دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرد

پیرمام-KDP.info- دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرد، لە دیدارەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکاریەکانی ئەنجامدانی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرا.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، رێکەوتی ١٨ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازییان لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتیش ئامادەیبوو، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێڕای بەخێرھێنانی ئامادەبووان، تیشکی خستە سەر مێژوو و خەباتی ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەکو دێرینترین ڕێکخراو، ھەروەھا گرنگی و کاریگەری ئافرەتانی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیماندا خستەڕوو.
فازڵ میرانی ئاماژەی بە ڕۆڵی یەکێتی ئافرەتان کرد لە پێگەیاندنی دەیان ئافرەتی سەرکردە و دڵسۆز بۆ جومگە کاریگەرەکانی ناو حزب و حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە، ھاوکات پێگەی ئافرەتانی کوردستانی بەرز نرخان وەکو دایک و خوشکی پێشمەرگە و، وەکو مامۆستایەکیش بۆ پێگەیاندنی نەوە لە دوای نەوەی کوردستان و گۆشکردنی ڕۆڵەکانمان بە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری و خوشەویستی خاک و نیشتمان.
لەبەرامبەردا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی و ھەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەتی بە دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە یەکێتی ئافرەتان و پلان و بەرنامەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆ خزمەتکردنی توێژی گرنگی ئافرەتانی کوردستان و، پاڵپشتی جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و پارتی و بەرگریکردنی بەردەوامیان لە ماف و ھێنانەدی خواست و داواکاریەکانی ئافرەتان و دایکانی کوردستان، بە گرنگ و جێگای شانازی باسکرد.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکاریەکانی ئەنجامدانی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرا و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بۆ نوێکردنەوە و پێشخستنی ڕێکخراوەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە کە وەڵامدەرەوەی خواست و ویستی ئافرەتانی کوردستان و گۆڕانکاریەکانی قۆناغەکەبێت، خرانەڕوو.
لە کۆتاییدا فازڵ میرانی سوپاس و پێزانینی خۆی و مەکتەبی سیاسی بە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم کادیر و ئەندامانی یەکێتی ئافرەتان ڕاگەیاند کە توانیویانە لە ماوەی ڕابردوودا ئەرکەکانی سەرشانیان بە باشی بەجێ بگەیەنن و ھیوای خواست کە کۆنگرەی نۆیەم بە سەرکەوتوویی ئەنجامبدرێت و ببێتە وێستگەیەکی دیکەی گرنگی ئەو ڕێکخراوە تێکۆشەرە و ھێز و توانایەکی دیکە بە کادیران و خۆبەخشانی ڕێکخراوەکە ببەخشێت لە پێناو خزمەتی زیاتری ئافرەتانی کوردستان کە شایەنی زۆرترین خزمەتن.




