لەژێر چاودێری جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكێتی قوتابیانی كوردستان كۆنفرانسێكی كراوەی ساز كرد

ئەمرۆ شەممە 20/4/2013 لەژێر چاودێری دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و لەژێر دروشمی ئێمە هەموومان بۆ خاكین، خاكیش بۆ هەموو كوردستانە، یەكێتی قوتابیانی كوردستان كۆنفرانسێكی كراوەی بە بەشداری كۆمەڵێك رۆشنبیر و كەسایەتی و لایەنە سیاسیەكان لەهۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانكۆی سەلاحەدین ساز كرد.
سەرەتا بەسرودی ئەی رەقیب و دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد دواتر فاتیح مەولەوی زادە سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەوتەیەكی بەخێرهێنان دا ئامانجی سازدانی ئەو كۆنفرانسەی خستە روو لەپێناو گفتوگۆكردن لەبارەی گوتاری نەتەوەیی و هەستی ئینتیمابوون و گۆرینەوەی بیرورای ئامادەبوان لەبارەوە بۆ ئەوەی دەرئەنجامی ئەو كۆنفرانسە بكرێتە كارنامەیەك و بۆ خزمەتكردنی زیاتری پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان كاری بەردەوامی لەسەر بكرێ
پاشان لەوتارێكدا دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی: ئەگەر ئەمرۆ بۆ دوێنێ زەمەنێكی دوور بێت بەڵام جیاوازی لە تەحەدیەكان داوێكە و مەترسیەكان هێشتا تێ نەپەریوون جیاوازی بیروباوەرەكان لەنێوان فیداكاری دوێنێ و گەران بەدوای ئیمتیازات و رەخنەی رووخێنەر ئەمەیە وامان لێ دەكا بیربكەینەوە بگەرێنەوە بۆ ئەو رووحیەتە فیداكاریەی كە دوێنێ هەمان بوو
هەربۆیە خوازیاری ئەوە بوو كە قوتابیان و خویندكارانرۆڵی دیاری خۆیان لەهۆشیاركردنەوەی تاكەكان و گەیاندنی پەیامی یەكریزیی ببینن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بیركردنەوەو هەست كردن بەلێپرسراوێتی و پتەوكردنی یەكریزی گەلەكەمان لەخەبات و روبەرووبونەوەی تەحەدیاتەكان بۆ هێنانە كایە و دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و چەسپاندنی تەواوی دەسەڵاتی یاسایی و دابینكردنی یەكسانی دادپەروەری و لەوروەشەوە پاڵپشت و پشتگیری پەرلەمانی كوردستانی دووپات كردەوە بۆ ئەوەی كوردستان سەركەوێت و ئایندەی گەشتر و رووناكتر بێت..
پاشان لەبارەی یەكخستنی گوتاری نەتەوەیی لە گەرمەی گۆرانكاریەكانی سێ كوچكەی عەرەب تورك فارس هەر یەك لەبەرێزان سەرۆ قادر و شۆرش حاجی و لەبارەی ئەرك و كەمتەرخەمی قوتابیان لەبەردەم هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكان لەلایەن عبدالرحمن صدیق و بارودۆخی ئێستای كوردستان و كاریگەری لەسەر هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەكیەكان لەلایەن هێمن هەورامی بابەت پێشكەشكران كە بووە مایەی گفتوگۆ و گۆرینەوەی راوسەرنجی ئامادەبوان

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


