١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەکی پیرۆزبایی پێشکەشی حزبی شیوعی عێراق کرد

سەرچاوە: KDP.info

سڵاوی تێكۆشانتان لێ بێ

بەبۆنەی یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین و لە رێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە هەموو كادیران و ئەندامانی حزبەكەتان دەكەین و هیوادارین حزبی شیوعی دۆست هەردەم لە پێشكەوتندا بێ و لە خەباتدا لەپێناوی ئەو ئامانجە نیشتمانی و دیموكراسییانە بەردەوام بێت كە بوونەتە خەسڵەتی ئەم حزبە و خاڵی بە یەكترگەیشتنمان بوون لە قۆناغە جیاجیاكانی عێراقدا.

هاوڕێیانی (فەهد) و (سەلام عادل) و ئەو خەباتگێڕە دلێرانەی گیانی خۆیان بەخت كرد لەپێناوی ئازادی نیشتمان و بەختەوەری گەلدا، شادمانین لەگەڵتاندا یادی دامەزراندنی حزبێكی نیشتمانی پێشكەوتنخواز دەكەینەوە كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بەر لە 79 ساڵ بڕوای بە ئازادی عێراق و دیموكراسی و بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد بوە لەسەر خاكی خۆی لە كوردستاندا.

دامەزرێنەری پارتیمان و رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانیمان ( مستەفا بارزانی نەمر) بنەماكانی پێكەوەگرێدانی ئۆرگانی و دیالیكتیكی نێوانی دیموكراسی بۆ عێراق و دابینكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردی داڕشتووە و لەوێشەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ هاوپەیمانێتی تێكۆشەرانە لە نێوانی حزبەكەتان و پارتیمان كە لە شۆڕشی ئەیلولدا رەگی داكوتا و لە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا توندوتۆڵتر بوو. بوو بە بنەما بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و بەرەی خەباتگێڕانە، تا گەیشتن بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی كە لە راپەڕینی 1991دا پایەكانی رژێمی دیكتاتۆری راتەكاند و نەیتوانی جارێكی تر خۆی راگرێتەوە تا لە 2003دا بۆ یەكجاری رووخێنرا.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان تا هەنووكە بڕوامان بەوەیە كە هاوپەیمانێتی نێوانمان، لەیەك كاتدا پێویستییەكی عێراق و كوردستانییە، بەتایبەتی لەم هەلومەرجە مۆلەقەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێ و دیاردەكانی هەژاری و بێكاری هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەكەن و ئەوانیش لە ژێر رەحمەتی ئیرهاب و پەراوێزخستنی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دەژین. هەروەها زوربەی ئەو پایانەی عێراقی نوێیان لەسەر دامەزرێنراوە، بەتایبەتی دەستوور و سستمی سیاسی كە لەسەر بنەمای شەراكەت و سازان راگیراوە، لەلایەن ئەوانەی دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری و تاكڕەوی هەڕەشە لێكراون و لەژێر ناونیشانی نوێ ی كۆنی سیاسەتگەلێكدا دژایەتی ئەو بنەمایانە دەكەن كە ناتوانن خزمەتگوزاری و ئازادی و ژیانی بەكەرامەت پێشكەش هاوڵاتیان بكەن بەڵام دەتوانن كارەسات و ماڵوێرانی بۆ بهێنن.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و لە رێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی حزبی شەهیدان دەكەین. حزبی ئەو رۆڵە نەبەردانەی لە رووبەڕووبوونەوە و تێكشاندنی هێرشی هێزەكانی دڕندەترین دیكتاتۆر خوێنیان لەگەڵ خوێنی پێشمەرگە دلێرەكانماندا تێكەڵ بووە و شاڵاوی ئەنفالیان شكستپێهێنا كە رژێم دەیویست بەهۆیەوە جینۆسایدی گەلی كوردمان بكات.

سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانی خەبات لەپێناوی ئایندەیەكی باشتر لە عێراقی دیموكراسی و فیدرال و كوردستانێكی گەشاوە كە گەلی كورد تێیدا مافی بڕیاردانی چارەنوسی بە دەست خۆی بێ.

 

سڵاو و رێزی گەرممان قبوڵ بكەن

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

ئاداری 2013=0

هەواڵی پەیوەندیدار