گەندەڵیی عێراق، بەرپرسانی بانکی جیهانی و حكوومەتی ئەمەریكای نیگەران كردووە

لە پاش پرۆسەی ڕزگاریی عێراقەوە ملیۆنەها دۆلاری ئەمەریكی لە لایەن دامەزراوە بانقی و ڕێكخراو و وڵاتە جیاوازەكانی جیهانەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان كراوە، بەڵام بڕێكی زۆر كەمی ئەو پارەیە پڕۆژەكانی بە ڕێكوپێكی پێ جێبەجێ كراوە، بە پێچەوانەیشەوە زۆربەی بەهۆی گەندەڵییەوە دیار نەماوە.
قوتابخانەكان وێرانن
لە زۆربەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا، قوتابخانەكان وێرانن و لە وەرزی بەهار و هاویندا ئامێری گونجاوی فێنك¬كەرەوەیان تێدا نییە و لە وەرزی زستانیشدا ئامێری گەرمكەرەوەیان تێدا نابینرێت.
نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوڕنەدانەوە لە قوتابخانەكان وای كردووە، هەندێك لە مامۆستا و قوتابییەكان ترسی ئەوەیان هەبێت، لە كاتی وانەكانیاندا بیناكە بەسەریاندا بڕووخێت.
بەڕێوەبەری قوتابخانەی "ئەلمن"ـی شاری بەعقووبە عەبدولكەریم محەمەد دەڵێت:"ئەم قوتابخانەیە زیاتر لە گرتووخانەیەك دەچێت، نەوەك شوێنێك بۆ ئەوەی تیایدا قوتابییان فێری شتێك بن".
"ئەلمین" تەنیا یەكێكە لەو هەزارەها قوتابخانەیەی سەرانسەری عێراق، كە پێویستیی بە ئاوەدانكردنەوە و ئاوڕدانەوە هەیە لە لایەن بەرپرسانی حكوومەتی عێراقەوە.
پێشكەشكردنی بڕێكی زۆر یارمەتیی دارایی
بە حكوومەتی عێراق
لە ژمارەیەكی زۆر وڵاتی جیهاندا ئاساییە قوتابخانەی وێران و بێ خزمەتگوزاری ببینرێت، بەڵام لە عێراقێكدا كە داهاتێكی زۆری هەیە شتێكی ئاسایی نییە.
سەرەڕای ئەوەیش، لە ساڵی 2004ـەوە بانقی جیهانی بڕی 1 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكیی داوەتە عێراق (بڕێك لەو پارەیە بە قەرز بووە) بە مەبەستی بووژاندنەوەی كەرتە جیاوازەكانی وڵات، ئیدی هەر لە ئاوەدانكردنەوەوە بیگرە تا دەگاتە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەورە بە مەبەستی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری لە وڵاتدا.
بانقی جیهانی دەڵێت: تا ئێستا بڕی 839 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی لەو پارەیە خەرج كراوە و ئەویش بۆ چەند مەبەستێك سوودی لێ وەرگیراوە، لەوانەیش دابینكردنی هێڵی مۆبایل، باشتركردنی سیستەمی ئاوی خواردنەوە و مەشقكردن بە ژمارەیەك پزیشك و پەرستاری عێراق.
بەڵام بەرپرسانی ئەو ڕێكخراوە لە عێراق و شارەزایانی ناوخۆی وڵات شتێكی ئەوتۆ نابینن كە ڕەنگدانەوەی خەرجكردنی 839 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكیی پێوە دیار بێت.
بۆ نموونە، بڕێكی زۆر لەم پارەیە بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەروەردە و خوێندن تەرخان كراوە، بەڵام حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2004ـەوە تا ئێستا تەنیا 37 قوتابخانەی نوێی لە سەرانسەری وڵاتدا دروست كردووە و 133 قوتابخانەیشی نۆژەن كردووەتەوە.
بەڵام هەر لەو ماوەیەدا 65 قوتابخانە تەنیا لە پارێزگای دیالە لە ئاكامی شەڕی تائیفیەوە وێران بوون و 110 قوتابخانەی دیكەیش خەریكە دەڕووخێن.
سەعد ئیبراهیم عەبدوڕەحیم بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پەروەردەی عێراقە و دەڵێت: زیاتر لە 15 هەزار قوتابخانەی حكوومی لە عێراقدا هەن و ئەوانیش زیاتر لە 6 ملیۆن قوتابییان هەیە.
سەعد ئاماژە بەوە دەكات، كە هۆڵەكانی خوێندن زۆر قەڵەباڵغن و عێراق پێویستیی بە زیاتر لە 5 هەزار قوتابخانەی دیكە هەیە.
بەرپرسانی بانقی جیهانی و حكوومەتی ئەمەریكا نیگەرانن
خەرجنەكردنی ئەو پارەیە وەك پێویست و دیارنەمانی بڕێكی زۆری بووەتە هۆی تووڕەبوونی بەرپرسانی بانقی جیهانی و هەربۆیەیش پلانی ئەوەیان هەیە ئەو 469 ملیۆن دۆلارەی كە ماوەتەوە و خەرج نەكراوە بگەڕێننەوە و بیدەنە وڵاتانی دیكەی هەژار، لەوانەیش وڵاتانی ئەفریقیا.
تەنیا بەرپرسانی بانقی جیهان نین، كە لە هەبوونی ئەو گەندەڵییە زۆرەی ناو عێراق نیگەران و تووڕەن، بەڵكو بەرپرسانی ئەمەریكایش پلانی ئەوەیان هەیە یارمەیتی دارایی وڵاتەكەیان بۆ عێراق بە ڕێژەی 77% كەم بكەنەوە.
یەكێكی دیكە لەو شتانەی بانقی جیهانی و بەرپرسانی ئەمەریكا و ئەورووپای نیگەران كردووە، جێبەجێنەكردنی هیچ جۆرە پڕۆژەیەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ مەبەستی باشتركردنی بواری بژێوی هاووڵاتیان.
زانیارییە فەرمییەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكی ئەوە پێشان دەدەن نزیكەی 25%ی دانیشتووانە 31 ملیۆنییەكەی عێراق لە هەژاریدا دەژین و لە 15%ی خەڵكیش بێ ئیش و كارە.
ئەو ئاژانسە باس لەوەیش دەكات، كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم ڕێژەی بێكارییە بەرزتر دەبێتەوە، ئەوەیش بەهۆی نەبوونی هیچ جۆرە پلانێكی ئەوتۆ لە لایەن حكوومەتەوە بۆ پەیداكردنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان.
ئامادهكردنی: شەونم محەممەد ئەمین




