دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنى پارتی پرسەنامەیهك ئاراستهى خانەوادەی نووسەر و رووناكبیر پرۆفیسۆر (عیزەددین مستەفا رەسووڵ) دهكات
__2019_10_04_h20m23s21__BA.jpg)
بەڕێز خانەوادەی نووسەر و رووناكبیریی ناوداری گەلەكەمان پرۆفیسۆر (عیزەددین مستەفا رەسووڵ)
خەمباربووین بەبیستنی هەواڵی كۆچی دوایی ئەدیب و رووناكبیریی ناسراوی گەلەكەمان پرۆفیسۆر(عیزەددین مستەفا رەسووڵ)، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەس وكار و بنەماڵەكەتان دەكەین و خۆمان بە شەریكی خەمتان دەزانین.
پرۆفیسۆر(عیزەددین مستەفا رەسووڵ) لە ساڵی 1934 لە گەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی هاتۆتە دنیاوە، لە نێو خانەوادەیەكی خوێندەوار و رۆشنبیر و ئایینپەروەردا چەكەرەی كردووەو هەرزوو تێكەڵی دنیای ئەدەب و رۆشنبیریی و چالاكییە سیاسیەكان بووە.
سەرەتا لای باوكی لە مزگەوتی (حاجی مەلا رەسووڵی دێڵێژە) ئینجا لە ساڵی 1939 لە قوتابخانەی(غازی)دەست بە خوێندن دەكات.
لەساڵی 1951 لە خانەی مامۆستایان وەردەگیرێ و لەبەر چەند هۆیەكی سیاسی دەگەڕێتەوە سلێمانی و لەرێی باوكی دەكرێ بە مامۆستای سەرەتایی لە شاری قەڵادزێ، ئینجا جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە سلێمانی و تاوەكو سەردەمی عەبدلكەریم قاسم ناردراوەتە یەكێتی سۆڤیەت و لەساڵی 1963 پلەی دكتۆرای پێ بەخشراوەو لەساڵی 1965 گەڕاوەتەوە كوردستان و لەریزی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شاخ خەباتی كردووە و دواتر بە هەوڵی بارزانی نەمر بۆتە مامۆستای زانكۆ لە بەغداو لە بەشی زمانی كوردی دامەزراوە.
پرۆفیسۆری خوالێخۆشبوو لە دوای راپەرینی گەلەکەمان بۆتە ئەندامی یەكەمین خوولی پەرلەمانی كوردستان، ناوبراو یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نووسەرانی كورد و ماوەیەکیش سەرۆكی یەكێتیەکە بووە.
پرۆفیسۆر(عیزەددین مستەفا رەسووڵ) مامۆستای زانكۆ و رۆشنبیرێكی دیار بوو لە بواری ئەدەب و لێكۆڵینەوەی زانستی و مێژووی ئەدەبی كوردی ھەمیشەش خودان ھەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانى بووە و رۆڵی دیار و کاریگەری ھەبوو لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەلەکەمان، ناوبراو خاوەنی(86)بەرهەمی ناوازەیەو لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەدا وتار و بەرهەمی بڵاو كردۆتەوە.
بێگومان بە كۆچی دوایی ئەو ئەدیب و رووناكبیرە، زیانێكی دیكە و گەورە بەر بواری ئەدەب و رۆشنبیریی كوردی كەوت.. هیواخوازین هاوخەمیی هاونیشتیمانیان و دڵسۆزان و هۆگرانی بەرهەمەكانی ناوبراو ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووریتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.
سڵاو و رێز بۆ ئەو قەڵەمە رەسەن و بەبڕشت و ئاوەدان و داهێنەرەی نێو ئەدەب و رۆشنبیریی كوردیمان..سڵاو لەو تێكۆشان و خزمەتە بەردەوام و پڕ بەخششەی پێشكەشی بە كولتوور و وێژە و زمان كردووە.
جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و خوای گەورە گیانی خوالێخۆشبوو بخاتە بەھەشتی خۆی.
اناللە وانا الیە راجعون
دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
