ئەسۆشیتدپرێس: کوشتنی منداڵە پەتاتە فرۆشەکە
سوپا دانی بەوە دانا کە منداڵێکی پەتاتە فرۆشی تەمەن ١٢ ساڵی بە ناوی عومەر سەلاح کوشتووە، ئەمەش لەرێگەی هەڵەوە قەوماوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سوپا لە دەستپێشخەرییەکی کەم وێنە داوای لێبوردن بکات. گوتەبێژی سەربازی ئەحمەد محەمەد عەلی رایگەیاندووە کە سوپا داوای لێبوردن لە کوشتنی بەهەڵەی ئەو منداڵە پەتاتە فرۆشە دەکات، پەیمانیش دەدات هەموو رێکارێکی توند دژی تاوانکار بگیرێتە بەر. پێش وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن محەمەد مورسی هەمیشە سوپا تاوانبار دەکرا کە توندتویژی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، لەوانە پانکردنەوەی خۆپیشاندەران بە تانک، هەروەها دانیان بە رووداوەکان نەدەنا. لەلایەکی دیکەوە ئیحسان جۆرجی سەرۆکی پزیشکی شەرعی رایگەیاندووە کە چالاکوانی رەوتی گەل محەمەد جوندی شوێنەواری ئازار بە جەستەوەیە دیاربووە، ئەمەش نیشان دەدات یا ئەوەتە بە ئۆتۆمبێل لێیدراوە، یاخود بەشتی رەق و ئاسن ئازار دراوە. رەنگە ئەمە رووداوێک بوو بێت یاخود ئازار درابێت و دواتر بە ئۆتۆمبێل لێیدرابێت. رۆژنامەکە دەڵێت ئامانج لە گوتەکانی سوپا و جۆرجی کەمکردنەوەی توڕەیی خەڵکە، لە کاتێکدا کێشە و ئاڵۆزی زۆر لە نێوان حکوومەتی ئێستای میسر و بەرهەڵستکارەکانی دروست بووە.




