٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

پرسەنامەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی رووناكبیر ومێژووونووسی ناوداری گەلەكەمان پرۆفیسۆر (د.كەمال مەزهەر ئەحمەد)

سەرچاوە: KDP.info

بەداخ وپەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و رووناكبیر و مێژوونووسی ناسراوی گەلەكەمان پرۆفیسۆر (د.كەمال مەزهەر) مان بیست، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە بەڕێزەکەی و كەسوكار و ھاوڕێ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو دەكەین و ھاوبەشی خەم و پەژارەیانین.

خوالێخۆشبوو(د.كەمال مەزهەر) كەسایەتییەكی رۆشنبیر و بەئەزموون و مێژووناسێكی ناسراو بوو، لە ساڵی(1937)لە شارۆچكەی ئاغجەلەری شاری كەركوك لەدایك بووە، لە نێو خانەوادەیەكی ئایینپەروەری خوێندەوار و رۆشنبیردا پەروەردە بووە و سەرەتا لە حوجرە خوێندوویەتی، پاشان لە ساڵی(1955)چۆتە خانەی باڵای مامۆستایان و لەساڵی(1959)بەكالۆریۆسی لە مێژوو بەپلەی شەرەف و ساڵی(1969)لە ئەنستیتۆی رۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەكادیمیای زانستە سۆڤیەتییەكان بڕوانامەی دكتۆرای بەدەست هێناوە، پاشان لە ساڵی(1981)گەڕاوەتەوە عیراق و  لە كۆلێژی ئاداب بەشی مێژوو بەپلی ئوستاز وانەی وتۆتەوە.

خوالێخۆشبوو(د.كەمال مەزهەر) بەدرێژایی كار و ئەركەكانی وەك مامۆستا و توێژەر و نووسەر خزمەتێكی زۆر و بەرچاوی بواری ئەكادیمی و زانستی كردووە، لە كۆڕی زانستی كورد سكرتێر و یاریدەری سەرۆكی كۆڕی كاروباری زانستی بووە و، لە چەندین زانكۆدا سەرپەرشتی بەدەیان نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرای كردووە دەربارەی كاروبار و پرسی کورد و كوردستانیی و كێشەی عیراقی هاوچەرخ و سیاسەتی توركیا و ئێران و پرسی بیر و رۆژهەڵاتناسیی و..ھتد.
پرۆفیسۆر(د.كەمال مەزهەر) ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد و ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس بوو و خاوەنی دەیان كتێب و  بەرهەم و لێكۆڵینەوەی دانسقە و بەسوودە بە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و رووسی سەبارەت بە گەلی كورد و مێژووی كورد و كوردستان.
بە كۆچی دوایی (د.كەمال مەزهەر) گەلەكەمان ئەكادیمیستێكی ناودار و مێژوونووسێکی مەزنی لەدەستدا، كە ئەمەش زیانێكی دیكەیە بۆ گەنجینەی رۆشنبیریی كوردیمان. هیواخوازین هاوخەمیی رۆشنبیران و دۆست و دڵسۆزانی ناوبراو و هۆگرانی بەرهەمەكانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری ھەموولایەک و خەمی لەدەستدانی كەم بكاتەوە.

دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و لەخوای گەورە داواکارین گیانی پاکی خوالێخۆشبوو بەبەهەشتی بەرین شاد بکات.

انا للە وانا الیە راجعون

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان

17ـی ئاداری 2021
 

هەواڵی پەیوەندیدار