فایناشنال تایمز:ژمارەی بێکارانی میسر دروست نییە

رێژەی بێکارانی لەمیسر لە زیادبوونە، بەتایبەتی دوای هەڵایسانی شۆڕش و ئەو سستیەی لە کەرتی گەشتوگوزاری و پاشەکشەی ئابوری رویداوە کاریگەری دروست کردووە. ژمارە رەسمییەکانی حکوومەت ئاماژە بەوە دەکەن رێژەی بێکاری لە میسر گەیشتۆتە%13و ئەم رێژەیە لە بەهاری رابردووە بە رێژەی %0.5زیادی کردووە.
ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە 162کەس کارەکانیان لە کەرتە هەمەجۆرەکان لەدەست داوە و ئەمەش تەنیا لە چوار مانگی رابردوو بووە، کەچی رێژەی بێکاری لە پێش شۆڕش و لەسەردەمی رژێمی حوسنی موبارەک %9.8بوو. بەپێی ژمارە رەسمییەکانی حکوومەت لە میسردا 27ملیۆن کرێکار هەیە و بەم پێیە 3.5ملیۆن کرێکار بێکار بوون. بەڵام شارەزایانی ئەم بوارە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ژمارانەی حکوومەت دەیخاتە بەردەست، تەنیا لایەنێکی راستییەکانە و هەموو راستییەکە دەرناخات. وەزیری پێشووی دارایی میسر سەمیر رەزوان دەڵێت رێژەی راستەقینەی بێکاری لە میسر لە سەرووی ئەم ژمارەوەیە، چونکە ئەو ژمارانە تەنیا بواری ئابوری رەسمی دەگرێتەوە و ئەو بوارە ئابوریانە ناگرێتەوە کە رەسمی نین، لە راستیدا سێیەکی هێزی کاری میسری لە بواری دوایدا کاردەکەن.




