٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

ڕێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ پشتیوانیی خۆی بۆ گەل و حكوومەتی هەرێم دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

ڤیەننا-KDP.info- لە دواین كۆبوونەوەیدا ئەنجومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە بارەگای نەتەوەیەكگرتوەكان لە ڤیەننا, لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارێكی پەسەند كرد. هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی درەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان, بە نوێنەرایەتیی پارتی بەشداریی كرد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ و وتارێكی پێشكەش كرد و داوای پشتیوانی لە سەرۆكایەتی و ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە كرد بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دەقی وەرگێڕدراوی  بڕیارەی ئەنجومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ

"ڕێكخراوەی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ پشتگیریی خۆی بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دوپات دەكاتەوە و داوا دەكات هەموو كێشە هەڵواسراوەكانی نیوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق بە ئاشتیانە و لە ڕێگای گفتوگۆوە چارە بكرێن. ئێمە داوا لە پارتە سیاسییەكانی عێراق و حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكەین، هەموو ئامادەكاری و ڕێكخستنێك بكەن كە حكوومەتی داهاتوی فیدراڵ ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی عێراق بێت بە بەشداریی كورد لەسەر بنەمای هاوبەشی, ڕێكکەوتن و هاوسەنگی. ئێمە داوا لە هەردوو حكوومەتی بەغداد و هەولێر دەكەین كە ناوچە جێناكۆكەكان بە هاوبەشی بەڕێوە ببەن و كاری هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە. پێویستە كاری هاوبەش بكەن بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونەوەی گرووپی توندڕۆی وەكو داعش و هاوشێوەكانی, نابێ ڕێگا بدرێت ناكۆكییەكانی پاش ڕیفراندۆم ببێتە دەرفەت بۆ خۆڕێكخستنەوەی ئەو گرووپانە. داوا دەكەین مافی گەلی كوردستان و هەموو پێكهاتە نەتەوەی و ئایینییەكانی ئەو ناوچانە بپارێزرێت".

ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ پاش ئەو گوتار و داخوازیەی پارتی دیموكراتی كوردستان هات, كە لە لایەن هۆشیاری سیوەیلییەوە پێشكەش كرا و تیدا دووپاتی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە تەنیا ڕێگە بۆ پاراستنی یەكێتیی عێراق و كردنی عێراق بە وڵاتی هەمووان، لە ڕێگەی جێبەجێكردنی دەستوورەوە دەبێت. ئەمە هەڵوێستی ئێمە بووە بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم و لە داهاتووشدا هەر ئەمە هەڵوێستی ئێمە دەبێت. سەرۆكی ئێمە، مەسعوود بارزانی، چەندین جار ڕایگەیاندووە كە بۆ ئەوەی لە عێراقدا كۆمەڵگایەك دروست بكەین بتوانێت هەموو پێكهاتەكان لە خۆ بگرێت، پێویستە سیستەمی سیاسی و دادوەری و حوكمڕانی لەسەر سێ پایەی گرنگ دابمەزرێت، كە بریتین لە شەراكەت و تەوافوق و تەوازون. نەبوونی ئەم سێ بنەما گرینگە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی ئەوەی گەلی كورد لە مافە نەتەوەیی و سیاسی و كەلتوورییەكانی بێبەش بكرێت و عێراقیش تووشی توندوتیژی و جەنگ و وێرانكاری ببێت. دەستووری فیدراڵی ئەم سێ پرەنسیپە گرینگە لە خۆی دەگرێت، هەربۆیە گەلی كوردستان ساڵی ٢٠٠٥ بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی كرد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار