پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خوای لێبێ)

بەبۆنەی هاتنەوەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێ) گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەین، ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە بە خێر و خۆشی بۆ هاووڵاتیان و تێکڕای کوردستانیانی خۆشەویست بگەڕێتەوە. لەو دەرفەتەدا دووبارە جەخت لەسەر پتەوکردن و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی و بەیەکەوە ژیان دەکەینەوە لە هەرێمی کوردستان وەک چۆن هەمیشە نموونەی وڵاتی فرەئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی بووە و لە داهاتووشدا هەر ئاوا شانازی بەو پەیامە دەکاتەوە. لەو بۆنەیەدا خوازیارین سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان بە گیانی برایەتی و لێبوردەیی لەسایەی سەقامگیریی و رەوشی ئارامیی هەرێمی کوردستان ژیان بەسەرببەن و کۆڵەگەکانی کۆمەڵگەی دروست و پێشکەوتوو بەهێزتر بکەن . جارێکی دیکە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێ) لە گشت موسڵمانان پیرۆز بێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
12ی رەبیعولئەوەل 1445کۆچی 27/9/2023 ی زایینی




