حەشدی شەعبی، بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکای گەمارۆ داوە

هەولێر-KDP.info- حەشدی شەعبی، گەمارۆدانی بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەنباڕ ڕایگەیاند و دەڵێ، ڕێ نادەن چی دی فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە فڕگەی ئەنباڕ بنیشنەوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانیان فڕگەی ئەبو ڕەزا ئەلبەلداوییان گەمارۆ داوە، ئەمەش بۆ ڕێگرتنە لە نیشتنەوەی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.
گوتووشیەتی، ئەمەریکاییان وەک هەمیشە دەستوەردەدەنە کاروباری ئەمنی و هێزەکانیان بێزار دەکەن.
ئەو بەرپرسەی حەشد کە بە موسڵیح ناسراوە، یەکە سەربازییەکانی بە پشتیوانیکاری تیرۆریستان تۆمەتبار دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە ناوچەی ڕۆژئاوای ئەنباڕ پێویستییی بە هیچ ئامادەییەکی سەربازیی بێگانە نییە و، هێزە ئەمنییەکانیان و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەتوانن بەرگریی لە عێراق بکەن.
بەگوێرەی هەندێک لە مێدیاکانی عێراق، ئەوان زانیویانە کە ئەمەریکا دەستی بە جموجۆڵی سەربازی کردووە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە فڕگەی ئەبو ڕەزا ئەلبەلداوی، لەبەرئەوەیە کە هێزەکانی حەشد، لە ئێستادا ئەو ناوچەیەیان گەمارۆ داوە.
زریان زیاد




