پارتی لە مەراسیمی ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعیدا بەشداریی کرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە هەولێر عەلی حوسێن، بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی بە نوێنەرایەتیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەراسیمی ٢٥ ساڵەی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی و ساڵیادی كۆچی دواییی سەركردەی کۆچکردوو، عەزیز محەمەد بەشدار بوو.
حزبی شیوعی لە مەراسیمێکدا ٢٥ ساڵەی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی و ساڵیادی كۆچی دواییی سەركردەی ڕۆژانی سەخت و تێكۆشان، هاوڕێ عەزیز محەمەدی لە هەولێر کردەوە.
لە مەراسیمەكەدا عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی بە نوێنەرایەتیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی و د. کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی و هاوڕێ كەریم ئەحمەد، سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و دامەزراوەگەلی فەرمی و نوێنەری کونسووڵخانەی وڵاتان لە كوردستان و كەسایەتیی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی و ژمارەیەكی بەرچاو لە جەماوەروی حزبی شیوعی بەشدار بوون.
مەراسیمەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی كوردستان و مارشی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ كرد، پاشان د. كاوە مەحموود، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی، پەیامی حزبەکەی پێشكەش كرد و، تێیدا هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی نیشتمانی و ئابووری و سیاسی و ڕێكخراوەییی حزبەکەی باس کرد، کە حزبی شیوعی و سیاسەتەكەی، ڕۆڵ و كاریگەریی هاوڕێ عەزیز محەمەد لەسەر داڕشتنی هەموو ئەو سیاسەتانە لەبیر ناکات و بەردەوام دەبێت.
هاوکات لە مەراسیمەکەدا پەیامی سەرۆک مەسعوود بارزانی خوێندرایەوە، كە تێیدا تێكۆشانی حزبی شیوعی و هەڵوێستە نیشتمانی و سیاسییەکانی لە بارودۆخە جیاواز و قەیراناوییەكاندا و ڕۆڵ و کاریگەریی تێکۆشەری گەلەکەمان (خوا لێی خۆش بێت) عەزیز محەمەدی لە نێو شۆڕش و بزاڤی گەلەکەماندا بەرز نرخاند.
دواتر فیلمێكی دیكۆمێنتاری لە وتەكانی هاوڕێ عەزیز محەمەدی كۆچكردوو پێشان درا.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
