٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

شاندێکی پارتی سەردانی پەرلەمانی سوێدی کرد

سەرچاوە: KDP.info

سوێد -KDP.info- شاندی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سوێد و لە پەرلەمانی سوێد بە جیا لە لایەن پارتی سۆسیال‌ دیموکراتی فەرمانڕەوا و پارتی چەپ و مۆدێراتەکانەوە پێشوازی لە شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا.

لەسەر بانگهێشتی پارتی سۆسیال دیموکراتی فەرمانڕەوای سوێد، شاندیکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی وڵاتی شاهانەی سوێدی کرد، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا بۆ دیدار و کۆبۆنەوەی سیاسی لە تەلاری پەرلەمانی سوێددا لە لایەن پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدەوە پێشوازییان لێ کرا. لەو دیدارەدا هەریەک لە خاتوو ئێڤین ئینجە، جێگری بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدی و سەرکان کۆسە، ئەندامی پەرلەمانی سوێد لە فراکسیۆنی پارتی سۆسیال دیموکراتی فەرمانڕەوا و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەرەی پەرلەمان و ئەندامی چەند کۆمیتەیەکی تری پەرلەمانی سوید ئامادە بوون.

سەرەتا هۆشیار سیوەیلی، سوپاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدی دۆستی کرد بۆ بانگهێشتکردنی شاندی پارتی و گرنگیدانیان بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تایبەتی و هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بە گشتی. گرنگیدانی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدی بە ئاشتی ناوخۆیی و دیالۆگی سیاسیی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا و ناردنی شاند بۆ هەرێم و پشتگیری و پاڵپشتیی بەردەوامیان لە پێشکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێم بەرز نرخێندرا و هەردوو لا ڕایانگەیاند، کە پەیوەندییەکانی نێوانیان فراوانتر دەکەن و دیدار و سەردان و ئاڵوگۆڕی شاند لە نێوانیان بەردەوام دەبێت و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی شاندێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدی بانگهێشت کرد بۆ هەرێمی کوردستان .

ئێستا ڕەوەندی کوردستانی لە سوێد خاوەن پێگەیەکی بەهێزن لەو وڵاتە و بەتایبەتی لە نێو پەرلەماندا کە تەنیا لە نێو پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەم وڵاتەدا چوار پەرلەمانتاری کورد هەیە و لە نێو پەرلەمانتارانی پارتەکانی وەکو چەپ و ژینگەدا هەروا پەرلەمانتاری تریش هەن. پارتی سۆسیال دیمۆکراتی سوێدی پیرۆزباییی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد، کە پارتی بە پلەی یەکەم لە هەرێمی کوردستان و پێگەیەکی بەهێزتریشی لە نێو لایەنە براوەکانی پەرلەمانی عێراقدا مسۆگەر کردووە و دۆخی هەرێمی کوردستانی دوای داعش، دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆم، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا بە بەهێزی مایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین پارت لە ئاستی هەرێمدا مایەوە.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ٣٠ی سێپتەمبەردا لە کوردستان و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوێد لە ٩/٩/٢٠١٨دا تەوەری سەرەکیی گفتۆگۆی نێوان هەردوو لا بوو. هەردوو لایەن جەختیان لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی نێوان هەردوو لا کردەوە .

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەنتەری ناونەتەوەییی ئۆڵۆف پالمێ و چەندین دامەزراوە و لایەنی تری سوێددا کۆ بووەوە و سەردانی فەرمیی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی سوێد، ستێفان لۆڤێن و وەزیری دەرەوە، مارگۆت ڤاڵسترۆم و وەزیری بەرگری وناوخۆیی و وەزیرانی تر و شاندە دیپلۆماسییەکانی تر بۆ هەرێمی کوردستان بەڵگەی زیندوو و بەهێزن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی شاهانەی سوێددا.                                           

لە درێژەی سەردانەکەیدا شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکان لە تەلاری پەرلەمانی سوێد لەگەڵ پارتی مۆدێراتی سوێد، کە دووەمین گەورەپارتی سوێدی نێو پەرلەمانە کۆ بووەوە و لە لایەن خاتوو مارگارێتا سێدێرفێڵد، پێشوازی کران، کە جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی مۆدێراتی سوێدی و ئەندامی پەرلەمانە. لە دیدارێکی سیاسیدا هەردوو لا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی مۆدێراتی سوێدیان تاوتوێ کرد و بە گرنگییەوە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی شاهانەی سوێدیان کرد و پێشبینی و تێڕوانینیان لەسەر دوائەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا گرنگترین تەوەری گفتۆگۆی نێوانیان بوو. پارتی مۆدێراتی سوێدیپیرۆزباییی سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. بەڕێزیان جەختی کردەوە کە نابێ کاریگەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان نادیدە بگیرێت. هەردوو لا چەندین پرسی تری جێی بایەخی هەردوو هەرولا و بەتایبەتی لەسەر گۆڕانکاری و ڕەهەندەکانی دوای تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و پەنابردنی حکوومەتی ناوەندی بۆ هێزی سەربازی بۆ یەکلاییکردنەوەی كێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیان خستە بەرباس.

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە تێروانینی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەردەوامبوونی دیالۆگی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەندە بە ڕێزگرتن و جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە. ئەنجامدانی ڕێفۆرم و گۆڕانکاری و چاکسازی لە شێوازی ئیدارەدانی حکوومەت و نەهێشتنی گەندەڵی و هێنانەدیی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و ئاشتی ناوخۆیی بۆ گەلانی عێراق..                          

 

لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنی سیاسیی شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت، لە لایەن هەریەک لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سوێدی، خاتوو لۆتتا یۆهنسن فۆرنارڤێ، ئەندامی کۆمیتەی بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەورووپای پارتی چەپی سوێدی و خاتوو یاسمینێ پۆسیۆ نیلسۆن، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتی چەپ لە پەرلەمانی سوێد و مایکل ڤۆن بە ناوی پارتی چەپی سوێدییەوە لە نێو تەلاری پەرلەمانی سوێددا بە گەرمی پێشوازییان لە شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. ئەندامانی پەرلەمانی سوێد ڕایانگەیاند، کە لە ساڵانی (٧٠)ی سەدەی ڕابردووەوە لە نێو پارتی چەپی سوێددا پشتگیری و هاوسۆزی و ئاشناییان هەبووە لەگەڵ گەلی کورد و شۆڕشە ڕزگاریخوازە نیشتمانییەکەی لە پێناو ئازادی و گەیشتن بە سەربەخۆییدا و بە هۆی باوەڕییان بە مافی ئاوارە و پەنابەران و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆڤ و دیمۆکراسی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکانی ژێردەست هەر بۆیە ژمارەیەکی بەرچاو لە کورد و نەتەوەکانی تر لەگەڵ پارتی چەپی سوێددا کار دەکەن و خۆیان پێگەیاندووە و و ژینگەی سیاسیی سوێدیان هەڵبژاردووە بۆ چاڵاکی سیاسییان. هەربۆیە لە ساڵانی ڕابردوو و لە بارودۆخی جیاوازدا پارتی چەپی سوێدی بەردەوام پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردووە لە نێو پەرلەمانی سوێددا .

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی و هاوسۆزیی پارتی چەپی سوێدی و سەرکردە دیارەکانی پارتی ناوبراوی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی سیاسەت و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی پارتی چەپی سوێدی کرد لە داکۆکیکردن لە مافی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی و ڕایگەیاند، نەتەوەی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی لە ڕابردوودا پەنای بۆ خەباتی چەکداری بردووە لە پێناو مانەوە و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیدا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک کۆنترین پارتی سەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان لە پێناوی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری و پێکەوەژیان و ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دیموکراتی لە کوردستاندا تێکۆشاوە و تا بە ئەمڕۆش وەک هێزێکی سەرەکی و کاریگەر بەردەوامی بەو پرەنسیپانە دەدات، کە لە پێناویاندا دامەزراوە و جیهانی ئازاد و شارستانی بڕوایان پێی هەیە.

 

سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد کراوە و دەکرێت لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، گەلی کوردستان گرفتی لەگەڵ دەستووردا نەبووە، بەڵکو گرفتمان لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و پێشێڵکردنی سەرەتاییترین مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی هەبووە لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە. سەرەڕای تیکشکاندنی مەترسیدارترین ڕیکخراوی تیرۆریستیی جیهانی لە لایەن گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، عێراق بەردەوام بووە لە پێشێڵکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و چەندین هۆکار و فاکتەری تر، هەر بۆیە خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسییان دا لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ و دواتریش ڕەهەندەکانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون بە هۆی ئەوەی حکوومەتی ناوەندی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەنا بباتە بەر پەلاماری سەربازی، هەربۆیە هەرێمی کوردستانیش بۆ گەیشتن بە مافە دەستوورییەکانی و مانەوە و گەشەپێدان و سەرکەوتنی ئەزموونی دیموکراتی لە ناوچەکەدا بڕیاری بەرگری دا. داوا لە کۆمەڵگای سوێدی و نێودەوڵەتی دەکەین کە گوشار بخەنە سەر حکوومەتی بەغدا تاکو ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتییانە بگرێتە بەر و لە چوارچێوەی دەستووردا هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. پارتە سیاسییەکانی سوێد دووبارە پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشان دا و ڕایانگەیاند، خوازیارن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دامەزراوەکانی تری هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار