روونکردنەوەیەک لە لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا

لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی NRT لە بارەی تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەژ بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا بەدرۆ دەخاتەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:
بەداخەوە، دوێنی 9/5/2013، لە هەندێ دەزگای راگەیاندن و ماڵپەڕی فەرمی و کەناڵی ئاسمانیی NRT هەواڵێکی بێبنەما بڵاو کرایهوه کە گوایە "پارتی دیموکراتی کوردستان" لە بەغدا سکاڵای لە سەر "یەکیێتی نیشتمانیی کوردستان" تۆمار کردووە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای بەغدا، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بڵاو بکەیەنەوە.
لیستی برایەتیی کوردی فەیلی ژمارە 519 لیستێکی کوردیە تایبەتە بە برایانی فەیلی کە لە شاری بەغدا و کوت لە گەڵ چەندین لیستی دیکە رکابەریەتی لە سەر (یەک کورسی کۆتا) دەکەن. لیستەکە پێکهاتووە لە دوو کاندید. کاندیدێکی لە لایەن "ی.ن.ک" لە بەغدا پاڵێوراوە و کاندیدێکیش لە لایەن " پ.د.ک پاڵێوراوە. فوئاد عەلی ئەکبەر، کاندیکی پ.د.ک نیە بەڵکو کەسایەتیەکی کوردی فەیلی بێلایەنە، بۆیە مافی خۆیەتی ئەگەر گومانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێت، سکاڵا تۆمار بکات. بۆیە کاک فوئاد عەلی ئەکبەر خۆی سکاڵای تومار کردووە وەک کاندیدێک نەک پارتی.
ئێمە وەکو پارتی لە بەغدا و لە کوت پشتگیری تەواوی لیستەکەمان کردووە کە خۆشبەختانە توانیویەتی ئەم کورسیە بەدەست بهێنێت کە لێرەدا جێگای خۆیەتی سوپاسی هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی شاری بەغدا و کوت بکەین کە پاڵپشت بوون بۆسەر خستنی لیستی برایەتیی کوردانی فەیلی.
ئێمە لە "پ.د.ک" ئەم هەواڵانە رەت دەکەینەوە و تەئکید لە سەر برایەتی و هاوپەیمانیی ستراتیجیی نێوان "ی.ن.ک" و "پ.د.ک" دەکەینەوە و بە گیانێکی برایەتی کارەکانی خۆمان ئەنجام دەدەین و ئەمجۆرە هاواڵانە خزمەت بە گەلی کورد و دۆزە رەواکەی ناگەیەنێت.
لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەغداد 10/5/2013

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


