شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەردانی هەردوو کونسووڵخانەی ئەرمەنیا و ژاپۆنی کرد

ھەولێر-KDP. info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و شاندی یاوەری سەردانی کونسووڵخانەی گشتیی کۆماری ئەرمەنیایان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە لایەن ئەرشاک مانۆکیانەوە پێشوازی کران.
سیوەیلی بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزباییی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی گشتی و دەستبەکاربوونی لە بەڕێز مانۆکیان کرد و کردنەوەی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتەی بە گرنگ وەسف کرد و هیوای خواست کردنەوەی کۆنسووڵخانە بتوانێت پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی ئەرمەنیا و کوردستان بەهێزتر و فراوان تر بکات. بەڕێز مانۆکیان سوپاسی سەردانی شاندی پارتیی کرد و پێزانینی بۆ پشتگریی پارتی دیموکراتی کوردستان خستە ڕوو بۆ هاوکاری لە کردنەوەی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان. لە میانەی ئەو دیداردا گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهات و پەرەسەندنی ڕووداوەکانی ناوچەکە و عێراق و پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا. هۆشیار سیوەیلی جەختی لە گرنگیی گفتوگۆی ئاشتییانە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان حکوومەت و گەلانی ناوچەکە کە دەبێتە هۆکاری گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی. دەربارەی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، هەرێم ئامادەی جێبەجێکردنی ئەرکی دەستووریی خۆیەتی و پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیی تەواو لە حکوومەت دەکات و گرنگە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای دەستوور بێت و کێشە سیاسییەکان دوور بخرێنەوە لە ماف و ئەرکە دەستوورییەکانی نێوان گەلان و دەزگا دەستوورییەکانی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم. بەڕێز مانۆکیان باسی لە بەرنامەی کاری خۆی کرد وەکو کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئەرمەنیا لە هەرێم و ئومێدی ئەوەی خواست کە بتوانێت پەیوەندیی بازرگانی، ئابووری و کەلتووریی بەهێزتر لە نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دروست بکات و ڕایگەیاند کە شاندی باڵای وڵاتەکەی سەردانی هەولێر دەکات و بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا.
هەمان ڕۆژ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار سیوەیلی، سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی ژاپۆنی کرد و لەلایەن خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ، بەرپرسی نووسینگەی باڵوێزخانەی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان پێشوازی کران. سەرەتا بەڕێز هۆشیار سیوەیلی پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە خاتوو یۆشیکۆ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە ڕۆڵی گرنگ و هاوکاریی وڵاتی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، حکوومەتی ژاپۆن هاوکاریی بەردەوامی پێشکەش بە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و کاریگەریی هەبوو لەسەر ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی کوردستان و عێراق. بەردەوامبوونیشی زیاتر هاوکار دەبێت لە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی ئێستا عێراق تێی کەوتووە. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن، بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند کە دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەل قۆناغی باشی بڕیوە و لە ئاستێکی بەرزدایە و پێویستە زیاتر کار بکەین بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی تمووحی گەلی کوردستان و گەلی ژاپۆن لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و چەند ڕێکخراوێکی چالاک هەن لەو بوارەدا و، پێویستە هەماهەنگی و هاوکاریی باشتر بکرێت بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
خاتوو یۆشیکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و داوای کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان نووسینگەی بەڕێزیان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەردەوام بێت بە هەمان شێوەی پێشتر کە هاوکاریی باشی کۆنسووڵی پێشووی وڵاتەکەیان کردووە و ئەمەش ئاسانکاریی زیاتر بۆ کار و چالاکییەکانی ئەوان دەکات لە هەرێمی کوردستان و جەختی لە گرنگیی لە نزیکەوە ئاگاداربوون و گفتوگۆی نێوانیان کردەوە.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
