د.ڤیان سەبری: ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کێشەی یاسایی ھەیە
__2024_01_23_h16m43s7__ER.jpg)
بەغدا _KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کێشەی یاسایی ھەیە و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمارکراوە، بۆیە پێویستە دادگا ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، دواتر پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کێشەی یاسایی ھەیە و پێویستە دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، چونکە سکاڵا لە لایەن چەند پەرلەمانتارێک لەسەر کاندیدکردنی شەعلان کەریم ھەیە کە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیگرێتەوە، جگە لەوەش سکاڵا لەلایەن حزبی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمە حەلبوسی ھەیە، کۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان یاسایی نییە و کێشەی ھەیە و ھیچ شەرعیەتی نییە کە نەیتوانی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێرێت و کۆبوونەوەی پەرلەمان تەواو بکرێت، جگە لەوانەش لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پێکهاتووە و دەستەی نەزاھە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکرێت ھەندێک پەرلەمانتار پارەیان وەرگرتووە لە ڕۆژی دەنگدان بە کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێویستە ئەم سێ خاڵە یەکلایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەرلەمان لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرەلەمانی عێراق، ڕونیشیکردەوە: پێویستە دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە ئەوکات پەرلەمان جارێکی دیکە لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە، ھەرکاتێک ئەو پرسە یەکلایی کرایەوە ئەوکات پەرلەمان کۆدەبێتەوە تا کۆبوونەوەی ڕابردووی تەواوبکات یاخود جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە و کەسانی نوێ خۆیان ھەڵبژێرن، ئەمەش دادگا بڕیاری لەسەر دەدات.
گوتیشی: ئێمە پێمان باشە ئەو پرسە زوو یەکلایی بکرێتەوە و تەوافق ھەبێت و سەرۆکی نوێی پەرلەمان ھەڵبژێرن.
بڵند ئیبراھیم




