٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

گوتاری پارتی لە کۆنگرەی دەیەمی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەیەمین کۆنگرەی گشتیی ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتیی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا (The International Conference of the Asian Political Parties-ICAPP)، کە لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە ٢٦/١٠/٢٠١٨ لە مۆسکۆ خوێندرایەوە.

 

بەڕێز سەرۆکی کۆنگرە

 

شاندانی قەدرگران بۆ دەیەم کۆنگرەی گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا (ICAPP)

مایەی سەربەرزیمە کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەم و نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم لەم کۆنگرە گشتییە گرنگەی (ICAPP)دا. لێرەدا پەیامی پشتگیریی سەرۆک بارزانی لە کوردستانەوە دەگەیەنمە ئێوەی بەڕێز و بە ناوی بەڕێزیانەوە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکاتان دەخوازم.

جێگەی شانازییە بۆ پارتی ئێمە کە لەسەر ئەم پلاتفۆڕمە لەگەڵ چەندین پارتی سیاسیی گرنگی ئاسیا کۆ ببێتەوە و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە سوود لە ئەزموون و شارەزاییی حکوومەتەکانیان و کۆمەڵگاکانیان وەربگرێت.

هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە کۆماری عێراقی فیدراڵی هەر لە بەفەرمیناسینییەوە وەک هەرێمێکی یاسایی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە برەودان بە ئاشتی و بڵاوکردنەوەی کەلتووری فرەئایینی و فرەنەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆیی و تێرۆریزم لە هەرێمی کاردستان و عێراق و ناوچەکەشدا. هەرێمی کوردستان لە ماوەی سیانزدە ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای تەحەداکان، توانیویەتی سەقامگیریی ئاسایش و سیاسیی بەردەوام لە کوردستان دابین بکات و بەشدارییەکی کاراشی لەسەر ئاستی عێراق کردووە لەم ڕووەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە ئازاکانمان بە هاوکاریی نزیکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی گەورەیان لە تێشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامیدا بینیوە و ئەو ڕۆڵەش جێگەی پێزانینی هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. هەرێمی کوردستان دەرگای بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردەوە لە عێراق و سووریا و ژمارەیەکی زۆر لەمانە هیشتا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان لەبەر نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

بەڕێزان

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتووی ئەنجام دا کە لە ٪٧٦ی خەڵکی کوردستان تێیدا بەشدار بوون و ٪٩٣ لەوانە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. هەرچەندە ڕیفراندۆمەکە لە چوارچێوەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و چارتەری نەتەوەیەکگرتوەکاندا بوو، لەگەڵ ناوەرۆکی دەستووری عێراقیش ناکۆک نەبوو، بەڵام کاردانەوەی حکوومەتی بەغدا زاڵمانە و بێبەزەییانە بوو. پشتئەستوور بە نەبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ ڕیفراندۆم و دژایەتیی وڵاتانی دراوسێ، بەغدا هەموو داوایەکی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانە ڕەت کردەوە و هەنگاوی نائاسایی نا بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی ئابڵوقەی ئابووری و پەلاماری سەربازییەوە.

دوای ئەوە بەغدا و هەولێر هەوڵیان داوە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و پلان بۆ هەماهەنگی و هاوکاری دابنێن. هەرچەندە هەندێک پێشکەوتن هاتۆووەتەدی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام پێشکەوتنی گەورە لە باشترکردنی پەیوەندییەکان و دامەزراندنی شەراکەتی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی گشتگیرییانەی دەستووری فیدراڵی هێشتا ماوە ئەنجام بدرێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پارتی ئێمە بەشداریی لە دوو هەڵبژاردندا کردووە لەسەر ئاستی فیدراڵی و لەسەر ئاستی هەرێم و لە هەردوکیاندا لەسەر ئاستی کوردستان یەکەم بوو. لە هەڵبژاردنی عێراقدا پارتی  ٢٥ کورسی و لە هەڵبژاردنی کوردستان ٤٥ کورسیی بەدەست هێناوە. ئێستاش لەسەر هەردوو ئاستی عێراق و هەرێم لە گفتوگۆداین لە گەڵ بلۆک و پارتەکانی تر بۆ پێکهێنانی حکوومەت. لە حکوومەتی فیدراڵی پۆستی سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەندین وەزارەت دروان بە کورد، بەڵام داواکاریی ڕاستەقینەی ئێمە وەرگرتنی پۆست نییە لە بەغدا، بەڵکو پابەندبوونی بەغدایە بە پرینسیپەکانی شەراکەت و تەوافوق و تەوازون لە دابەشکردنی پۆستە گرنگەکانی وڵاتدا. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و دابینکردنی بودجە بۆ پێشمەرگە و ئەنجامدانی ئامارێکی شەفاف و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور تەنیا بەشێکن لەو کێشانەی ماون و چارەسەر نەکراون.

 

ئامادەبوانی بەڕێز

هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا  بە قۆناخێکی سەخت و زەحمەتدا تێپەڕی بە هۆی جەنگی دژی داعش و پەناهێنانی نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارە و قەیرانی ئابووری و دارایی بە هۆی بڕینی بوودجەی هەرێم لە لایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  بوون. کاردانەوە دڵڕەقانە و بێپاساوەکەی بەغدا بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەرێمی خستە دۆخێکی ناهەموار و نەخوازراوەوە. حکوومەتی هەرێم بە پاڵپشتیی خەڵکی کوردستان و بە هاوکاریی دۆستەکانمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی توانی ئەو دۆخە بگۆڕێ و زەمینەی قۆناخی داهاتووی پەرەپێدان و خۆشگوزەرانی دابمەزرێنێت. بە کەمبوونەوەی خەرجییەکانی جەنگ دژی داعش و کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران و چاکسازییە داراییەکان کە حکوومەت ئەنجامیان دەدات و زیادبوونی نرخی نەوت، هەرێمی کوردستان بەرەو ئایندەیەکی ڕووناک هەنگاو دەنێت.

بەشداربووانی هێژا

ئەو دەسکەوتانەی گەلی کوردستانی عێراق لە ماوەی ٧٢ ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناون بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ باوەڕ و پرێنسیپ و خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان. پارتی هەمیشە بڕوای بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەم بەشەی کوردستاندا هەبووە کە لە گەڵ پرێنسیپ و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا یەک دەگرێتەوە کە لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا ئاماژەی پێ دراوە و سەرکردایەتیکردنی پارتیش بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولدا دەربڕینێکی ڕاستەوخۆی ئەو بڕوایە بوو. پارتی هەر لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە تا ئێستا بڕوای بە کۆمەڵگای سێکیولەر و سیستەمی سیاسیی پلورالیزم هەبووە. لە پرۆگرامی پارتەکەماندا ڕاستەوخۆ و بە ڕوونی سیاسەت و پرێنسیپەکانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکەماندا جێگیر کراوە. پارتی بە درێژاییی ماوەی خەباتی خۆی هەرگیز پەنای نەبردووەتە بەر تێرۆریزم بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی.

دەربارەی ئایین لە هەرێمی کوردستاندا، بەشی ٢١ی پرۆگرامی پارتیمان دەڵێت: "ئایین یەکێکە لە سەرەکیترین پایەکانی ژیان و گرنگە بۆ ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ژیانی مرۆڤ. پارتی پشتگیریی برەوپێدانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئازدیی باوەڕە ئایینییەکان دەکات.: ماددەی ١٤ ی پرۆگرامی پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە یەکێک لە ئامانجە نیشتمانییەکانی پارتی بریتییە لە "زامنکردنی مافە نەتەوەیی و کەلتووری و ئێدارییەکانی تورکمان و کلدانی و ئاسووری و سریاک و ئەرمەنییەکانی کوردستان". ماددەی ١٥ ی هەمان پرۆگرام جەخت لە سەر پابەندبوونی پارتی دەکاتەوە "لەسەر دابینکردنی مافەکانی هەموو کۆمەڵگا ئایینییەکان بۆ ئەوەی بتوانن نەریتە ئایینییەکانیان پەیڕەو بکەن و چوارچێوەی گونجاو دابمەزرێنن بۆ ڕێکخستن و باشترکردنی کەڵتوور و کاروباری کۆمەڵایەتییان لە ناو هەرێمی کوردستان دا."

حەز دەکەم لە کۆتاییی وتەکانمدا سوپاس و  پێزانینی خۆم ئاراستەی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە و ڕووسیای فیدراڵی وەک وڵاتی پێشوازیکار و پارتی ڕوسیای یەکگرتوو وەک پارتی پێشوازیکار بکەم. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و ڕووسیای فیدراڵی بەرز دەنرخێنن، بە تایبەتی ڕۆڵی کومپانیاکانی ڕووسیا لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی هەرێم لە کەرتی نەوت و گاز و پەرەپێدانی ئابووریدا.

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار