بە بۆنەی یادی 24 ساڵەی دامەزراندنییەوە پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پارتی برایەتی توركمان

برای بەڕێزمان وەلید محمد شەریكە ئەمینداری گشتی پارتی برایەتی توركمان
برایان لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و گشت ئەندامانی پارتی برایەتی توركمان
بەبۆنەی هاتنەوەی یادی دامەزراندنی پارتی برایەتی توركمانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین و لەلایەن خۆمانەوە و بەناوی سەركردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم یادە بەرز و بەڕێز رادەگرین و هیواردارین پارتی برایەتی توركمان هەمیشە لە گەشەسەندندا بێت و كاروانی خەبات و كۆششی لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانج و مافە رەواكانی نەتەوەی توركماندا بەردەوام بێت.
نەتەوەی توركمان لە عێراق و لە هەرێمی كوردستاندا پێكهاتەیەكی گرنگە و بە دابین كردنی مافەكانی لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و كولتووریدا، دیموكراسی سەقامگیرتر و پرۆسەی گەشەكردن برەوی زیاتر دەبێ.
لە هەرێمی كوردستاندا گەلی توركمان شوێنی راستەقینەی خۆی لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و لە دامودەزگا سەروەرییەكاندا كردۆتەوە و كۆڵەگەیەكی پتەوی پێكەوەژیانی ئاشتییە، بۆیە بایەخ پێدانی زیاتر بە دوا رەواكانی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئەركێكی نیشتمانی حاشاهەڵنەگرە.
نەتەوەی توركمان لەسەردەستی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، دووچاری چەوسانەوە و راگواستن و لەناوبردنی ناسنامە بۆتەوە، ئێستایش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەگشتی و لە ناو كەركووكدا بەتایبەتی رووبەڕووی تیرۆر و پەلاماری گروپە چەكدارە شۆفێنی و توندڕەوەكان بۆتەوە. ئێمەیش بڕوامان بەوەیە كە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی هەموو ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان كێشە و گرفتەكانی توركمان چارەسەر دەبن و دەتوانن بە ئاشتی و لە شوێنی شایستەی خۆیان لە ژیانی سیاسیدا لە ناو هەرێمی كوردستاندا بژین و گەشە بكەن.
پارتی برایەتی توركمان لەم بارەیەوە دیدگای لەگەڵ ئێمە و هەموو هێزە كوردستانییەكان كۆكە و بڕوامان بەوەیە كە خەباتی راستگۆیانەی ئەو لەم پێناوەدا دێتە دی و گەلی توركمانیش بە ئاواتەكانی دەگات.
دووبارە یادی دامەزراندنی پارتی برایەتی توركمان پیرۆزە.
سەركەوتوو سەرفرازبن
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


