پرسەنامەی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی شاعیری ناسراوی گەلەكەمان (ئەحمەد دڵزار)

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی ئەدیب و شاعیر و تێکۆشەری ناسراوی گەلەكەمان (ئەحمەد دڵزار)مان بیست، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی بەڕێزیان و كەس و كار و ھاوڕێ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو دەكەین.
(دڵزار)ی شاعیری جوانی و سروشت لە ساڵی (١٩٢٠) لە كۆیە لە خانەوادەیەكی رۆشنبیر و ئەدەبدۆست لە دایك بووە، هەر لە سەرەتای ژیانیەوە خولیای خوێندنەوە و نووسینی هەبووە، لە تەمەنی لاویشدا رووی لە خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەیی كردووە و تا دوا ماڵئاواییكردنیشی وەك كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خۆڕاگر ناسرا بوو، لەو رێگایەشدا تووشی دەردەسەریەكی زۆر و دەربەدەری و زیندان بۆتەوە.
خوالێخۆشبوو(دڵزار)كەسایەتیەكی تێكۆشەر و ئەدیبێكی ناسراوی گەلەكەمان بوو، هەروەها شاعیر و زمانزانێكی شارەزا و دیاریش بوو، خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و رۆشنبیریی بەپێزە لە بواری شیعر و زمان و ئەدەب، هەروەها خاوەن چەندین سروودی نیشتیمانی و سیاسییە، بۆیە جێدەستی لە بواری ئەدەبیی و رۆشنبیریی دا روون و بەرچاو بوو، ئومێدەوارین هاوسۆزیی و هاوخەمیی نووسەران و رۆشنبیران دڵنەوایی و سەبووری بەخشی ئازیزانی بێ.
جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و لەخودای گەورە داواكارین سەبووری بەهەموو لایەك ببەخشێت و گیانی كۆچكردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد بكات..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١١ـی نیسانی ٢٠٢١

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
