پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانەوە

بەڕێزان سكرتێر و سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
بە بۆنەی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتانەوە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەین و دەستی ماندووبوونتان دەگوشین و خەباتی ئێوە وەكوو رێكخراوێكی پیشەیی و گشت مامۆستایان وەكوو پەروەردەكار و بەرهەمهێنەری نەوەی نوێی وڵاتەكەمان، بەرز دەنرخێنین.
رێكخراوەكەتان لە هەلومەرجێكی زۆر سەختدا و لەو كاتەدا كە تەنیا ساڵێك بوو شۆڕشی ئەیلوول بە رووی دیكتاتۆریدا بەرپا ببوو، لە دایەك بوو. بۆیە هاوكات رێكخراوێكی پیشەیی بوو بۆ داكۆكیكردن لە داواو خواستەكانی مامۆستایان و برەودان بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، هەروەها ئامڕازێكی شۆڕشگێڕانەی ئەم توێژە كۆمەڵایەتییە پێشەنگە بوو بۆ رەتكردنەوەی دیكتاتۆری و شۆفێنییەت و پاراستنی زمان و فەرهەنگی كوردی و گۆشكردنی نەوەكانی وڵات بە بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی و پێكەوەژیان و ئاشتی.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی مەزنی ئێوە لە پرۆسەی پەروەردە و گەشەكردن و پەرەسەندنی نەوەی نوێدا بەرز و بەڕێز رادەگرین، هاوكات بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە پشتگیری داوا رەواكانتان بین كە داوا و خواستی رەوای مامۆستایانی كوردستانن بۆ پێشكەوتنی سستمی پەروەردە و خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەكی هوشیار و نیشتمانپەروەر هەروەها بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران و ژیانی توێژی مامۆستایان.
رێكخراوەكەتان لە ماوەی 51 ساڵی رابردوودا جگە لە خەبات بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن هەروەها خەباتی نەپساوەی لە پێناوی مافە نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستاندا هەبووە و لە خەباتی شاخدا هەم قەڵەمەكەی و هەم چەكی پێشمەرگایەتیشی لە سەنگەردا دژی دوژمنانی ئەم گەلە بەكارهێناوە و قوربانی و شەهیدی زۆروزەوەندی بەخشیوە بە بزووتنەوەی رزگاری كوردستان. لەم بۆنەیەدا سەری رێز و نەوازش بۆ ئەوان و خانەوادە سەربەرزەكانیان دادەنەوێنین.
دووبارە ئەم یادە لە ئێوەی بەڕێز و گشت مامۆستایان پیرۆز بێ و رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەكردن و پەرەسەندنی بەردەوامدا بن
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


