١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

راگەیاندراوی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی رۆژی رۆژنامەگەری كوردییەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەموو ساڵێك لە 22ی نیساندا كە هاوكاتە لەگەڵ دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەگی بەدرخان لە ساڵی 1898دا، یادی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی دەكەینەوە و بە شانازیەوە ئاوڕ لە تەمەنی ئەو كاروانە بەردەوام و پڕ بەرهەمە دەدەینەوە و قۆناغ و دەستكەوتەكانی بەرز دەنرخێنین و بە گەشبینی و هیواوە لە ئاییندەكەی دەڕوانین.

رۆژنامەگەری كوردی لە ماوەی 115 ساڵی رابردوودا رێگایەكی سەختی لە بونیاتنان و خۆڕسكانددا بڕیوە بۆ داڕشتنی بنەماكانی ئیتیكی رۆژنامەگەری كە پیشەوەری و راستگۆیی و بەرپرسیارێتی بنەماكانی كار بن. لەو تەمەنەیدا پێشەنگی ئەو دامەزراوە كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتوریانە بووە كە كاریان بۆ هۆشیاركردنەوە و بەرچاورۆشنكردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستانی كردووە.

لە رەوتی بەرەوپێشچوونی هزری نەتەوایەتی و ئازادیخوازانەی كوردەواریدا، رۆژنامەگەری كوردی ئامڕازێكی كاریگەر و داكۆكیكارێكی شێلگیر و پارێزەر و پەرەپێدەری زمان و كولتور و هونەر و كایە جیاجیاكان بووە.

لەقۆناغی تێكۆشانی شاخ و پێشمەرگایەتیدا، رۆژنامەگەری كوردی لە ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا سەنگەرێكی بەرگری و بڵندگۆیەكی دلێری جۆشدانی گیانی بەرخودان و ئامڕازێكی گرینگی پەیوەندی نێوان جەماوەر و شۆڕش و گەیاندنی هەواڵ و چالاكیەكی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و دەرخستنی راستیەكان و هەڵدانەوەی پەردە بوو لەسەر سیاسەتی رژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق و هەموو نەیارانی كورد و كوردستان.

لەسەردەمی خەباتی دیموكراسی و بنیاتنانی وڵات و دانانی ستونەكانی حوكمڕانی خۆماڵی و ئازادیدا، رۆژنامەگەری كوردی رۆڵی یەكجار كاریگەری هەبووە و چاودێرێكی رەخنەگرە بەسەر ژیانی سیاسی و حزبی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و پەرلەمان و حكومەت و دەزگا و فەرمانگەكانەوە و لە پێگەی خۆیدا وەكو دەسەڵاتی چوارەم رۆڵ دەگێڕێت. هەمیشە ئەوەشی لێ چاوەڕواندەكرێ كە لەتوانایدایە كاری مەزنتر و بەرهەمی بەپێزتر پێشكەش بكات و سەروەرییەكانی ئەم بوارە زیاتر بكات و لێكەوتەكانی بەسەر ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتوریوە ئەرێنیتر و جێپەنجەی بە شێوازی ژیان و هۆشیاری كۆمەڵگا و پڕۆسەی گەشەپێدان و چاكسازی و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی زیاتر دیار و بەرچاوبێت.

لەكاتێكدا بە بۆنەی 115 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییەوە، پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە پشتیوانی لە ئازادی و فراوانكردنی زەوینەی كاری رۆژنامەگەری و ئەو یاسایەنە دەكەین كە ئامانج لێیان رێكخسنتی ئەم بوارە گرینگە و دەستنیشانكردنی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و سیاسی رۆژنامەنوسان و رێگری پێشێلكارییەكانە. هەروەها جەخت دەكەینەوە كە بنەماكانی ئیتیكی كاری رۆژنامەگەری و بەڵێننامەی شەڕەفی كاری رۆژنامەگەری و چاودێریكردنی رەخنەگرانە و هەموو پایە و پێوەرەكانی دیكەی كاری ئەم بوارە، بەشێكی دانەبڕاون لە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی كە فەزایەك لە متمانە و پەیوەندی دیموكراسی لە نێوان كۆمەڵگا و هەموو دامەزراوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و پێكهاتە ئیتنیكی و ئایینی و كولتوریەكاندا پەیدا دەكات و بەردەوام پەرەی پێدەدات بە ئاراستەی هەرچی زیاتر تەبایی و پێكەوەژیان و رێزگرتن لە تایبەتمەندییەكان و دووركەوتنەوە لە تانەوتەشەر و بڵاوكردنەوەی گیانی رق و كینە و توندوتیژی و رەتكردنەوەی یەكتر و تێكشكاندنی پێوەرەكانی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی.

دووبارە یادی 115 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی لە خۆمان و هاوكار و هاوپیشەكانمان لە هەر رۆژنامە و گۆڤار و ناوەندێكی میدیایی كاردەكەن، پیرۆز دەكەین و، سڵاو و وەفای خومان ئاراستەی سەربازە ونەكان و هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین كە تواناكانیان لە پێناو بەردەوامی و پێشخستنی رۆژنامەگەری كوردیدا خستۆتە گەڕ.

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار