عیراقییه مالیكی به‌ترساندنی 170 په‌رله‌مانتار تۆمه‌تبار ده‌كات

لیستی ئه‌لعیراقیه نوری مالیكی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ترساندنی 170 په‌رله‌مانتار كه ده‌نگیان له‌سه‌ر یاسای دیاریكردنی ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه داوه.
ئه‌مڕۆ 2/3 لیستی ئه‌لعیراقییه كه له‌لایه‌ن ئه‌یاد عه‌لاوییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی به‌ترساندنی 170 په‌رله‌مانتار تۆمه‌تباركرد كه ده‌نگیان بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسای دیاریكردنی ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق داوه.
له‌به‌یاننامه‌كه‌یدا لیستی ئه‌لعیراقیه ره‌خنه‌شی له‌مالیكی گرت له‌باره‌ی لێدوانی دیاریكردنی ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه، راشیگه‌یاند: مالیكی راشكاوانه رایگه‌یاند دادگای فیدراڵی ناهێڵێت یاسای دیاریكردنی ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه تێپه‌ڕێت، وتیشی مافی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نییه یاسا ده‌ربكات.
ئه‌لعیراقیه ئه‌وه‌شی رونكردوه‌ته‌وه كه ئه‌و لێدوانانه‌ی مالیكی ده‌ستێوه‌ردانه له‌كاروباری دادگا‌و ترساندنێتی به‌شێوه‌ی پێشوه‌خت، هه‌روه‌ها ترساندنی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه كه ده‌نگیان بۆ په‌سه‌ندكردنی یاساكه داوه كه ژماره‌یان زیاتر له 170 په‌رله‌مانتاره، ترساندنی گه‌لی عیراقیشه.
PUKmedia




