کاروانێکی گەورەی ئاوی خواردنەوە گەیەندرایە بەسڕە

بەسڕە-KDP.info- ڕەواج حاجی دەڵێت: '' کاتێک بارزانی نەمر دوای ١٢ ساڵ لە سۆڤییەت گەڕایەوە لە بەسڕە پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا، بۆیە ئێمە لە بەرانبەر خەڵکی بەسڕەدا هەستێکی جودامان هەیە''

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پرۆژەیەکی کەموێنەدا زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار بوتڵە ئاوی خواردنەوەی گەیاندە پارێزگای بەسڕە کە بە هۆی پیسبوونی ئاوەوە تووشی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە.
دوای ئەوەی ڕێکەوتی ٢٩/٨/٢٠١٨ تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەرەو پارێزگای بەسڕە بەڕێ کەوت، ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٣٠/٨/٢٠١٨، گەیشتنە پارێزگاکە و ١٠٠ هەزار سێت ئاوی خواردنەوەیان، کە دەکاتە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار بوتڵە ئاو، بەسەر دانیشتوانی پارێزگای بەسڕەدا دابەش کرد.

لە پارێزگای بەسڕەدا ئاوی خواردنەوە بە هۆی وەرزی گەرما و کەمبوونەوەی ئاستی ڕووبارەکان کەمی کردووە و لە هەندێ شوێن پیس بووە کە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت. بەو هۆیەوە بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە تووشی نەخۆشی بوونە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو کاتێک ئامادەیە کە هاوکارییەکانی بگەیەنێتە هەر ناوچەیەک کە پێویست بکات. ڕەواج حاجی، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و توێژینەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم بارەیەوە لێدوانی دا و گوتی: "ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی نێودەوڵەتییە و پێویست دەکات لە کارەساتە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەیی هەبێت بۆ چارەکردنی قەیران و کێشەکان."

لەبارەی ڕەوشی پارێزگای بەسڕەوە بەڕێزیان وەهای گوت: "دوای ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئاگادار بووینەوە کە ئەو کارەساتە لە پارێزگای بەسڕە ڕووی داوە و دوای ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە سەرچاوە مرۆییەکانەوە بەدەستمان گەیشت، ئێمە ئاگادار بووین کە ڕەوشی شارەکە بەرە و خراپی دەڕوات و خەڵکەکە ئاوی پاکیان بەدەست ناگات، ئەمەش وای کردووە بە هەزاران کەس وەکوو باس دەکرێت زیاتر لە ١٥ هەزار کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. بۆیە بڕیارمان دا کە هاوکارییەکانمان بۆ ئەو پارێزگایە دابین بکەین. لە ڕوویەکی دیکەشەوە بەسڕە بۆ ئێمە یادگارییەکی گەورەی بارزانی نەمری تێدایە، کاتێک بارزانی نەمر دوای ١٢ ساڵ لە سۆڤییەت گەڕایەوە لە بەسڕە پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا، ئەمە وای کردووە کە ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەرانبەر بەسڕەدا هەستێکی جودامان هەبێت."


_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
