٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مەکتەبی سیاسی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی(٧١)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رێکخراوەکە کردوو پشتیوانی خۆشیان بۆ یەکێتییەکەتان دووپات کردەوە.


دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٧١)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.

بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.

لە بیرەوەری(٧١)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوە و سەرجەم کادر و ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و تەواوی لاوانی ئازیز و ھێژای کوردستان دەکەین و، ئومێدەوارین لە ساڵی داھاتوودا بە پلان و بەرنامەی باشتر و گونجاوتر لە خزمەت و تێکۆشانتان بەردەوامبن.

یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕێکخراوێکی کاریگەر و گرنگی توێژی لاوان بووە بۆ گوزارشکردن لە خواست و ویستەکانیان و بەدیھێنانی مافەکانیان و، لە خەباتی مەدەنی و ھۆشیاریی و بەرگریکردن لەو توێژە ڕۆڵی بەرچاو بووە.

مێژووی ئەو ڕێکخراوە ھەمیشە مایەی شانازیی لاوان و گەلەکەمان بووە و بەدرێژایی ئەو تەمەنەی وەکو قوتابخانەیەک ژمارەیەک سەرکردە و کادری دڵسۆزی بۆ وڵاتەکەمان پێگەیاندووە.

دامەزراندنی یەکێتیی لاوان دەستکەوتێکی دیکەی گرنگ بوو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان و وەک(شوورەی پۆڵاین)ھەمیشە لە سەنگەری ئەرک و داکۆکیکردن بووە لە خاکی پیرۆزی کوردستان و بەھا شکۆدارکانی نیشتیمان و وڵاتەکەمان.

توێژی لاوان توێژێکی بایەخدار و کاریگەرە لە ناو کۆمەڵگەدا و خاوەن گوڕوتین و وزە و توانایەکی لەبننەھاتوون بۆ بەردەوامی و بۆ بنیاتنانەوە و نوێبوونەوە و پێشکەوتن، بۆیە دەبێ وەک ھەمیشە پێشەنگ و شانبەشانی ڕێکخراوەکانی دیکە ڕۆڵی خۆتان ببینن لە کاری مەدەنی و جەماوەری خۆتاندا.

لەو ھەلومەرجەی ئەمڕۆشماندا ئەرکی سەرشانی ھەموو چین و توێژەکانی کومەڵگەکەمانە، دڵسۆزانە کاربکەن بۆ پتەوکردنی ستوونەکانی حوکمڕانی و ئەو ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان و بنیاتنانی وڵات و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەمان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروستی ھاوچەرخانە و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسییەکەمان. 

لە یادی(٧١)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دا، وێڕای دووبارە پیرۆزباییمان، جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ یەکێتییەکەتان دووپات دەکەینەوە بۆ ھاندانی لاوە بەھرەمەندەکان و و پشتگیری لە کارو چالاکییەکانتان و چارەسەرکردنی کێشە و دەستەبەرکردنی تەواوی ماف و خواست و ویستەکانتان و، ئومێدەوارین لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەنگاوی بوێرانە و سەردەمیانە بنێن بۆ زیاتر پێشخستن و نوێکردنەوەی ڕێکخراوەکەتان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی لاوانی کوردستان .

سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەھیدە نەمرانەی ژیانی خۆیان لە ڕێگای سەرفرازیی یەکێتییەکەتان تەرخان کرد.

سڵاو لە(٧١) ساڵ تێکۆشان و خەباتی نەپساوەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
۱۷ی شوباتی ٢٠٢٤
 

هەواڵی پەیوەندیدار