٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

ترس و ئه‌گه‌ری نوێبوونەوەی سیاسەتی "كۆمەڵكوژی و ئەنفال" هێشتا بوونی هه‌یه‌

سەرچاوە: KDP.info

ئەو كاتەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی چەپكەگوڵی ڕێز و وەفای لەسەر ڕووفاتی 730 قوربانیی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی مەهاری دانا، ڕەنگە ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت بیری لە دووبارەبوونەوەی مێژوو كردبێتەوە، هەر بۆیە سەرۆكوەزیران لە وتەكەیدا ئەگەری نوێبوونەوەی سیاسەتی “كۆمەڵكوژی و ئەنفال”ـی خستە ڕوو.

ئەمە بۆ یەكەم جار نییە كورد برینە كۆنەكانی سەر هەڵدەداتەوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە بەهاری 2003ـدا ئەوە بۆ چەندەمین جارە كورد و سەركردەكانی ڕووفاتی سەدان قوربانیی ئەنفال لە بەرچاوی خۆیاندا دەبینن.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێی وابوو كە تا ئێستایش تاوانباری سەرەكیی كۆمەڵكوژیی كوردان هەر ماوە، “عەقڵییەتی فاشیستی و كۆمەڵكوژی”، تاوانبارەكەیە.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: “تا ئەو كاتەی كەسانێك هەبن كە مافی كورد و خەڵكی دیكە ئینكار بكەن و شوێنەواری ڕژێمی پێشوو بپارێزن، ئەوا دوور مەبینن سیاسەتی كۆمەڵكوژی و ئەنفال تازە ببێتەوە.”

قسەكانی سەرۆكی حكوومەت ناڕاستەوخۆ ئاماژەدانە بە دەستەڵاتەكەی ئێستای بەغدا كە زۆربەی كورد و سوننەكان بە دەستەڵاتێكی “دیكتاتۆر” وەسفی دەكەن. بەشێك لە شیعەكانی ناو هاوپەیمانیی نیشتمانی و لەوانە ڕەوتی سەدر، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان.

ئەو دەستەڵاتەی بەغدا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی ئێستاكە پڕۆسەی سیاسیی عێراقی بە بنبەست گەیاندووە. كۆبوونەوە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەكان لە بەغدا، بەسرە و هەولێر بەردەوامن، بەڵام ئەنجامی هیچ كامیان تا ئێستا هەست پێ ناكرێت. سەرۆك تاڵەبانی، سەرۆك بارزانی و موقتەدا سەدر لە سەرووی ئەو كۆبوونەوانەدان.

دواكۆبوونەوە، كۆبوونەوەكەی دوێنێی نێوان لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و لیستی عێراقییەیە كە لە هەولێر بەڕێوە چوو. ئەگەرەكان بۆ كۆتاییهێنان بە تەنگژەی ئێستای عێراق لەو كۆبوونەوەیەدا، كراوە بوون و سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران نووری مالیكی یەك لەو ئەگەرانە بوو.

ئەمە بە پلانی “بی” ناسراوە. پلانی “ئەی” ئەو 15 ڕۆژە مۆڵەتە بوو كە هەر سێ لایەن (كورد، سوننە و سەدرییەكان) بۆ مالیكیـیان دیاری كردبوو. بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە ئایا هاوكێشە ناوخۆیی و ناوچەییەكان هەموار كراون بۆ ئەوەی متمانە لە مالیكی بستێندرێتەوە؟

لێسەندنەوەی متمانە
بە پێی دەستووری عێراق كە لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا بۆ كۆتاییهاتن بە تەنگژەكانی ئێستای وڵات داوا كراوە ببێتە سەرچاوە، دوو ڕێگە بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی بەغدا هەیە.

یەكەم ئەوەی كە سەرۆككۆمار جەلال تاڵەبانی ئەو كارە بكات و دووەمیش لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوەیە كە ئەو كات پێویستی بە 163 دەنگ لە كۆی 325 دەنگەكە هەیە.

لە یەكەم كۆبوونەوەی سەركردەی لایەنە ناڕازییەكانی عێراق كە لە هەولێر كرا، سەرۆككۆمار ئیمزای لەسەر ئەو داوایە نەكرد و بە بڕوای پەرلەمانتاری بەغدا ئازاد سرێشمەیی سەرۆككۆمار بە حوكمی پۆستەكەی خۆی پێویستە “بێلایەنی”ـی خۆی بپارێزێت.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، ڕێگەی دووەم تەنیا ڕێگەیە. ئەو دەڵێ: “ئەگەر لایەنەكان بە تەواوی لەسەر ئەوە كۆك بوون، ئەوا بێگومان دەنگی پێویست (163 دەنگ) بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران كۆ دەكرێتەوە.”

كێشەیەكی دیكەی بەردەم جێبەجێكردنی پلانی “بی”، ناكۆكبوونی هاوپەیمانیی نیشتمانییە لەناو خۆیاندا. ئەوان ئێستاكە دوو بەشن، بەشێكیان لەگەڵ چاكسازی و جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتننامەكاندان، بەشێكی دیكەیشیان پشتیوانی لە سیاسەتەكانی مالیكی دەكەن. سرێشمەیی پێی وایە سەردەمی دەستەڵاتدارێتیی مالیكی ڕوو لە ئاوابوونە، بەڵام كێشە لە جێگرەوەی ئەودایە.

ئەو بە گومانەوە لە كەسی جێگرەوە و هەڵوێستەكانی بەرانبەر بە پڕۆسەی دیموكراسی و سیستەمی تەوافوقی لە وڵاتدا دەڕوانێت و ترسی ئەوەی هەیە كە ئەوانیش لە داهاتوودا وەكوو سەرۆكوەزیرانی ئێستای بەغدا هەڵسوكەوت بكەن.

پەرلەمانتارێكی كوردی دیكەی بەغدا ئوسامە جەمیل جەخت دەكاتەوە كە كورد كێشەی لەگەڵ شەخسی نووری مالیكیـدا نییە، بەڵكوو كێشەی لەگەڵ كار و كردەوەكانیدایە. ئەو دەڵێ: مالیكی بە كودەتای سەربازی نەهاتووەتە سەر كار و خێر بە هیچ لایەنێك ناكات، ئەمە تێڕوانینی زۆربەی عەرەبەكانە بەرانبەر بە كورد و پێویستە ئێمە ئەو تێڕوانینە بگۆڕین.”

ئەو سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەڵێ: “ئەگەر سەدرییەكان نەكەونە ژێر گوشاری ئێران و مەرجەعەكانیانەوە و لیستی عێراقییەیش هاوهەڵویست بن، ئەوا دەكرێ متمانە لە مالیكی بستێندرێتەوە.”

بە پێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە، ئێستاكە چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە لیستی عێراقییە ڕێككەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ مالیكیـدا كردووە و هەر بۆیە مەترسی بۆ بەدەستنەهێنانی 163 دەنگەكەی پەرلەمان هەیە.

دوو سیناریۆی پێشبینیكراوی ئوسامە جەمیل بۆ داهاتووی ئەو تەنگژانە، ئەمانەن: حكوومەت هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت. یان لایەنە ناڕازییەكان لە حكوومەتەكەی مالیكی بێنە دەرەوە كە ئەنجامەكەی تێكچوونی حكوومەتی بەغدایە.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌
- لەگەڵ ئەوەیشدا كە نووری مالیكی بۆ ڕێوڕەسمی دوێنێی هێنانەوەی ڕووفاتی قوربانیانی ئەنفال بانگهێشت كرابوو، بەڵام ناوبراو نەهات.

- بە پێی بۆچوونی چاودێران، ئەمە بۆ دووەم جارە كە سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی لێدوانی “توند” بەرانبەر بە دەستەڵاتەكەی بەغدا دەدات.

- چاودێران دەڵێن كە پێدەچێت هێزی ناوچەیی پشتی لە مالیكی كردبێت، هەر بۆیە ناوبراو ئێستاكە دوایین هەوڵەكانی دەدات.

- سەرۆكی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر ڕەتی كردووەتەوە كە جێگرەوەی مالیكی لە لیستەكەی خۆی بێت.

- بریارە ئەمڕۆ  نووری مالیكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە مووسڵ بەڕێوە ببات و لیستی برایەتیی نەینەوایش بایكۆتی ئەو دانیشتنە دەكات.

 

ئاماده‌كردنی: كاوە جەم

له‌ رۆژنامه‌ی "هه‌ولێر" وه‌رگیراوه‌

هەواڵی پەیوەندیدار