لەڕووی سیاسییەوە دەبێ شانازی بكەین چونكە توانیومانە كارێكی وا بكەین چەندین حزب لەكوردستاندا دەستبەكار بێت وئێستا سیستەمی فرە حزبی جێگیرە وپەرلەمانێكمان هەیە لەچەندین حزب پێكهاتووە، ئەوانەی لەدەسەڵاتن یان ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆنن. هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز لەكوردستاندا كە بەردەوام ڕەخنەش بگرێت واتای ئەوە دەدات دیموكراسییەت لەكوردستاندا چەند پێشكەوتووە، كەواتە سیستەمی دیموكراسی لەكوردستاندا جێگیر بووە ئەگەر كەموكوڕیش هەبێت پێویستە هەموولایەكمان هەوڵی ئەوە بدەین نەیانهێڵینەوە وپەنا بەخوا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو بنێین.
لەبارەی پرسی دیموكراسییەت وەكو باسمكرد ئەو حزب ولایەنە سیاسییانەی مومارەسەی دیموكراسییەت دەكەن دەبێ ئەوە بزانن دیموكراسییەت بە واتای خۆی حوكمی زۆرینە یان دەسەڵاتی زۆرینەیە، كە دەتوانێ لە ئەنجامی هەڵبژاردنێكی گشتی دەسەڵات بگرێتە دەست بەڵام بەڕێزگرتن لەمافی كەمینە، كەمینە نەك بەواتای نەتەوە یا ئاین، بەڵكو بە واتای كەمینەی سیاسی چونكە هەموو حزبێك لەكوردستان ئایین ونەتەوەی جیاوازی تیادایە، بەڵام ئەگەر لایەنێك نەیتوانی زۆرینەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت ئەوا وەكو كەمینەیەكی سیاسی دەتوانێت ئیش وكاری سیاسی خۆی بەڕێوە ببات و لە هەموو كاتێكیشدا بیروڕاكانیان جێگەی ڕێز و تەقدیرە.
بەڵام لەحوكمڕانیكردن ئەو هێزانەی دەتوانن متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان وەربگرن بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی وڵاتیان دەكەوێتە سەرشان، حزبێك دەچێ بەشداریی هەڵبژاردن دەكات و پرۆژەیەكی سیاسی پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكات، دەڵێ ئەمە پرۆژەی سیاسیی منە و دەمەوێ لەسەر ئەو بنەمایە حوكمڕانی ماوەی داهاتوو بكەم ئەگەر دەنگم پێدرا، خەڵكیش دوای خوێندنەوەی ئەجەنداكە یا بڕوای بە بەرنامەی سیاسیی ئەم حزبە هەبێت دەنگی پێدەدات كەواتە ئەم حزبە بەرپرسە بۆ حوكمڕانیكردن لەو ماوەیەی چەند ساڵەی كەلەسەر حوكم دەمێنێت، كەواتە جێبەجێكردنی ئەم ئەجەندایە ئەركی سەرەكیی حكوومەتە، ئەو حكوومەتە ئیتر چ حزبێك بەڕێوەی دەبات یان بەشێوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە، مادام حوكم كەوتە دەستی ئەم دەسەڵاتە جێبەجێكردنی ئەجەنداكە ئەركی سەرەكیی ئەوە چونكە خەڵك دەنگی بەم بەرنامە و بەم ئەجەندایە داوە و چاوەڕوانە چۆن جێبەجێبكرێت، كەواتە لێرە حزب داهێنەری ئەجەندایەكە بۆ شێوازی حوكمڕانی و حكوومەت كەرەستەی جێبەجێكردنی ئەم ئەجەندایە و ئەم سیاسەتەیە، لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن مافی خۆیانە لەدژی ئەم ئەجەندایە بوەستن چونكە خۆشیان داوای دەسەڵات دەكەن وكەس لەپێناو پۆپۆزیسیۆن بوون ئۆپۆزیسیۆن نییە، ئۆپۆزیسیۆنە چونكە نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگی خەڵك بەدەستبهێنێت و بەشێوەی كەمینە ماوەتەوە ومومارەسەی كاروباری خۆی دەكات لەپەرلەمان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بێتە سەرحوكم.
هەندێ جار دەبینین هەندێك بابەت باسی لێوە دەكرێت كە تەنیا و تەنیا لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی حزبییەوە پێناسە دەكرێن وپێشكەشی خەڵكی دەكرێن وناخۆشییەكەیشی لەوەدایە ئەو قسانە وا باس دەكرێن ئەوانە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵكن وهەرچی دەسەڵات دەیكات جیاوازە لەوەی خەڵك ویستویەتی، تەواو بە پێچەوانەیە چونكە ئەو حزبانەی هاتوونەتە دەسەڵات بەدەنگی خەڵكەوە هاتوون و ئەو حزبانەی ئێستا حوكمڕانی دەكەن متمانەی خەڵكیان لەگەڵدایە بۆیە حوكمڕانی دەكەن، ئنجا ئۆپۆزیسیۆن بەرنامە خۆی دەبێت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدا دەكات ئەمە بابەتێكی دیكەیە چونكە دەیەوێ خۆی بێتە سەر دەسەڵات كەواتە ماقووڵ نییە و لەهیچ شوێنێك لە دونیا من نەمبینیوە دەسەڵات بێت ئەجندای ئۆپۆزیسیۆنێك جێبەجێ بكات كە داوای ڕووخانی دەسەڵات دەكات كە ئەمە نەكرێت بەداخەوە لەڕووی ئیعلامییەوە لە نێو خەڵكیشەوە شتی وا باسكراوە وەك بلِێی دەسەڵات ڕێز لە دیموكراسییەت ناگرێت، چۆن شتی واهەیە؟ئەی دیموكراسییەت مەفهوومی چییە؟ تەواو بەپێچەوانەوە. ئەگەر ڕای كەمینە بەسەر ڕای زۆرینە سەپێندرا ئەمە دەبێتە خاڵی دیكتاتۆرییەت نەك ڕای زۆرینە رێزی لێبگیرێت، بۆیە ئەگەر سەیری بكەین ئەو حزبە سیاسییانەی بەناوی ئۆپۆزیسیۆن كاردەكەن ئەگەر ڕێز لەو دیموكراسییەتە بگرن پێویستە ڕێز لە دەنگی زۆرینەی ئەو خەڵكە بگرن، دەسەڵاتەكەیان پێ باش نییە دەبێ كاربكەن لەماوی ئەم چەند ساڵە بۆ ئەوەی بتوانن لەماوەی چەند ساڵی ئایندە لەهەڵبژاردن بۆ ئەوەی بێنە سەر دەسەڵات وئەوەی دەیانەوێ جێبەجێی بكەن، بەڵام پرسیارەكە لەوەدایە : ئەگەر كەمینەیەك ئامادە نەبێت ئێستا قبووڵی دەنگی زۆرینە بكات ئەگەر سبەی خۆی هاتە سەر حوكم و دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا ئایا ئامادەیە واز لەپرۆژەی خۆی بهێنێت وبڵێت كەمینەیەكی ئۆپۆزیسیۆن داوای لێكردووم ئەجەندای من بەكاربهێنێت ئیتر من واز لەئەجەندای خۆم دێنم و ئەجەندای ئۆپۆزیسیۆن بەكار دێنم، ئەگەر ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان كرا من دڵنیان دەڵێن نا وقبووڵی ناكەن، كەواتە ئەوەی لەسەر خۆت قبووڵی ناكەین چۆن پێشبینیی ئەوە دەكەین یەكێكی دیكە لەسەر تۆی قبووڵبكات، ئنجا مەبەست ئەوە نییە كامیان ڕاستە وكامیان ڕاست نییە پرسەكە تەنها بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو مەسەلەیەیە كە چۆن دیموكراسییەت لە وڵاتێكی دیموكراسیدا مومارەسە دەكرێت.
شێوازی حوكمڕانی كردن لە كوردستان وا باسی لێوە دەكرێت شێوازی سەرۆكایەتییە داوا دەكەین پرۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم بەندانە هەموار بكرێنەوە، دیسان دەڵێم پرسیارەكە لەوەدا نییە، كە لایەنێكی سیاسی لەگەڵ گەڕانەوەی پرۆژەی دەستوورە بۆ پەرلەمان و لایەنێكی دیكەش لە دژی گەڕانەوەیەتی، لێرە بابەتەكە یاساییە، ئایا یاسا ڕێگە دەدات ئەو پرۆژە دەستوورییەی كە لە پەرلەمان زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگیان بۆی داوە و تێپەڕیوە ن ئێستا مافی خەڵكە دەنگی بۆ بدەن،ئایا پرۆژەدەستوورەكە باشە یان باش نییە، بەچ یاسایەك ئەم یاسایە دەكرێ بگەڕێتەوە؟ ئەوان دەڵێن سازانی نیشتیمانی، مەفهوومی سازانی نیشتیمانی چییە؟ كەواتە هەموو مافێكی ئەم وڵاتە مافی خۆیەتی دەنگبدات، ئایا هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە ئەندامی حزبە؟نەخێر، تەنیا ئەو لایەنانەی لە پەرلەماندا ئەندامی حزبن نوێنەرایەتیی ئەو لایەنە سیاسیانە دەكەن. بەپێی ئەو داتایانەی كە سەیرمان كردوون نزیكەی 25-30% ئەندامی هیچ حزبێكی سیاسی نین، ئایا ئەوانە مافی ئەوەیان نییە بڕیاربدەن لەسەر ئەوەی پرۆژەی دەستوور پەسەند بكرێن یان نا؟ئایا ئەوانەمافیان نییە دەنگ بەوە بدەن شێوازی حوكمرانی لەوڵاتەكەیاندا بەچ شێوازێك بێت؟ ئەمانە هەموو جێگەی پرسیارن.
من باڕوونتر بۆ ئێوەی خۆشەویست باس بكەم، كاتی خۆی شێوازی هەڵبژاردن لەكوردستان لەپەرلەمان بوو، دەبوایە سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئۆپۆزیسیۆن جەختیان لەسەر ئەوە دەكرد كە سەرۆك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردریت، ئەمەش قبووڵكرا و بابەتەكە وای لێهات و شێوازەكە بووە ڕاستەوخۆ، ئێستا دەڵێن شێوازەكە دەبێ ئیللا جارێكی دیكە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانەوە هەلبژێردرێت، ئەو گۆڕانكارییە لەپێناو چی و بۆ؟چونكە بەرژەوەندیی حزبەكە گۆڕاوە، من دێمە سەر باسی ئەوە بەڵام ویستم باسی سیستەمی حوكمڕانی وشێوازی هەڵبژاردن بكەم.
ئنجا زۆر لەپسپۆڕ وشارەزایانی ڕیزبەندیكردنی دیموكراسییەت، سیستەمی ئۆلیگارشی بەسیستەمی پەرلەمانی ودیموكراسیی نوێنەرایەتیی پۆلیندەكەن، چونكە ئەو نوێنەرانەی لەپەرلەمان هەڵدەبژێردرێن نوێنەرایەتیی بەشێك لە كۆمەڵگا دەكەن نە وەكوو هەموو كۆمەڵگا، زۆر خەڵك هەن حزبی نین بەڵام مافی دەنگدانیان هەیە كەواتە ئەگەر هەموو شتێك لەپەرلەماندا قەتیس بكرێتەوە مافی بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان دەسووتێ. كە دەڵێن دەستوور بگەڕێتەوە، بۆ بگەڕێتەوە؟ لەبەر ئەوەی سیستەمەكە سەرۆكایەتییە.
ئەمە پرۆژەی دەستوورە، لەلاپەڕەی پێنج لە دەروازەی یەك بنەما سەرەكییەكان ماددەی یەك دا هاتووە : كوردستانی عێراق هەرێمێكە لەنێو دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا، سیستەمە سیاسییەكەی پەرلەمانی كۆماری دیموكراتییە، و پشت بە فرەلایەنیی سیاسی وبنەمای لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان ودەستاودەستكردنی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی گشتیی ڕاستەوخۆی نهێنییەوە دەبەستێت.
واتا جیاوازی لەسەر ئەوە نییە سیستەمی حوكمڕانی لەكوردستاندا دەبێ بەچ شێوەیەك بێت ئەمە خۆی پرۆژە دەستوورەكە دەڵێت سیستەمێكی پەرلەمانی كۆماریی دیموكراسییە.
پرسیارەكە لەوەدایە كەلەسەرەتاوە باسمكرد : ئایا یاسا ڕێگە دەدات ئەم دەستوورە بۆ هەمواركردن بگەڕێتەوە یان نا؟ ئەگەر سەیری یاسای پەرلەمان بكەین ئەوا هەموو قۆناغە یاساییەكانی خۆیدا تێپەڕاندووە و لە پەرلەماندا دەنگی بۆ دراوە، كێ دەنگی داوە، پارتی،یەكێتی بەگۆڕانەوە كە ئەو كات بەشێك بوو لەیەكێتی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگروو وحزبەكانی دیكە دەنگیان لەسەر دا وتێپەڕیوە و چۆوەتە لای جەنابی سەرۆك و ئیمزای لەسەر كردووە وناردوویەتی بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی ڕیفڕاندۆمی لەسەر بكرێت.
نامەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەیە دەڵێت : لەبەر هۆكاری تەكنیكی جارێ ئامادە نین ئەم پرۆژە دەستوورەی هەرێمی كوردستان بدەینە ڕیفڕاندۆم، كەواتە هۆكاری دواكەوتنی ڕیفڕاندۆم لەسەر ئەم دەستوورە مەسەلەیەكی تەكنیكییە و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لێی بەرپرسیارە،بەڵام مەسەلە ئەوە نییە قۆناغە یاساییەكانی تەواو نەكردووە ودەبێ بگەڕێتەوە.
ئێستا بەرژەوەندیی حزبێك گۆڕاوە و ڕای جیاواز لەسەر ئەوە هەیە چۆن هەڵبژاردن بكرێت وشێوازی حوكمڕانی چۆن بێت، حزبێكی سیاسی چۆن دەتوانێ ئەم كارە بكات؟ سبەی حزبێكی دیكە یان لایەنی دیكە دێت داوای ئەوە دەكات هەموو دەستوورەكە دەبێ هەموار بكرێت، بەو شێوەیە ناكرێت ولەوڵاتانی دونیادا هەیە دەستوور لەچەندین قۆناغدا هەمواركراوەتەوە بەڵام بەندەكانی دەستوور هەمواركراونەتەوە كەواتە ئێستا مافی سروشتیی خەڵكە خۆیان بێن وبڕیاربدەن وبڵێن ئەو دەستوورەمان پێ باشە یان نا ودەنگی لەسەر دەدەین یان نا، ئەگەر دەنگیان لەسەر دا، كەواتە ئەو هەموو گلەیی و گازاندانە واتای نابێت چونكە ئەگەر زۆرینەی خەڵك بۆچوونی لەگەڵیدا بێت كەواتە خەڵك پەسەندی دەكات وئەگەر لەگەڵیشیدا نەبێت ئەو كاتە ڕێگەی یاسایی دەكرێتەوە بۆئەوەی پرۆژەكە بگەڕێتەوە پەرلەمان بۆ هەمواركردن . تەنانەت ئەگەر لەڕیفڕاندۆمیش پەسەند كرا و خەڵك دەنگی بۆ دا ئەو كاتە بەندەكانی دەستوور چونكە گۆڕانكاری بەسەر باردۆخ وناوچەكەدا دێت، لەوانەیە هەندێ لە بەندەكان پێویستییان بە هەمواركردنەوە هەبێت ئەو كاتە دەكرێ لەسەر داوای پەرلەمان بهێندرێتە پەرلەمان و بەڕێژەیەكی یاسایی دەنگی لەسەر بدرێت وماددە ناكۆكی لەسەرەكان جارێكی دیكە دەخرێتەوە بەردەم خەڵك و ئەوكاتە بڕیاری لەسەر دەدرێت، كەواتە ئەوەی پەسەند دەكرێت واتای ئەوە نییە تاهەتایە وەكو خۆی بمێنێتەوە بەڵكو ڕێگەی یاسایی هەیە، جگە لەمە ئێستا گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان بەبێ ئەوەی بخرێتە ڕیفڕاندۆمەوە پێشیلكردنی یاسایە جا هەر كەسێك داوای بكات.نە سەرۆكی هەرێم، نە سەرۆكی حكوومەت ونە هیچ حزبێكی سیاسی مافی ئەوەیان نییە بتوانن ئەم پرۆژە دەستوورییە بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان.یاسا رێگە نادات.
كە دەڵێن سازانی نیشتیمانی، كاكە سازانی نیشتیمانی لەسازانی سیاسی جیاوازە وئەوانەی ئەو برادەرانە باسی لێوە دەكەن سازانی سیاسییە چونكە كۆمەڵە حزبێكی سیاسی بڕیاری ئەوە دەدەن لەجیاتی خەڵك بڕیاربدەن جا ئەگەر متمانەیان بەخەڵكی دیكە نییە ئەوە شتی دیكەیە بەڵام لێرەدا ڕێژەیەكی زۆر لەخەڵكی كوردستان لەوە بێبەش دەبێت كە چۆن بریار بدات ئەم دەستوورە پەسەند بكرێ یان نا؟ چونكە هەموو كەسێك دەنگی بەو حزبانە نەداوە بەڵام چونكە دەستوور دەستووری هەموو خەڵكی كوردستانە و یەكەمینجارە خەڵكی كوردستان دەبێتە خاوەنی دەستوور لەوانەیە هەموو خەڵكی كوردستان حەزی لەوە بێت دەنگ بەم دەستوورە بدات، ئەی وەڵام بۆ ئەو كەسانە چییە كە، وەڵام بۆ ئەو 30%ـە چییە كە ئەندامی هیچ حزبێكی سیاسی نین وهیچ نوێنەریان بۆ پەرلەمان بۆ خۆیان دەستنیشان نەكردووە؟مافی ئەوانە چی لێدێت؟ با ئەو حزبانە وەڵامیان بدەنەوە، بزانین بەچ شێوەیەك ئەم یاسایە ئەم دەستوورە دەتوانێت ئەم كاتە بەنوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان یان بەدەنگی هەموو كوردستان پەسەند كراوە یان ڕەتكراوەتەوە.
كەواتە لێرە مەسەلەكە ویستی تایبەتی حزب یان كەسایەتی نییە. سەرەرای ئەمەش لەساڵی 2009دوای ئەوەی ئەم پرۆژە دەستوورە لەپەرلەمان پەسەندكرا، كەسایەتییەكی سیاسی سكاڵای لەدادگای فیدراڵ لەبەغدا تۆماركرد و شكایەتی كرد لەبارەی چۆنییەتیی تێپەڕاندنی بوو لەو سەردەمە،دادگای دەستووری لەوەڵامدا رەتی كردەوە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە مەسەلەكە بەشێوەیەكی یاسایی تێپەڕیوە، كەوتە دەبێ پابەندی ئەم بریارە بن. ئەم قۆناغەش تێپەڕیووە با ئێوەش ئاگادار بن.
لەڕاستیدا خاڵێكی هەرە گرنگ كە باس ناكرێت یان زۆرجاران بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە باسی لێوەناكرێت شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ تاكە كەسێك و نەفەرێك نییە، لەوانەیە ئێستا یەكێك سەرۆكی هەرێم بێت ماوەیەكی دیكە یەكێكی دیكە سەرۆك بێت، ئەمە بۆ نەتەوە و نیشتیمان وسیستەمێكە بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە، كەواتە ئەو سیستەمەی داندراوە بۆ تاكەكەس دانەندراوە . بەڵام ئەو حزبە یان ئەو كەسایەتییە كە ناتوانێت بەتەنیا دەنگی زۆرینە بێنێت بیر لەشێوازی دیكە دەكاتەوە بۆ ئەوەی چۆن بێتە نێو دەسەڵات، ئەمەش مافی سروشتیی خۆیانە و كەس ناتوانێت بڵێت نەخێر تۆ مافی ئەوەت نییە، ئەو داكۆكی لەو شێوازە دەكات چونكە پێیوایە ڕێگەیەكی بۆ دەدۆزرێتەوە بەوەی بێت ولەحوكمڕانی بەشداربێت. لەپەرلەمان بۆ نموونە چەند حزبێكی سیاسی هەریەكە و ڕێژەیەكی دیاریكراوی هەیە و ئەوان دەتوانن سبەی هاوپەیمانییەكی سیاسی ببەستن بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكێك یان هەر بڕیارێك لەپەرلەمان بدرێت، بەڵام جیاوازییەكە لەچیدایە؟ ئەگەر ڕای زۆرینەی خەڵك لەگەڵ ئەم هاوپەیمانییە سیاسییەدا بێت جیاوازییەكەی ئەو كاتە چییە ئەگەر خەڵك ڕاستەوخۆ ئەو دەنگانە بدات؟ ئەگەر زۆرینەی خەڵك لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمان یەك بێت ئەو كات هیچ جیاوازییەك نابێت و قەیاناكا باڕێگە بدەن خەڵك خۆی دەنگبدات بەڵام خۆیان دڵنیا نین وخۆیشیان دەزانن كەزۆرینە لەپەرلەمان واتای زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستان نییە بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە نایانەوی راستەوخۆ خەڵكی كوردستان دەنگبدات وئەمە مافی زۆرێك لەخەڵكی كوردستان دەخوات بۆیە هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەو پرسە ئەوەیە لەهەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ هەموو تاكێك مافی ئەوەی هەیە دەنگبدات و پێویست ناكات نوێنەرێك لەپەرلەمان لەجیاتی تاكێكی دیكە دەنگبدات، هەریەكێك لە ئێمە مانان دەنگ بەكەسایەتییەك دەدەین بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمان نوێنەرایەتیی ئێمە بكات و یاسامان بۆ دابڕێژێت، بەڵام ئایا ئەگەر هاتە سەر ئەو خاڵەی پێی بڵێ ئامادەی لەجیاتی جەنابت ئەو كەسە، كەسێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی هەڵبژێرێت واتا خۆت ئەو مافە لەخۆت دەستێنیت و وا دەكەیت یەكێكی دیكە لەجیاتی تۆ ئەو كارە بكات؟ مەرج نییە هەموو خەڵك لەسەر ئەم بۆچوونە هاوڕابن وئەگەر واش بوو كێ دەتوانێت ئەم ڕایە بدات؟ئەوەی كە نوێنەری هەڵبژاردووە ئەی ئەوەی نوێنەری هەڵنەبژاردووە؟ ئەی مافی ئەو ودەنگی ئەو چی لێدێت؟ بۆ ئەوەی ڕوون بێت پرسی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە مافی تاك بە تاكی هاووڵاتیانی كوردستانەوە هەیە وهەموو كەسێك لەم هەرێمە مافی ئەوەی هەیە سەرۆك بۆخۆی دەستنیشان بكات وبڵێت من ئەوەم دەوێ یان ئەوەم ناوێ،دەنگی ئەوان یەكلاكەرەوەیە، ئنجا كە لێرە لایەنی سیاسی دژی ئەم شێوازی هەڵوێست وەردەگرێت هۆكاری هەیە چونكە لەپەرلەمان هاوپەیمانیی سیاسی دەكرێت بەڵام بەدڵنیاییەوە دەربڕی ڕای زۆرینە نییە چونكە ئەگەر وابێت بەشێوەیەكی ئاسان دەتوانن راستەوخۆ بەخەڵك بڵێن خۆیان بێن دەنگ بدەن ئنجا ئەمە مەسەلەی شێوازی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەو جۆرەیە، ئێمە داكۆكی لەمجۆرە دەكەین وپێشمانوایە دیموكراسیترە و مافی خەڵكیشە بڕیاری ئەوە بدەن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرۆكێك هەڵبژێرن. دوای ئەمە ئێمە هەرێمێكی فیدراڵین و وڵاتێكی سەربەخۆ نین و ئەو گۆڕانكارییانەی لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێن زۆرجار تەحەكوم بەسەر پێشهات وئایندەی وڵاتەكەشمان دەكەن، ئایا ئێمە پێویستیمان بەچی هەیە؟ پێویستیمان بەوە هەیە داكۆكی لەمافە نەتەوەیی ونیشتیمانیی وڵاتەكەمان بكەین یانیش پێویستیمان بەوە هەیە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی لەبەرچاو بگرین؟
سەرۆكێك ببێتە سەرۆكی ئەم هەرێمە دەبێ لەپرۆژەی سیاسیی حزبێك بەرزتر بێت، چونكە وەكو باسمكرد هەموو كەس حزبی نییە و سەر بەلایەنێكی سیاسی نییە بەڵام هەموو كەس هاووڵاتی ئەم وڵاتەیە ومافی خۆیانە بڕیار لەچارەنووسی وڵاتی خۆیان بدەن وبڕیار بەوە بدەن متمانەیان بە كێیە بۆ ئەوەی سبەی داكۆكی لەمافی خۆی بكات. لەوانەیە كوردستان سبەی بكەوێتە شاڵاوی هێرشێكی دڕندانە، دەبێ یەكێك هەبێت سازش لەسەر بەرژەوەندیی وڵاتی خۆی نەكات، بەرژەوەندیی وڵاتەكەی لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبیی خۆی دابنێت وهەر كەسێك بێت، دەبێ نوێنەرایەتیی تاكەتاكەی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە بكات ونابێ هەموو شتێك بهێنین وتەنیا لەقاڵبی چەند حزبێكی سیاسیدا كۆی بكەینەوە، هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بۆ ئەوە باشە چونكە هەموو كەسێك مافی پێدەدرێت كە بڕیار لەسەر شێوازی حوكمڕانی كردن یان مافی چارەنووسی خۆی بدات، ئێمە هێشتا قۆناغی زۆرمان ماوە بیبڕین وچۆن سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین؟ خۆ ئەو دەرفەتانەی ئێستا دێنە ئاراوە مەترسیشی لەگەڵدایە، بەداخەوە كاتی خۆی كە باسی مێژوو دەكەن دەڵێن كورد نەیتوانیوە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت كە بۆی هاتوونەتەپێش یانیش كورد ئامادە نەبووە یەكڕیز نەبووە یانیش بەشداریی پرۆسەی سیاسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی نەكردووە . ئەو كاتەی كورد ئامادە نەبوو لەوانەیە دەرفەت هاتبێتە پێشەوە، ئەوكاتیش كە كورد ئامادەیە دەیەوێ دەرفەتەكە لەدەستبدات . ئنجا دەبێ ئێمە حیسابی ئەوە بكەین دەبێ چی بكەین كەمترین زەرەر وزیانمان بەربكەوێت و زیاترین سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین ؟ ئێمە پێمانوایە تەنها مافی خەڵكە بڕیار لەوە بدات وهیچ حزبێكی سیاسی بۆی نییە ئیدیعای ئەوە بكات لەجیاتی هەموو خەڵكی كوردستان دەنگدەدات ونوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات.
من بەشانازییەوە ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستانم بەڵام ئیدیعای ئەوە ناكەین پارتی نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات، پارتی ئێستا بەهێزترین هێزە لەهەرێمی كوردستان بەڵام قەت ئیدیعای ئەوە ناكەین پارتی بۆچوونی خۆی بەسەر خەڵكی دیكەی كوردستان دەسەپێنێت وناشكرێت لایەنێك ڕێژەكەی زۆر كەمتر بێت و بڵێت من نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم وئەوەی دیكەش پشتگوێ بخات.
كەواتە قبووڵكردنی یەكتر و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات پێویستە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیی حزبی سیاسی دا بێتبێت ولەم حاڵەتەش كە خیلاف دروستدەبێت و كێشە لە شێوازی دەربڕینی بیروبۆچوون دروستببێت وهەموو حزبە سیاسییەكان نەیانتوانی تەوافوقی نیشتیمانی لەسەر بابەتێك بكەن دەبێ خەڵك ببێتە حەكەم وبڕیار بدات بڵێ ئەمەم پێ باشە وگرنگ ئەوەیە ڕاستییەكان بۆ خەڵك دیاریبكرێت وخەڵك خۆی بڕیار بدات كە چیی پێ خۆشە و دەنگ لەسەر ئەوە بدەن، هەموو لایەنە سیاسییەكان دەبێ پابەندی ئەو بڕیارە بێت كە لەئەنجامدا خەڵك دەیدات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار