ترامپ دەڵێت، هێشتا زانیاریی ڕاپۆرتەکەی CIA لەسەر کوشتنی خاشقچی پێنەدراوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هێشتا زانیاریی لەسەر ڕاپۆرتەکەی CIA پێنەدراوە کە تیایدا شازادەی عەرەبستانی سعوودیا محەممەد بن سەلمان بە فەرمانی کوشتنی ڕۆژنامەوانێکی سعوودی تاوانبار کراوە، بەڵام گوتیشی دواتر هەر ڕۆژی شەممە زانیاری لەوبارەیەوە پێدەدرێت.
سەرۆک ترامپ بەرلە دەرچوونی بۆ کالیفۆرنیا، لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت "پاشان لەگەڵ CIA و زۆر کەسی تریش قسە دەکەین. من ئەو کارە لە ناو فڕۆکەکە دەکەم. هەوەها پاشان لەگەڵ وەزیری دەرەوە مایک پۆمپیۆیشدا قسە دەکەم."
CIA لەو بڕوایەدایە محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیا، فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچیی لە ئیستانبووڵ دەرکردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن CIA بەشەکانی تری حکوومەتی ئەمەریکای لە شێوازی کوشتنەکە ئاگادار کردووەتەوە لە ناویاندا کۆنگرێسیش، کە ئەمەش جیاوازە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی عەرەبستانی سعوودیا کە گوایە شازادە محەممەد ئاگای لێ نەبووە.
ڕاپۆرتەکەی CIA، کە سەرەتا لەلایەن ڕۆژنامەی واشنتن پۆستەوە بڵاو کرایەوە، بۆ یەکەم جار فەرمانڕانی سعوودیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە کوشتنی خاشقچی تاوانبار دەکرێت.
VOA




