قوتابخانەیەكی تایبەت بە فێربوونی كۆمپیوتەر بۆ ئاوارە و پەنابەران دەکرێتەوە
__2018_06_26_h16m6s26__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ڕێکخراوێکی ئەڵمانی بە هاوکاریی دەزگای بارزانی کردنەوەی قوتابخانەیەکی بۆ فێربوونی کۆمپیوتەر بۆ ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان ڕاگەیاند، کە بەمزووانە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ ٢٦/٦/٢٠١٨ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و فرانك فرانكێ، سەرۆكی ڕێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی و گرووپی ڕێكخراوەكە و بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، پرێس كۆنفرانسێك لەبارەی گەیشتنی كاروانێكی گەورەی هاوكاریی ڕێكخراوە ئەڵمانییەكە ڕێك خرا، كە خۆی لە دابینكردنی (٥٤) پالێت لە پیسكیتی پرۆتین و دایبی و شیری وشك بۆ منداڵان و (٢٠) كۆمپیوتەر دەبینێتەوە، كە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەر منداڵانی ئاوارە و پەنابەری هەرێمی كوردستانی عێراقدا دابەشی دەكەن، هاوكات مژدەی كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەت بە فێربوونی كۆمپیوتەر بۆ ئاوارە و پەنابەرانیان ڕاگەیاند.
لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر پاش بەخێرهێنانی ڕێكخراوەكە، وتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی ڕێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی كرد، كە بەردەوام كۆمەك و هاوكارییەكانیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەن و هیوای سەركەوتن و كاری گەورەتری بۆ خواستن، هەروەها ئاماژەی بەوە دا، كە لە كوردستاندا ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەر دەژین كە ئەمەش وا دەكات ڕێكخراوە جیهانییەكان بە گوڕ و تینێكی زۆرترەوە بێنە مەیدان و خزمەتی ئەو چینوتوێژانە بكەن كە لە ناو كەمپەكاندا ژیان دەگوزەرێنن.
لە لایەكی دیكە، فرانك فرانكێ، سەرۆكی ڕێكخراویWings of Help ی ئەڵمانی لەبارەی كاروانی هاوكارییەكانی وتەیەكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، بۆ حەوتەمین جارە سەردانی كوردستان دەكات و بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناو كەمپی ئاوارە و پەنابەراندا كاری كردووە و بەردەوامیش دەبن لە گەیاندنی هاوكارییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها لە تەوەرێكی تری لێدوانە ڕۆژنامەوانیەكەیدا سەرۆكی ڕێكخراوی ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، كە ئەوان بە پاڵپشتیی حكوومەت و كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا ئەم هاوكارییانە ڕەوانەی كوردستان دەكەن و بەشێكی زۆری كارەكانیان خۆی لە خزمەتكردنی منداڵانی ئاوارە و پەنابەردا دەبینێتەوە، چونكە بە بڕوای ئەو منداڵان نەوەی داهاتووی جیهانن و پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتیدانی زیاترە.
لە درێژەی پرێس كۆنفرانسەكەدا، فرانك فرانكێ ڕایگەیاند، جگە لە گەیاندنی هاوكارییەكانیان، هاوكات لە ئاییندەیەكی نزیكدا گەورەترین قوتابخانەی كۆمپیوتەر لەسەر ئاستی جیهان لە ناو كەمپی ئاوارە و پەنابەران دروست دەكەن، كە ئەمەش مژدەیەكی دڵخۆشكەر دەبێت بۆ ئاوارە و پەنابەران تاکو لە ژینگەی نێو كەمپەكاندا فێری زانستی نوێ و پرۆژە و دۆزینەوەی هەلی كار بن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاییندەدا پشت بە خۆیان ببەستن. لە كۆتاییی پرێس كۆنفرانسەكەدا خەڵاتی تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی ڕێكخراویWings of Help ی ئەڵمانی كرا.
شایانی باسە ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی ڕێكخراویWings of Help ی ئەڵمانی کە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی خاوەن پێداویستیانی تایبەت و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەكرێت، بریتین لە (پیسكیتی پرۆتینی منداڵان (٢٧ پالێت)، دایبی كەمئەندامان (١٥پالێت) و شیری وشك (١٢پالێت) و (٢٠) كۆمپیوتەری لاپتۆپ بۆ دوو سەنتەر لە كەمپەكانی خازر و حەسەنشام.
لە چالاکییەکی دیکەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی خۆراکی و تەندروستیی گەیاندە ٢٠٠ خێزانی کەرکووک کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، کەرکووکیان جێ هێشتووە و هەتا ئێستا لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر ئاوارەبوونی کوردانی کەرکووک و دەوروبەریدا بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، بەشێکی زۆری خێزانەکان هێشتا لە پارێزگای هەولێر ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٥/٦/٢٠١٨ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٢٠٠ خێزانی کەرکووکیان لە پارێزگای هەولێر بەسەر کردەوە و پێداویستیی خۆراکی و تەندرووستییان پێشکەش کردن. لەم پرۆژە خێرخوازییەی دەزگادا زیاتر لە ١٠٠٠ کەس سودمەند بوون.
جێگای ئاماژەیە لە یەکەم ڕۆژی هاتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کەرکووک بۆ هەولێر دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەدەمییانەوە ڕۆیشتووە و پێداویستییە هەرە گرنگەکانی لە سەرەتادا بۆ دابین کردوون و پاشان لە ڕێگەی ناونووسینیانەوە، بە میکانزیمێکی ڕێکوپێک هاوکارییەکانیان پێشکەش کراوە.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
